گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاری زیاتر

ژنێکی تەمەن 95 ساڵ تۆمەتبارە بە بەشداریکردن لە کوشتنی 10 هەزار کەس

2021.02.07 - 15:38
App store icon Play store icon Play store icon
ژنێکی تەمەن 95 ساڵ تۆمەتبارە بە بەشداریکردن لە کوشتنی 10 هەزار کەس

ناس کورد-

داواکاری گشتیی ئەڵمانیا ژنێکی تەمەن 95 ساڵی تۆمەتبارکرد بە تاوانی بەشداریکردن لە کوشتنی زیاتر لە 10 هەزار کەس لە کەمپێکی سەربازییدا لە کاتی جەنگی دووەمی جیهانیدا.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئاژانسی فرانس پرێس (یەکشەممە 7ی شوباتی 2021) هەواڵەکەی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، نوسینگەی داواکاری گشتیی لە شارۆچکەی ئیتزیۆ لە باکوری ڕۆژئاوای شاری هامبورگ ناسنامەی ئەو ژنەی ئاشکرانەکردووە بەڵام ئەوەی خستووەتەڕوو کە ئەوکات وەک سکرتێر کاری کردووە و ئێستا تەمەنی 95 ساڵە.

 

پیتەر مولەر، داواکاری گشتی لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاندووە، ئەو ژنە هاوکاری ئەو کەسانەی کردووە کە لە کەمپی "شتۆتهۆف"دا کوشتنی سیستماتیکیی جولەکە و یاخیبوانی پۆڵەندی و زیندانیانی ڕووسیان ئەنجامداوە.

 

کەمپی شتۆتهۆف، لە ساڵی 1939 لە ناوچەی دانسکی کەناراوەکانی پۆڵەندا دامەزرا، کە ژووری گازی بۆ لە ناوبردنی زیندانییەکان بەکار دەهێنرا.

 

بەگوێرەی فرانس پرێس، هەروەها ئەو ژنە 95 ساڵەیە هاوکار بووە لە هەوڵدان بۆ کوشتنی دەیان هەزار کەس بەشێوەی دڕندانە کە دواتر ڕزگاریان بووە.

 

بەگوێرەی میدیا ناوخۆییەکانی ئەڵمانیا، ئەو ژنە کە بە "F Irmgard" ناسراوە، لە ساڵی 2016ەوە لەژێر چاودێریدایە.

 

ئەو ژنە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕادیۆی "ئێن دی ئاڕ" ڕایگەیاندووە، "من ئاگاداری ژەهرخواردکردنی بەکۆمەڵ یان کردەوەکانی تری کۆمەڵکوژی نەبووم کە لە کامپەکەدا ئەنجام بدرێت، بەڵام وامدەزانی هەرکەسێک کە لە کەمپەکە لەسێدارە دەدرێت کارێکی کردووە کە شایەنی ئەو سزایەیە."

 

سەرەڕای گەورەیی تەمەنی تۆمەتبارەکە، بەڵام کەیسەکە لەلایەن دادگای نەوجەوانانەوە لێکۆڵینەوەی تێدا دەکرێت، چونکە ئەوکاتەی لەو کەمپەدا کاری کردووە تەمەنی لە تەمەنی خوار 21 ساڵەوە بووە.