ناس کورد-
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، چەند رێنماییهكی نوێ و تایبەت بە رێکخستنی کاری کۆمپانیاکانی هاوردەکردن و گواستنەوە و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل و پێشانگاکانی ئۆتۆمبێل دەرکردووە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەشی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی (یەکشەممە 7ی شوباتی 2021) بڵاویکردەوە، " بە گوێرەی نوێترین رێنمایی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، مەرجەکانی پێدانی مۆڵەتی (هاوردەکردن یان گواستنەوە یان فرۆشتنی ئۆتۆمبێل) و پێشانگاکانی فرۆشتنی ئۆتۆمبێل رێکخەدەخرێنەوە و دەبێت کۆمپانیاکان مەرجی پێویستیان هەبێت بۆ ئەوەی کارەکانیان ئەنجام بدەن."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "لە رێنماییەکاندا هاتووە، دەبێت کۆمپانیای هاوردەکردن یان فرۆشتنی ئۆتۆمبێل، ئەو ئۆتۆمبێلەی هاوردەی کردووە، دوای تێپەڕبوونی 90 رۆژ لەسەر هێنانی ئۆتۆمبێلهكه بۆ ناو ههرێمی كوردستان، لەسەر ناوی کۆمپانیا تۆمار بکات، ئەگەر لەو ماوەیەدا نەفرۆشرا. ئەگەرنا دوای 90 رۆژەکە رۆژانە بڕی (70،000) دینار سزای دێتە سەر."
ئەوەشی خستووەتەڕوو، گرێبەستێکی ستانداردی فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لەلایەن وەزارەت بە زمانی (کوردی و عەرەبی) رێکدەخرێت، پێویستە کۆمپانیاکانی هاوردە و پێشانگاکان پێوەی پابەندبن، کە جگە لەو گرێبەستەی ئاماژەی پێدراوە، هیچ گرێبەستی دیکە لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ کاریان پێناکرێت."
ئەوەش هاتووە، سەرەڕای ئەوەش، سستەمێکی ئەلیکترۆنی بۆ فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لە ڕێگەی گرێبەستی ئەلیکترۆنی ستاندارد لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ رێکدەخرێت و لەسەر ماڵپەری (moi.gov.krd) بڵاودهكرێتهوه.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە رێنماییەکەی وەزارەتی ناوخۆدا چەندین مەرج بۆ نووسینگهی کۆمپانیا یاخود پێشانگەی فرۆشتنی ئۆتۆمبێل دیاریکراوە، کە پێویستە رووبەری پێشانگە لە (500م2) کەمتر نەبێت، کە (100م2) بۆ نووسینگهی کۆمپانیا و (400م2) بۆ نمایش تەرخان بکرێت، هەروەها کۆمپانیا بهشێكی تایبەتی بۆ ئەرشیفی بهڵگهی ئۆتۆمبێلە فرۆشراوەکان ئامادە بکات.