گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لیژنەی دارایی و مستەفا کازمی لەبارەى بودجەوە لەکۆبوونەوەدان

2021.02.07 - 10:02
App store icon Play store icon Play store icon
لیژنەی دارایی و مستەفا کازمی لەبارەى بودجەوە لەکۆبوونەوەدان

ناس کورد-

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەدایە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە

 

نوسینگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق لە ڕوونکردنەوەیەکدا کە کۆپییەکی دەستی "ناس کورد" کەوتووە (7ی شوباتی 2021) رایگەیاند، جگە لە کازمی، هەریەکە لە وەزیرانی دارایی، پلاندانان، نەوت، نیشتەجێکردن و ئاوەدانکردنەوە، شارەوانییەکان و ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی وەزیرانیش لە کۆبوونەوەکەدا ئامادەن.

 

شەوی ڕابردوو ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمان ڕایگەیاند، پڕۆژەیاسای بودجە پاش گۆڕانكارییەكان پیشانی سەرۆك وەزیران دەدرێتەوە بەر لە دەنگدانی كۆتایی لە پەرلەمان.

 

ئەحمەد سەفار لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا (6ی شوباتی 2021) ڕایگەیاند، گفتوگۆی زۆرینەی مادە و بەندەکانی پڕۆژەبودجەی 2021ی عێراق کۆتایی هاتووە و لەئێستادا تەنها پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە و دۆسیەی نەوت ماوەتەوە کە لە پڕۆژەکەدا جێگیر بکرێت.

 

بڕیارە ئەمڕۆ شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ درێژەدان بە گفتوگۆکان لەسەر پشکی هەرێم لە بودجە بگەڕێتەوە بەغدا و ئەندامێکی لیژنەی گفتوگۆی نێوان بەغدا و هەولێریش دەڵێت، کۆبوونەوەکانی ئەمجارەی شاندی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی پێدەچێت دوا درەفەت بێت بۆ ڕێککەوتنی هەردوولا و لەکاتی نەگەیشتن بە ڕێککەوتن، ئەگەری زۆرە بەبێ کورد بودجە تێبپەڕێنێت.

 

حەسەن شوێرد، ئەندامی لیژنەی گفتۆگۆی نێوان بەغدا و هەولێر کە لە (23ی تشرینی دووەمی 2020) بەفەرمانی محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عیراق، پێکهێنرا بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتى فیدڕاڵ و حکومەتى هەرێم (شەممە 6ی شوباتی 2021) بە" ناس کورد"ی ڕایگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بگەڕێنەوە بەغدا و گفتوگۆی پشکی هەرێمی لە بودجە دەستپێبکەنەوە.

 

وتیشی، دەبێت هەموو هەوڵەکان بخرێنەگەڕ بۆ ئەوەی بەغدا و هەولێر لەسەر کێشە هەڵپەسێردراوەکان و بودجە بگەن بە ڕێککەوتن و چارەسەرێکی مامناوەندی بۆ بدۆزرێتەوە.

 

شوێرد ئەوەشی خستەڕوو، "کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر ماوەی 17 ساڵە بوونی هەیە، ئێستا عێراق لە دۆخێکی هەستیاردایە و فشارێکی زۆری لەسەرە، بۆیە دەبێت کێشەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵی بە زووترین کات یەکلایی بکرێنەوە، زۆر ئەستەمە حکومەت لەوە زیاتر چاوەڕێ بکات، ئەگەری هەیە بودجەی 2021 بەبێ کورد لە پەرلەمانی عێراق تێپەڕبێت، چونکە کات نەماوە".