گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لەترسی بەكارهێنانی لە هەڵبژاردن

بودجەی ئەمساڵی عێراق كەمكرایەوە بۆ 100 ترلیۆن دینار

2021.02.07 - 00:32
App store icon Play store icon Play store icon
بودجەی ئەمساڵی عێراق كەمكرایەوە بۆ 100 ترلیۆن دینار

ناس نیوز_

ئەندامی هاوپەیمانێتی سائیرون سەلام شەممەری رایگەیاند بودجەی دارایی 2021 عێراق كەمكراوەتەوە بۆ 100 ترلیۆن دینار. 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

شەممەری لە لێدوانێكدا بۆ "ناس" (6 شوباتی 2021): رایگەیاند 146 ترلیۆن دینار بڕە پارەیەكی زۆر بوو، بەڵام دارایی پەرلەمان خەرجییە سیادی و حاكیمەكانی كەمكردەوە بۆ 100 ترلیۆن دینار، ئەمەش بەشی خەرجییەكانی وڵات دەكات.

بەقسەی شەممەری ئامانج لەم هەنگاوە ڕێگەگرتنە لە بەكارهێنانی بودجە بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن و بەكارهێنانی لە ڕێگەیتردا.

 

بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمان، ئەحمەد سەفار رایگەیاند، پڕۆژە یاسای بودجە پاش گۆڕانكارییەكان پیشانی سەرۆك وەزیران دەدرێتەوە بەر لە دەنگدانی كۆتایی لە پەرلەمان.    

  

ئەحمەد سەفار لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا (شەممە 6ی شوباتی 2021) ڕایگەیاند، سبەینێ یەکشەممە پڕۆژە یاسای بودجەی 2021ی عێراق پاش گۆڕانكارییەكان پیشانی سەرۆك وەزیران دەدرێتەوە بەر لە دەنگدانی كۆتایی لە پەرلەمان.  

  

گفتوگۆی زۆرینەی مادە و بەندەکانی پڕۆژەبودجەی 2021ی عێراق کۆتایی هاتووە و لەئێستادا تەنها پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە و دۆسیەی نەوت ماوەتەوە کە لە پڕۆژەکەدا جێگیر بکرێت.  

  

بڕیارە سبەینێ شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ درێژەدان بە گفتوگۆکان لەسەر پشکی هەرێم لە بودجە بگەڕێتەوە بەغدا و ئەندامێکی لیژنەی گفتوگۆی نێوان بەغدا و هەولێریش دەڵێت، کۆبوونەوەکانی ئەمجارەی شاندی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی پێدەچێت دوا درەفەت بێت بۆ ڕێککەوتنی هەردوولا و لەکاتی نەگەیشتن بە ڕێککەوتن، ئەگەری زۆرە بەبێ کورد بودجە تێبپەڕێنێت.