ناس کورد-
ڕۆژى شەممە 6ى شوباتى 2021 لە گوندی كۆجۆی سەربە قەزاى شنگال مەراسیمی ناشتنی 104 ڕوفاتی قوربانییەكانی دەستی داعش بەڕێوەچوو، داعش لەو گوندە کۆمەڵکوژى بەرامبەر پیاوان و کوڕان ئەنجامدا و ژنان و کچانیشى بەدیل گرت، ڕزگاربوویەکى ئەو ڕووداوە وردەکارى داگیرکاریەکە دەگێڕێتەوە و دەڵێت، سەرەتا داوایان لە پیاوەکان کرد کە ببن بە موسوڵمان.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
شریهان ناوى خوازراوى کچێکى ڕزگاربووى ڕووداوەکەیە و لە گفتوگۆیەکى ڕۆژنامەوانیدا (شەممە 6ى شوباتى 2021) وتویەتى، کاتژمێر 6:00ی سەرلەبەیانى ناوەڕاستى مانگى ئابى ساڵى 2014 بوو داعش هەڵیکوتایە سەر گوندەکە، لە خوێندنگەى گوندەکە کۆیان کردینە و سەرەتا داوایان لە پیاوان کرد کە ببن بە موسوڵمان و واز لە ئایینى ئێزدى بهێنن، بەڵام ئەوان ڕەتیانکردەوە.
هێماى بۆ ئەوەشکردووە، چەکدارەکانى داعش بە پیاوەکانیان وت کە دەتوانن لێیان خۆش ببن و بەهەمان شێوەى مەسیحیەکان مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن و لە ماڵەکانیان بمێننەوە بە مەرجێک سەرانە بدەن، پیاوەکان بەوە ڕازى بوون، بەڵام داعش بەڵێنەکەیان نەبردە سەر.
شریهان لە بەشێکى ترى گێڕانەوەکەیدا دەڵێت، "داعش بە زیاتر لە 200 ئۆتۆمبێل کە چەکى لەسەر بەسترابوو دەورى گوندەکەیاندا، ئەمیرەکەیان کە ناوى 'ئەبو هەمزە' بوو خەڵکەکەى کۆکردەوە و پیاوانى خستە نهۆمى سەرەوەى قوتابخانەکە و ژنانیش لە نهۆمى ژێرەوە، هەرچى پارە و ئاڵتون و ئامێرى مۆبایلە لێیان سەندین."
بەپێى گێڕانەوەکە، "چەکدارانى ڕێکخراوەکە پیاوەکانیان برد هەر 15 کەس و لە ئۆتۆمبێلێکدا و دواتر گوێمان لە دەنگى تەقەیەکى زۆر بوو، کاتێک دەستمان کرد بە گریان و پرسیارى تەقەکانمان کرد چەکدارەکان وتیان ئەوە دەنگى فڕۆکەکانە و لەو کاتەشدا دوو فڕۆکە بەسەر گوندەکەوە دەستوڕانەوە و لەوانەبوو کە گۆمەڵکوژى پیاوەکان وێنە بگرن، دواتریش ژنان و منداڵەکان بۆیان دەرکەوت کە پیاوەکانیان کوژراون ترسیان لێنیشت."
ئەو کچە ڕزگاربووە ئێزدیە ئەوەش دەگێڕێتەوە،" دواى کوشتنى پیاوان و گەنجەکان چەکدارانى داعش ژن و منداڵەکانیان کردە ئۆتۆمبێلەوە و گواستنیانەوە بۆ کۆمەڵگەى "سولاقا" و لەوێ لە خوێندنگەیەک دەستبەسەرکران، کاتێک سوارى ئۆتۆمبێلەکە بووم شۆفێرەکە جارێکى تر داواى لێکردم کە موسوڵمان ببم، بەڵام ڕەتمکردەوە."
ئەوەشى ئاشکراکردووە، لەناو خوێندنگەى سولاقا ژنان لە کچ و منداڵەکان جیاکرانەوە و دەستکرا بە فرۆشتنى ژنان و کچان.
شریهان تائێستا چارەنوسى کەسوکارەکەى نازانێت و دواى تێپەڕبونى 6 ساڵ بەسەر ئەو ڕووداوەدا هیواخوازە چارەنوسى خوشکەکانى هەروەها چارەنوسى باوکى و براکانى کە لە کوشتارگەکەى دێکەیان لەگەڵ نزیکەى 400 کەسى دیکە کوژران ئاشکرا ببێت.