گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پرۆژە یاسای بودجە دەگەڕێتەوە بۆ حكومەتی عێراق

2021.02.06 - 21:44
App store icon Play store icon Play store icon
پرۆژە یاسای بودجە دەگەڕێتەوە بۆ حكومەتی عێراق

بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمان، ئەحمەد سەفار رایگەیاند، پڕۆژە یاسای بودجە پاش گۆڕانكارییەكان پیشانی سەرۆك وەزیران دەدرێتەوە بەر لە دەنگدانی كۆتایی لە پەرلەمان.  

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەحمەد سەفار لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا (شەممە 6ی شوباتی 2021) ڕایگەیاند، سبەینێ یەکشەممە پڕۆژە یاسای بودجەی 2021ی عێراق پاش گۆڕانكارییەكان پیشانی سەرۆك وەزیران دەدرێتەوە بەر لە دەنگدانی كۆتایی لە پەرلەمان.

 

گفتوگۆی زۆرینەی مادە و بەندەکانی پڕۆژەبودجەی 2021ی عێراق کۆتایی هاتووە و لەئێستادا تەنها پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە و دۆسیەی نەوت ماوەتەوە کە لە پڕۆژەکەدا جێگیر بکرێت.

 

بڕیارە سبەینێ شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ درێژەدان بە گفتوگۆکان لەسەر پشکی هەرێم لە بودجە بگەڕێتەوە بەغدا و ئەندامێکی لیژنەی گفتوگۆی نێوان بەغدا و هەولێریش دەڵێت، کۆبوونەوەکانی ئەمجارەی شاندی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی پێدەچێت دوا درەفەت بێت بۆ ڕێککەوتنی هەردوولا و لەکاتی نەگەیشتن بە ڕێککەوتن، ئەگەری زۆرە بەبێ کورد بودجە تێبپەڕێنێت.  

 

حەسەن شوێرد، ئەندامی لیژنەی گفتۆگۆی نێوان بەغدا و هەولێر کە لە (23ی تشرینی دووەمی 2020) بەفەرمانی محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عیراق، پێکهێنرا بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتى فیدڕاڵ و حکومەتى هەرێم (شەممە 6ی شوباتی 2021) بە" ناس کورد"ی ڕایگەیاند، "بڕیارە سبەینێ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بگەڕێنەوە بەغدا و گفتوگۆی پشکی هەرێمی لە بودجە دەستپێبکەنەوە."   

  

وتیشی،  دەبێت هەموو هەوڵەکان بخرێنەگەڕ بۆ ئەوەی بەغدا و هەولێر لەسەر کێشە هەڵپەسێردراوەکان و بودجە بگەن بە ڕێککەوتن و چارەسەرێکی مامناوەندی بۆ بدۆزرێتەوە.  

  

شوێرد ئەوەشی خستەڕوو، "کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر ماوەی 17 ساڵە بوونی هەیە، ئێستا عێراق لە دۆخێکی هەستیاردایە و فشارێکی زۆری لەسەرە، بۆیە دەبێت کێشەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵی بە زووترین کات یەکلایی بکرێنەوە، زۆر ئەستەمە حکومەت لەوە زیاتر چاوەڕێ بکات، ئەگەری هەیە بودجەی 2021 بەبێ کورد لە پەرلەمانی عێراق تێپەڕبێت، چونکە کات نەماوە".  

  

"پێدەچێت سەردانەکەی سبەینێی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا دوا دەرفەت بێت بۆ گەیشتن بەڕێککەوتن" حەسن شوێرد وای وت.  

  

ئاماژەی بەوەشکرد، " ئێمە گەشبینین بەوەی کە لە ڕۆژانی داهاتوودا دانووستانەکان بە ئاڕاستەیەکی باشدا بڕوات، کۆکردنەوەی کارتەکان و دۆزینەوەی دەرچەیەکی گونجاو بۆ کێشەکان لە بەرژەوەندی هەموو عێراقییەکانەدایە".