گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاری

ئامادەکاریی بۆ کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان و ئەگەری بایکۆت

2021.02.06 - 18:54
App store icon Play store icon Play store icon
ئامادەکاریی بۆ کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان و ئەگەری بایکۆت

ناس کورد-

جێگری بەڕێوەبەری پەروەردەی گشتیی سلێمانی، ڕایگەیاند، سبەی دەوامی سەرجەم پۆلە ناکۆتاییەکانی سنوریی پارێزگاکە دەست پێدەکاتەوە و دەوام بەشێوەی تەناوب دەبێت، هاوکات ئەندامێکی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازییش دەڵێت، لە ئەگەری بایکۆتکردنی دەوام پشتیوانی مامۆستایان دەکەن.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

عومەرئەمین، جێگری بەڕێوەبەری پەروەردەی گشتیی سلێمانی (شەممە 6ی کانوونی دووەمی 2021) لە لێدوانێکی تایبەتدا بە"ناس کورد"ی ڕایگەیاند،"سبەی دەوامی پۆلە ناکۆتاییەکان لەسنوریی پارێزگای سلێمانی دەست پێدەکاتەوە، پەروەردەش هەموو ئامادەکارییەکی بۆ ئەو پرۆسەیە کردووە".

 

وتیشی، "شێوازی دەوامکردنی مامۆستایان و خوێندکاران بە تەناوب دەبێت واتا ڕۆژ ناڕۆژێک دەبێت، میکانزمی چۆنێنی رێکخستنی دەوامکردن پێشتر لەلایەن بەڕێوەبەری پەروەردەکان و بەڕێوەبەری خوێندنگاکانەوە بەچڕی تاوتوێی کراوە".

 

ڕوونیشیکردووەتەوە، "پۆلەکانی یەکی بنەڕەتی  تا پۆلی 11ی ئامادەیی لە هەفتەیەکدا سێ ڕۆژ دەوامیان دەبێت، بەڵام پۆلی 12ی  ئامادەیی هەموو ڕۆژانی هەفتە دەوام دەکەن، دەبێت بەڕێوەبەری خوێندگاکان بەخشتەیەکی دیاریکراو دەوامی مامۆستایان و خوێندکاران ڕێکبخەن بەجۆرێک نابێت بەرکەوتن لە ناو باڵەخانەی خوێندگاکاندا دروست بێت، دەبێت ڕێنماییە تەندروستییەکان بە شێوازێکی تۆکمە پەیڕەو بکرێت".

 

لەبارەی کەمکردنەوەی مەنهەجی خوێندن بەتایبەتی مەنهەجی پۆلی 12 ئامادەیی، عومەرئەمین وتی، " تائێستا هیچ  بڕیارێک لەوبارەیەوە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە نەدراوە، تەنها ئەوە هەیە بەهۆی دۆخی کۆرۆناوە بەشە وانەکانی پۆلە ناکۆتاییەکان  تاڕادەیەک کەمکراونەتەوە، ئەوەش بۆئەوەی خوێندکاران و مامۆستایان کەمترین کات لە ناو خوێندنگاکاندا بن".

 

لەماوەی ڕابردوودا و لەکاتی کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکاندا، بەهۆی دواکەوتنی مووچە لە بەشێکی زۆری سنوری پارێزگای سلێمانی بایکۆتی دەوامی خوێندن کرا. 

 

عادل حەسەن، ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی بە "ناس کورد"ی وت، "لە ڕابردوودا دەرگای قوتابخانەکان داخرا لەترسی بایکۆت، نەک کۆرۆنا، ئێستاش کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان بەمشێوەیە کە هەفتەی سێ ڕۆژ دەوام بکرێت، بۆ ئەوەیە مامۆستایان ڕازی بن بە نیوە مووچە ڕازی بن و بایکۆت نەکەن." 

 

وتیشی، "بایکۆت کردن کارێکی خۆڕسکانەی مامۆستایانە و مافی خۆیانە، ئەگەر بایکۆت بکەن وەک ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی پشتیوانیان دەبین." 

 

لەبارەی ئەوەی ئەو لەو ماوەەیەدا و بە دەوامکردن بەشێوەی تەناوب دەتوانن، مەنهەجی خوێندن تەواو بکەن، ئەو مامۆستایە باسی لەوەکرد، "حکومەت کێشەی تەواوکردنی مەنهەج نییە، ئەو تەنها دەیەوێت وەک هەڵمەتێکی ڕاگەیاندن بڵێت کە دەرگای قوتابخانەکان کرایەوە و خوێندنی ئەمساڵ نەفەوتا، بەڵام ئەو خوێندنە سودێکی ئەوتو بە خوێندکار ناگەیەنێت." 

 

رۆژی چوارشەممە ( 13ی کانوونی دووەمی 2021) ی لیژنەی باڵای روبەروبونەوەی  ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەسەرپەرشتی وەزیری ناوخۆ  ئامادەبوونی وەزیرانی تایبەتمەند و پارێزگار وسەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان، ئەنجامدراوتێدا بڕیاریدرا رۆژی شەممە، 16ی کانوونی دووەمی 2021، خوێندن لە قۆناغی 12ی ئامادەیی، بە ھەموو بەشەکانیەوە، لە قوتابخانە و خوێندنگە حکومی و ناحکومیەکان دەستپێدەکاتەوە.

 

هاوکات لە ( 3ی شوباتی 2021) لیژنەی باڵای روبەروبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا جارێکی دیکە کووبووەوە بڕیاریدا سبەی ( 7ی شوبات2021) پرۆسەی خوێندن لە پۆلە ناکۆتاییەکان( یەکی بنەڕەتی تا 11ی ئامادەیی)  جارێکی دیکە بە شێوەی تەناوب ولەژێر ڕێنمایی تەندروستی تووندا لە سەرجەم خوێندگاکان لەهەرێمی کوردستاندا دەست پێبکاتەوە".