گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

گۆڕان داواى ئەنجامدانى کۆبوونەوەى لوتکە دەکات

2019.05.27 - 19:12
App store icon Play store icon Play store icon
گۆڕان داواى ئەنجامدانى کۆبوونەوەى لوتکە دەکات

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد- بزووتنەوەى گۆڕان لە راگەیەندراوێکدا داوا لە لایەنە سیاسییەکانى کوردستان دەکات کۆبوونەوەیەکى لووتکە ئەنجام بدەن بۆ تاوتوێکردنى دۆخى کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان. . لەراگەیەندراوەکەى بزووتنەوەى گۆڕان کە وێنەیەکى دەست (ناس کورد) کەوتووە، ئاماژە بەوە کراوە " داوا لە هەمو هێز و لایەنە سیاسییە سەرەكییەكانی كوردستان دەكەین، بەیەكەوە كۆبونەوەیەكی لوتكەیی سازبكرێت بۆ دیراسەكردنی دۆخەكە و نەخشەدانان بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی ئەو ناوچانە و گەڕاندنەوەیان بۆسەر هەرێمی كوردستان". . لەبەشێکى ترى راگەیەندراوەکەدا، گۆڕان روونیدەکاتەوە کە بەهۆی نەبوونی وتاری یەكگرتووی هێز و لایەنە دەسەڵاتدارەكانی كوردستان هەلی تەواوی رەخساند بۆ ئەوەی حكومەتی فیدراڵی بتوانێت لە ماوەیەكی زۆر كورتدا، دەست بەسەر تەواوی ناوچە جێناكۆكەكاندا بگرێت، تاكلایەنە و بەپێچەوانەی دەستوری عێراق حكومرانی ئەو ناوچانە بكات و بەهۆیەوە جارێكیتر كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان لە سەردەمی عێراقی فیدراڵدا كەوتنەوە بەر شاڵاوی داگیركردن و پاكتاوكردن و تەعریبكردن. . دەقى راگەیەندراوەکە: . بەیاننامەی بزوتنەوەی گۆڕان تایبەت بە دۆخی كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان و مەترسییەكانی هەڵگیرسانی جەنگ لە ناوچەكەدا. . هاونیشتمانیانی خۆشەویست... . خەڵكی كوردستان و بەشێكی گەلانی عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دونیاش ئەو راستییە دەزانن، كە میللەتی كورد و بەشێك لە گەلانی ناوچەكە، بەسەدان ساڵە پاكتاو دەكرێن و خاكەكەشیان لەلایەن دەسەڵاتدارانی رەگەزپەرستەوە داگیر دەكرێت، لەم روەوە كەركوك و خانەقین و شەنگال و دوز و مەخمور و زوممار و دانیشتوانی ئەم ناوچانە هەمیشە ئامانجی یەكەمی داگیركەران بون. . روخانی قەڵای رەگەزپەرەستی و نەتەوە پەرستی بەعس لە عێراق، لە ساڵی 2003، ئومێد بەخش بو، بۆ گەلانی زوڵم لێكراوی عێراق و بۆ گەڕاندنەوەی خاك و مافی گەلانی كورد و توركمان و كلد و ئاشور و پێكهاتەی شیعە لە خواروی عێراق، لە چوارچێوەی دەستوری هەمیشەیی عێراقدا. . بەڵام، ئەوە زیاتر لە (15) پانزە ساڵە حكومەتی فیدراڵی عێراق خۆی لە جێبەجێكردنی ماددەی ( 140 )ی دەستوری عێراق دەدزێتەوە، بەهۆی بیری نەتەوە پەرستی و مەزهەب پەرستی دەسەڵاتدارانی حكومەتی فیدراڵی لە عێراق و بەفشار و هاوكاری و پشتگیری دەوڵەتانی ناوچەكە لەلایەك و لەلایەكی تریشەوە نەبونی گوتاری یەكگرتو و یەكهەڵوێستی سیاسیی كورد لە بەغداد و ناوچە جێناكۆكەكان و دروستنەبونی هەرێمێكی یەكگرتو و حكومەتێكی نیشتمانی و هێزێكی نیشتیمانی و ئابورییەكی نیشتمانی لە كوردستان و سەرقاڵبونی دەسەڵاتدارانی هەرێم بە بەرژەوەندیی تەسكی حزبی، هۆكارێكی تری سەرەكی بون، بۆ بێمنەتی بەغداد و خۆدزینەوەیان لە جێبەجێكردنی ماددەی (140) و مافە دەستورییەكانی تری خەڵكی كوردستان. . سەرەنجام بەهۆی نەبونی وتاری یەكگرتوی هێز و لایەنە دەسەڵاتدارەكانی كوردستان و هەڵوێستی سیاسی جیاواز و ناواقیعانەی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و هەڵوێستی جیاوازیان لە كاروباری ئەمنی و سەربازی و هتد.. هەلی تەواوی رەخساند بۆ ئەوەی حكومەتی فیدراڵی بتوانێت لە ماوەیەكی زۆر كورتدا، دەست بەسەر تەواوی ناوچە جێناكۆكەكاندا بگرێت، تاكلایەنە و بەپێچەوانەی دەستوری عێراق حكومرانی ئەو ناوچانە بكات، بەم جۆرە جارێكیتر كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان، لە سەردەمی عێراقی فیدراڵدا، كەوتنەوە بەر شاڵاوی داگیركردن و پاكتاوكردن و تەعریبكردن ، ئەمجارە لەسەر دەستی زوڵم لێكراوەكانی دوێنێ و دەسەڵاتدارەكانی ئەمرۆی عێراق. . هاونیشتمانیانی بەڕێز... . هاوكات لەگەڵ ئەم بارودۆخە ناهەموارەدا لە عێراق و هەرێمی كوردستان، ئەمرۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و عێراق و هەرێمی كوردستان بەتایبەت، هەڕەشە و مەترسی ئەوەی لەسەرە، ببن بە مەیدانی جەنگێكی مەترسیدار و وێرانكەر، كە بێگومان لێكەوتەكانی زیانی ئابوری و سیاسی زۆرقورسیان دەبێت لەسەر ئەم ناوچەیە. . لەم روانگەیەوە و لە پەرۆشیی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ دۆخەكە و دوارۆژی وڵات و میللەتەكەمان، داوا لە هەمو هێز و لایەنە سیاسییە سەرەكییەكانی كوردستان دەكەین، بەیەكەوە كۆبونەوەیەكی لوتكەیی سازبكرێت بۆ دیراسەكردنی دۆخەكە و نەخشەدانان بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی ئەو ناوچانە و گەڕاندنەوەیان بۆسەر هەرێمی كوردستان. . بزوتنەوەی گۆڕان 27/5/2019