گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاری

چوار کەس خۆیان بۆ پۆستی پارێزگای هەولێر کاندید کردووە

2021.02.06 - 15:52
App store icon Play store icon Play store icon
چوار کەس خۆیان بۆ پۆستی پارێزگای هەولێر کاندید کردووە

ناس کورد-
سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر دەڵیت، ڕۆژی دووشەممە دەنگ لەسەر دیاریکردنی پارێزگاری نوێی هەولێر دەدرێت، بۆ ئەوەش تائێستا چوار کەس سیڤی خۆیان پێشکەش کردووە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەمڕۆ شەممە، 6ی شوباتی 2021، عەلی ڕەشید، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر لە لێدوانیکدا بۆ "ناس کورد" ڕایگەیاند، ڕۆژی دووشەممە دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر دەکرێت و یەکێک لە بڕگەکان دەنگدانە لەسەر دیاریکردنی پارێزگاری هەولێر.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە

 


باسی لەوەشکرد، تائێستا ئومێد خۆشناو، ڕۆژگار ئەحمەد، ئومێد پاڵانی و سەدرەدین محەمەد خۆیان کاندید کردووە بەڵام بەدواداچوون بۆ سیڤییەکانیان دەکرێت و بەپێی مەرجەکان ناویان دەخرێتە ناو لیستی کاندیدەکان، مەرجەکانیش بریتین لە تەمەن، بڕوانامە و هەروەها دەبێت خەڵکی هەولێر بێت.


جەختی لەوەشکردەوە، دوای ئەوەی پێداچوونەوە بە سیڤییەکان کرا ئەو کەسانەی مەرجەکانیان تێدابێت ناویان دیاری دەکرێت و ڕۆژی دووشەمە دەنگدانیان لەبارەوە دەکرێت.


هەفتەی ڕابردوو پارتى دیموکراتى کوردستان کاندیدى پارێزگارى هەولێرى یەکلایى کردەوە و ئومێد خۆشناوى بۆ وەرگرتنى پۆستەکە کاندیدکرد.


ئومێد خۆشناو لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنوسان (3ی شوباتی 2021) وتی، "وەکو کاندیدی پارتی بۆ وەرگرتنی پارێزگاری هەولێر یەکلایی بومەتەوەو لە ئەمڕۆوە دەست بەڕێکارە یاساییەکان دەکرێت".


بەپێی ڕێکارەکان دواى دەنگدان لەسەر پارێزگای هەولێر لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێرەوە ڕەوانەی وەزارەتی ناوخۆو لەوێشەوە بۆ سەرۆک وەزیران و دواتر سەرۆکی هەرێم دەکرێت و وادەیەک بۆ سوێند خواردنی یاسایی دادەنرێت.


ئومێد خۆشناو لە بارەی بەرنامەی داهاتووی بۆ پارێزگاری هەولێر وتی، "لە ئێستادا نازانم چی دەکەم، بەڵام دەزانم چی ناکەم، ئەوەی دەبێتە مایەی نیگەرانی خەڵک نایکەم".


زیاتر لە دوو مانگە پۆستى پارێزگارى هەولێر بە چۆڵى ماوەتەوە، دواى کۆچى دوایی فرسەت سۆفی پارێزگار شارەکە لە (18 تشرینی دووەمی 2020) بەهۆى توشبوون بە ڤایرۆسى کۆرۆنا.