گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تایبەت

پارێزگار و سەرۆکى ئەنجومەن لەسەر مامەڵەى راستەوخۆى سلێمانى لەگەڵ بەغدا هاتنەدەنگ

2021.02.05 - 15:21
App store icon Play store icon Play store icon
پارێزگار و سەرۆکى ئەنجومەن لەسەر مامەڵەى راستەوخۆى سلێمانى لەگەڵ بەغدا هاتنەدەنگ

ناس کورد-

 

پارێزگارى سلێمانى رایگەیاند، لە چوارچێوەى هەرێمدا لەگەڵ سەربەخۆی کارگێڕی و دارایین و پارێزگاکان ناتوانن داتاى فەرمانبەران رادەستى بەغدا بکەن، سەرۆکى ئەنجومەنیش جەختدەکاتەوە تا ئێستا بەفەرمى هیچ شتێکیان لەو بارەیەوە تاوتوێنەکردووە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لەگەڵ بەردەوامى دانوستانەکانى هەرێم و بەغدا لەسەر بودجەى 2021، پرسى بە راستەوخۆ مامەڵەکردنى سلێمانى لەگەڵ بەغدا هاتووەتە ئارا، بەتایبەتى دواى ئەوەى لەچەند رۆژى رابردوودا رۆژنامەى فەرمى عێراق مانشێتى خۆى بۆ ئەو پرسە تەرخانکرد.

 

هەریەکە لە پارێزگارى سلێمانى و سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگا کە دوو گەورەترین بەرپرسى پارێزگاکەن تا ئێستا لەو بارەیەوە بێدەنگیان هەڵبژاردووە، لەکاتێکدا حکومەتى هەرێم بەفەرمى دژایەتى خۆى بۆ هەر هەوڵێکى لەو شێوەیە دەربڕیوە.

 

هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی لە لێدوانێکدا بۆ "ناس کورد" (هەینی 5ی شوباتی 2021) ڕایگەیاند "ئێمە لەگەڵ سەربەخۆی کارگێڕی و دارایین لە چوارچێوەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا نەک جوگرافی و سیاسی، هەر پرسێکی دیکە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لە چوارچێوەی یاسایی و ئەو چوارچێوانەیە کە لە دەستور دیاری کراوە".

 

لەگەڵ زیادبوونى ئەگەرەکان بۆ رێکنەکەوتنى هەرێم و بەغدا، لەئێستادا پرسى رادەستکردنى داتاى فەرمانبەرانى سلێمانى لەلایەن پارێزگا و ئەنجومەنەوە بەبەغدا هێنراوەتە ئارا، وەک هەنگاوى یەکەم بۆ بە راستەوخۆ مامەڵەکردنى پارێزگاکە لەگەڵ حکومەتى ناوەند.

 

مەبەست لە بەراستەوخۆ مامەڵەکردنى سلێمانى لەگەڵ بەغدا ئەوەیە کە داهاتى پارێزگاکە رادەستى بەغدا بکرێت لەبەرانبەر رەوانەکردنى موچەى فەرمانبەرانى سلێمانى، ئەوەش بەوتەى ئەو کەسانەى کە بانگەشە بۆ ئەو پرسە دەکەن.

 

بەڵام هەڤاڵ ئەبوبەکر وتى "هیچ پارێزگایەک ناتوانێت ئەو داتایانە بدات تەنانەت ئەوانەی عێراقیش چونکە داهات و دارایی و خەرجی بەپێی دەستور لە عێراق و لە هەرێمی کوردستانیش مەرکەزییەو لا مەرکەزی نییە هەتاوەکو ئێمە ڕادەستی بکەین یان نا".

 

وتیشى "دەبێت داتاى لەو شێوەیە لە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ڕەوانە بکرێت، چونکە ئەو داتایانە لە بەردەستی حکومەتدان، هەندێک فەرمانگەش هەیە لەبەردەستی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا نییەو لەبەردەستی حکومەتی فیدراڵییە".

 

هێشتا دیار نییە ئەو پرسە بەکوێ دەگات لەئەگەرى رێکنەکەوتنى هەرێم و بەغدا، بەڵام ئەوانەى بانگەشەى بۆ دەکەن جەختدەکەنەوە کە ئەوە بژاردەیانە ئەگەر دانوستانەکان شکست بهێنن.

 

ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى پێشتر پڕۆژەیەکى بۆ لامەرکەزى دارایی و کارگێڕى ئامادەکرد و رەوانەى حکومەتى هەرێمى کرد، بەڵام پڕۆژەکە جیایە لەبەراستەوخۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بەغدا و حکومەتى هەرێمیش چەند جارێک جەختیکردووەتەوە کە تەنها رەزامەندى لەسەر لامەرکەزى کارگێڕى دەدات نەک دارایی.

 

ئازاد محەمەد ئەمین سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، لەبارەی گفتوگۆى ئەنجومەن  لەسەر پرسی مامەڵەى راستەوخۆ لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بۆ "ناس کورد" وتی "باشترە ئەو پرسیارانە لە کەسانی پەیوەندیدار لەسەر ئاستی وەزارەتی دارایی و حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامبدرێتەوە".

 

وتیشی "تا ئێستا گفتوگۆکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کورستان و حکومەتی فیدراڵی بەردەوامەو هیچ شتێک لەوبارەیەوە لە ئەنجومەنی پارێزگاکان باس نەکراوە".

 

حکومەتى هەرێمى کوردستان بەتوندى دژایەتى خۆى بۆ هەر هەنگاوێکى لەو شێوەیە دەربڕیوە و جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەر مامەڵەیەک لەسەر ئاستى هەرێم لەگەڵ حکومەتى ناوەندى لەرێگەى دامەزراوە فەرمییەکانى حکومەتەوە دەبێت نەک لەسەر ئاستى پارێزگاکان.

 

جوتیار عادل وتەبێژى حکومەتى هەرێم لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنى فەرمى پارتى (2ی شوباتی 2021) کە "ناس کورد" بینیویەتى وتى "ئەرکى حکومەتى هەرێم پاراستنى قەوارەى دەستورى هەرێمە و هەر هەوڵێک بۆ بەراستەوخۆ مامەڵەکردنى پارێزگاکان لەگەڵ بەغدا لەلایەن حکومەتەوە رێگرى لێدەکرێت".  

  

وتیشى "هەر هەوڵێکى لەو جۆرە نایاسایی و نادەستورییە و حکومەتى هەرێم رێگەى پێنادات".