گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

داوایەک ئاڕاستەى بایدن دەکات

مەزڵوم کۆبانێ دوا هەنگاوەکانى گەیشتن بە ’’ڕێککەوتن’’ لەنێوان ئەنەکەسە و تەڤدەم رادەگەیەنێت

2021.02.05 - 12:48
App store icon Play store icon Play store icon
مەزڵوم کۆبانێ دوا هەنگاوەکانى گەیشتن بە ’’ڕێککەوتن’’ لەنێوان ئەنەکەسە و تەڤدەم رادەگەیەنێت

ناس كورد-

 

مەزڵوم کۆبانێ فەرماندەى هێزەکانى سوریاى دیموکرات رایگەیاند، لەقۆناغى داهاتووى گفتوگۆکانیان لەبارەى یەکخستنى ماڵى کورد لە رۆژئاواى کوردستان دەگەن بە ڕێککەوتن لەسەر سەرجەم کێشەکان.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

مەزڵوم کۆبانێ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەى "شەرقولئەوسەت" کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە ئاماژەى بەوەکردووە، قۆناغێکى باشیان بریوە لەو گفتوگۆیانەى دەستیانپێکردووە، گرنگترین شت کە پێی گەیشتوون بنیاتنانەوەى متمانە بووە لەنێوان هەردوو لایەنى گفتوگۆکان کە بریتین لە ئەنەکەسە و تەڤدەم.

 

دەشڵێت، یاداشتى مەرجەعیەتى سیاسیان ئامادەکردووە کە بنەمایە بۆ هەر رێککەوتنێک، ناکۆکییەکانى دیکە لاوەکین، لەقۆناغى داهاتووى دانوستانەکان کەبەم نزیکانە دەستپێدەکات دەگەنە رێککەوتن.

 

لەبارەى جێبەجێکردنى داواکاریی سەربازى لایەنەکانى دیکە لەلایەن هەسەدەوە، مەزڵوم کۆبانێ باسى لەوەکردووە، دەرگاى ئەوان کراوەیە بۆ هەر لایەنێک کە بڕواى بە هەسەدە هەبێت، ئامانجەکانیان دژیەک نییە لەگەڵ بنەماکانى ژیانى هاوبەش و بەرگریکردن لەناوچەکانیان.

 

هەروەها لەبارەى ئیدارەى نوێی ئەمریکاوە، مەزڵوم کۆبانێ هیواى خواستووە جۆ بایدن هەڵەکانى دۆناڵد ترەمپ راستبکاتەوە لەناویاندا هەڵکردنى گڵۆپى سەوز بۆ تورکیا بۆ "داگیرکردنى" ناوچەکانى باکور و رۆژهەڵاتى سوریا.

 

ساڵى رابردوو ئەنجومەنى نیشتیمانى کوردستان لە سوریا (ئەنەکەسە) و بزوتنەوەی جڤاتی دیموکراتیک (تەڤدەم) گفتوگۆیان دەستپێکرد بۆ گەیشتن بە رێککەوتن و چارەسەرکردنى ناکۆکییەکانیان، دواى ساڵانێکى درێژ لە ناکۆکى بەردەوام.  

  

لە ڕۆژئاواى کوردستان زیاتر لە 30 حیزبى سیاسی بونیان هەیە، کە بەسەر دوو بەرەدا دابەش بوون، نزیکەى 10 حیزبیان سەر بە ئەنجومەنى نیشتیمانى کورد (ئەنەکەسە)ن و بەدارنین لە ئیدارەى ڕۆژئاواى کوردستاندا. حیزبەکانى دیکش سەر بە بزوتنەوەی جڤاتی دیموکراتیک (تەڤدەم)ن و پشتیوانى لە ئیدارەى ڕۆژئاوا دەکەن.   

  

ئەو دوو بەرەیە ساڵانێکى زۆرە ناکۆکى قوڵ لەنێوانیاندا هەیە و لەسەر زۆربەى پرسەکان ناکۆکن، هەریەکەیان مەرجى خۆیان هەیە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن.  

  

 دیارترین مەرجەکانى ئەنەکەسە کە پێشتر رایگەیاند بریتین لە، ئازادکردنى زیندانییە سیاسییەکان، کۆتایی هێنان بە خزمەتى سەربازى زۆرەملێ، دروستکردنى هێزێکى نیشتیمانى، لەبەرامبەریشدا تەڤدەم چەند مەرجێکى هەیە کە دیارترینیان بریتیییە لە پچڕانى پەیوەندى ئەنەکەسە لەگەڵ تورکیا و ئۆپۆزسیۆنى سوریا.   

 

ساڵح موسلیم (15ی تشرینی دووەمی 2020) راوەستانى گفتوگۆکانى نێوان تەڤدەم و ئەنەکەسەى راگەیاند و ئاماژەى بەوەکرد، هەندێ لە داواکارییەکانى ئەنەکەسە زیان لە دەستکەوتەکانى کورد دەدات و ناکرێت قبوڵ بکرێن.  

  

ساڵح موسلیم ئەندامى دەستەى سەرۆکایەتى پەیەدە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسى هاوار نیوز کە ناس کورد بەدواداچوونى بۆ کردووە ئاماژەى بەوەکردووە، دواى گەڕانەوەى نێوەندگیریی ئەمریکییەکان و شاندى ئەنەکەسە گفتوگۆکان بۆ یەکێتى نەتەوەیی دەستپێدەکاتەوە.  

  

وتیشى"هێشتا هیچ لایەنێک دژایەتى بۆ بەردەوامى گفتوگۆ نیشاننەداوە و لێکتێگەیشتن هەیە لەسەر زۆرێک لە خاڵەکان، هەندێ پرسیش هێشتا یەکلانەکراونەتەوە".  

  

ساڵح موسلیم رونیکردووەتەوە، گفتوگۆکان لەسەر سێ پرسی سەرەکین کە پێکهاتوون لە پێکهێنانى مەرجەعیەت، بەشداریى لە ئیدارەى خۆبەڕێوەبەرى، هێزە سەربازییەکان.  

  

دەشڵێت، پرسی مەرجەعیەت گفتوگۆى لەسەر کراوە و لێکتێگەشتن هەیە لەبارەیەوە، بەڵام لەسەر پرسی بەشدارى لە ئیدارە ئەنەکەسە روانگەیەکى روونى نییە  و ئەو پرسە پێویستى بە کاتى زیاتر هەیە بۆ بڕیاردان لەبارەیەوە، لەسەر پرسی سەربازیش گفتوگۆکان نەگەیشتوون بە ئەنجام و بەردەوامى بە گفتوگۆ دەدرێت.