گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’رادەستکردنى 250 هەزار بەرمیل کۆتایی هاتووە’’

’’بەغدا دوو رێگەى خستووەتە بەردەم هەرێم’’.. زانیارى نوێ لەبارەى دانوستانەکان ئاشکراکرا

2021.02.05 - 11:59
App store icon Play store icon Play store icon
’’بەغدا دوو رێگەى خستووەتە بەردەم هەرێم’’.. زانیارى نوێ لەبارەى دانوستانەکان ئاشکراکرا

ناس کورد-

 

پەرلەمانتارێکى پارتى لە پەرلەمانى کوردستان رایگەیاند،  بەغدا بە ئاشکرا بە هەرێمی کوردستانی وتووە بابەتی رادەستکردنی (250 هەزار بەرمیل بە سۆمۆ) کۆتایی هاتووە، تەنیا دوو رێگە لەبەردەم هەرێمی کوردستان هەیە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

هێڤیدار ئەحمەد ئەمڕۆ هەینى لە وتارێکدا کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە نوسیویەتى، ئەو دوو رێگەیە بریتین لەوەى هەموو نەوتی هەرێمی کوردستان رادەستی بەغدا بکرێت، یان هەموو داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان رادەستی بەغدا بکرێت".

 

باسى لەوەشکردووە، بەغدا وەکو نەخشەڕێگەیەک باسی ئەوە دەکات کە کام لەم دوو رێگەیە، هەرێمی کوردستان هەڵبژێرێت. داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان بەسەر سێ کەرتدا دابەشدەکرێت ئەویش: نەوتی هەرێمی کوردستان بەشێکی بۆ ناوخۆ بەکاردێت، دەستحەقی کۆمپانیاکانی نەوت بدرێت کە لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان دەکەن، ئەوەی دەمێنێتەوە دەخرێتە نێو گەنجینەی گشتی.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە  

 

بەوتەى هێڤیدار ئەحمەد کە جێگرى سەرۆکى لیژنەى دارایی پەرلەمانە، لیژنەی دارایی عێراق دەستکاریی ژمارەی پرۆژە یاسای بودجەی 2021ی کردووە کە حکومەتی فیدراڵیی عێراق رەوانەی پەرلەمانی عێراقی کردووە ئەویش لە 163 ترلیۆن دینارەوە کەمکراوەتەوە بۆ 127 ترلیۆن. پشکی هەرێمی کوردستانیش 12.67% دانراوە.

 

دەشڵێت، "ئەگەر ئەم ژمارەیە دەستکاری نەکرێت، هەروەکو خۆی کە حکومەت ناردوویەتی 163 ترلیۆن دینار بمێنێت، ئەوا پشکی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 13 ترلیۆن دینار دەبێت. بەڵام ئەگەر کەمکرایەوە بۆ 127 ترلیۆن دینار، ئەوا ئەو ژمارەیە کەمدەبێت بۆ نزیکەی 11 ترلیۆن دینار".

 

شاندى هەرێم دواى چوار رۆژ گفتوگۆ و کۆبوونەوە لەگەڵ لیژنەى دارایی و لایەنە عێراقییەکان لەبارەى پشکى هەرێم لە بوجە و دۆسیەى نەوتەوە، شەوى چوارشەممە گەڕانەوە هەرێم، بەبێ ئەوەى رێککەوتن لەگەڵ لیژنەکە رابگەیەنن.  

 

ئیخڵاس دلێمى ئەندامى لیژنەى دارایى پەرلەمانى عێراق (4ى شوباتى 2021) لە لێدوانێکى تەلەفزیۆنیدا بۆ کەناڵى فەرمى عێراقییە کە "ناس کورد" بینیویەتى رایگەیاند "تائێستا نەگەیشتوینەتە ڕێکەوتن و هەرێمى کوردستان ئامادەیى پیشانداوە، وەفدى کوردى سەردانى لایەنە سیاسیەکانى کردوە و چەندین کاتژمێر لەگەڵ لیژنەى دارایى دانیشتوون".  

  

وتیشى "داواى ئامادەبونى بەڕێوەبەرى چاودێرى دارایى حکومەتى هەرێمى کوردستانمان کرد، ناوبراو ئامادەبوو سەرجەم داتاکانى تایبەت بە مافەکانى هەرێم لە مەلەفە نەوتى و داهاتە نەوتیەکانى لەگەڵ خۆیدا هێنابوو".  

  

لە گفتوگۆکانى شاندى هەرێم و لیژنەى دارایی چەندین بژاردە تاوتوێکران بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر ماددەکانى پەیوەست بە هەرێم لە پڕۆژەى بودجە، بەڵام رێککەوتن لەسەر هیچ بژاردەیەک نەکرا.  

  

ئەحمەد مەزهەر جبورى ئەندامى لیژنەى دارایی دەڵێت "داوا کراوە هەرێمى کوردستان سەرجەم کێڵگە نەوتیەکان رادەستى وەزارەتى نەوتى عێراق بکات و حکومەتى ناوەندى بەرپرسارێتى تێچوى بەرهەمهێنان و گواستنەوەى بگرێتە ئەستۆ".  

  

هێماى بۆ ئەوەشکردووە، وەزارەتى نەوت خۆى بەشى بەکارهێنانى ناوخۆیى نەوت لە هەرێمى کوردستان دیارى دەکات.  

  

تا ئێستا دیار نییە هەرێم و لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق دەگەنە رێککەوتن یاخود نا، پێش ئەوەى پڕۆژەى بودجە بخرێتە دەنگدانەوە، کە چاوەڕوادەکرێت لە ناوەڕاستى هەفتەى داهاتوودا بێت.  

  

حەسەن کەعبى جێگرى یەکەمى سەرۆکى پەرلەمانى عێڕاق دەڵێت وەفدەکانى هەرێم دەستپێشخەریەکى باشیان پێشکەش کردوە بۆ کۆتایى هێنان بە کێشەکانى نێوان هەردولا. بەبێ ئەوەى وردەکاریی بخاتەڕوو.  

  

وتیشى چەند کێشەیەک هەیە تایبەت بە ژمارە و لایەنى هونەرى، وەک ژمارەى فەرمانبەرانى هەرێم و ئالیەتى کۆنترۆڵکردنى دەروازە نایاساییەکان، پێموایە تائێستا گفتوگۆکان بەباشى بەڕێوە دەچن.