گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریى

گۆڕانکارى لە دەوامکردنى مامۆستایان لەکاتى کردنەوەى قوتابخانەکان کرا 

2021.02.04 - 09:55
App store icon Play store icon Play store icon
گۆڕانکارى لە دەوامکردنى مامۆستایان لەکاتى کردنەوەى قوتابخانەکان کرا 

ناس کورد-

وەزارەتی پەروەردە لە فەرمانی وەزاری خۆیدا تایبەت بە دەستپێکردنەوەی دەوامی قوتابخانەکان پێچەوانەی وتەکانی وەزیری پەروەدە دەوامی مامۆستایانی لە سنوری گوندەکان لە سێ ڕۆژەوە بۆ چوار ڕۆژ زیاد کرد.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەپێی فەرمانی وەزاری ژمارە (52) لە ڕێکەوتی 3ی 2ی 2021کە تایبەتە بە دەستپێکردنەوەی خوێندن لە قۆناغەکانی 1ی بنەڕەتی تاوەکو 11ی ئامادەیی و واژۆی ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی لەسەرە و ڕۆژی (3ی شوباتی 2021) بڵاوکراوەتەوە ڕایگەیاندووە، ئاماژە بە کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ڕوبەڕوبونەوەی کۆرۆنا بڕیارماندا بە دەستپێکردنەوەی دەوامی قوتابیانی قۆناغی یەکەمی بنەڕەتی تاوەکو 11ی ئامادەیی بەشێوەی تەناوب کە قۆناغەکان ڕۆژ نا ڕۆژێک دەوام دەکەن.

 

لە خاڵی دووەمی فەرمانە وەزارییەکە ئاماژە بەوە کراوە "هەموو ئەو قوتابخانانەی کە دەکەونە گوندەکان و شوێنە دورە دەستەکان (بەو مەرجەی ژمارەی قوتابیان و خوێندکارانیان سنوورداربێت) لە هەفتەیەکدا چوار ڕۆژی یەک لەدوای یەک دەوام دەکەن لە ڕۆژی یەکشەممە تا چوارشەممە، دەسەڵات دەدرێت بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان بۆ بڕیاردان لە دیاریکردنی ئەو قوتابخانانەی کە مەرجی ئاماژە پێکراو دەیانگرێتەوە".

 

بەگوێرەى بەدواداچوونەکانى "ناس کورد" خاڵى دووەمى فەرمانە وەزارییەکەى وەزارەتى پەروەردە پێچەوانەی دەقی وتەکانی ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە کە لەدوای کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای کۆرۆنا لەمیانەى کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانى هاوبەش لەگەڵ د.جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامیداو لەخولەکی (4:36 تاوەکو 4:56)ی کۆنگرەکە ئاماژەی پێکردووە تێیدا دەڵێت "ئەو شوێنانەی گوندو دورە دەستن بەڵام بەو مەرجەی ژمارەی قوتابیان کەمە، ئەوان دەوامیان سێ ڕۆژ دەبێت لە هەفتەیەکدا بەڵام لەسەر یەک، وەک موراعاتکردنێک بۆ ئەوەی کە یەکەم، ژمارەی قوتابی کەمە، دوو "هاتوچۆی مامۆستایان و دروست نەکردنی بارگرانی لەسەر مامۆستایان").

 

دوێنێ (چوارشەممە، 3ى شوباتى 2021) لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا وتەبێژى حکومەتى هەرێم و وەزیرى پەروەردە کردنەوەى دەرگاى قوتابخانەکانى لە 7ى شوباتى 2021 راگەیاند.