گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بڕیار دەدەن

مامۆستایانى ناڕازیی چوار داواکارى و سێ بژاردە تاوتوێ دەکەن

2021.02.03 - 11:43
App store icon Play store icon Play store icon
مامۆستایانى ناڕازیی چوار داواکارى و سێ بژاردە تاوتوێ دەکەن

ناس کورد-

مامۆستایانى ناڕازیی ئەمڕۆ کۆدەبنەوە و بڕیارى خۆیان ڕادەگەیەنن لەبارەى پڕۆسەى خوێندنەوە، لەکاتێکدا چاوەڕوان دەکرێت هەر ئەمڕۆ لیژنەى ڕووبەڕووبوونەوەى کۆرۆنا بڕیارى کردنەوەى قوتابخانەکان رابگەیەنێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

عادل حەسەن، ئەندامى ئەنجومەنى مامۆستایانى ناڕازیی ئەمڕۆ چوارشەممە (3ى شوباتى 2021) بە "ناس کورد"ى ڕاگەیاند، لە کۆبوونەوەکەى ئەمڕۆدا تاوتوێی دۆخى ئێستا دەکەن و بڕیارى پێویستى لەبارەوە دەدەن.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە

 

وتیشى، "لە ئەگەرى بڕیاردان لەسەر دەستپێکردنەوەى خوێندن تاوتوێی سێ بژاردە دەکەین، یان چونەوە ناوەندەکان، یان بایکۆت، یان پشتیوانى هەڵوێستى مامۆستایان لەوەى هەر بڕیارێک بدەن".

 

عادل حەسەن باسى لەوەشکرد، ئەوان چوار داواکارییان هەیە بۆ ئەوەى بچنەوە ناوەندەکانى خوێندن کە بریتین، لە موچەى 30 رۆژ جارێک بێ پاشەکەوت، چارەنوسى موچە پاشەکەوتکراوەکان، دەستپێکردنەوەى پلە بەرزکردنەوە، پێدانى زەوى و یەکەى نیشتەجێ بوون بە مامۆستایان.

 

کۆبوونەوەکەى مامۆستایانى ناڕازیی هاوکاتە لەگەڵ کۆبوونەوەى لیژنەى باڵاى ڕووبەڕووبونەوەى کۆرۆنا لە هەرێمى کوردستان کە بەوتەى وەزیرى تەندروستى بڕیار لەسەر پرۆسەى خوێندن دەدرێت کە بە ڕێنمایی توندەوە دەستپێدەکاتەوە.  

 

سامان بەرزنجى، وەزیرى تەندروستى و ئەندامى لیژنەکە لە لێدوانێکدا بۆ تەلەفزیۆنى فەرمى پارتى کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە ئاماژەى بەوەکردووە، کاتژمێر 2:30 ى پاش نیوەڕۆ  لیژنەکە کۆدەبێتەوەو بڕیارى گونجاو لەبارەى پڕۆسەى خوێندن دەدرێت.  

 

وتیشى، "ئەگەر دۆخەکە بەرەو خراپتر بچوایە داخستنى دەرگاى قوتابخانەکان درێژدەکرایەوە، بەڵام دۆخەکە ئێستا لەژێر کۆنتڕۆڵدایە، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت بە ڕێنماییە توندەوە بچینەوە ناو پڕۆسەى خوێندن بۆ ئەوەى نەبێتە هۆکارى تەشەنەسەندنى لەناکاوى کۆرۆنا".  

  

سامان بەرزنجى باسى لەوەشکرد، وردەکاریی رێکەوت و چۆنیەتى دەوام لەلایەن وەزارەتى پەروەردەوە دیاریدەکرێت و رادەگەیەنێت.  

  

دوای زیاترلە دوومانگ داخرانی دەرگای ناوەندەکانی خوێندن بەرووی قوتابیانی قۆناغی 12ی ئامادەیی، ڕۆژی 13 کانوونی دووەمی2021، لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا بڕیاریدا ڕۆژی 16ی کانوونی دووەم خوێندنی پۆلی 12 دەستپێبکاتەوە.  

  

لیژنەکە هەروەها بڕیاریدا بە دواخستنی کردنەوەى دەوامی قۆناغەکانی دیکە لە 1ی بنەڕەتی تاوەکو 11ی ئامادەیی 3ی ئازاری 2021.  

  

ئاسۆ حەوێزی وتەبێژى وەزیرى تەندروستى لە لێدوانێکدا بۆ "ناس کورد"، (2ی شوباتی 2021) ڕایگەیاند، "هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی پێش ئەو وادەیەی دیاریکرابوو کە 1ی 3ی 2021یە دەرگای قوتابخانەکان بکرێتەوەو ئەوەش بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە دەبێت و بەجۆرێک دەبێت کە ڕەچاوی دۆخەکە بکریت و بەخۆپارێزییەوە وادەکەی پێش بخرێت".    

  

وتیشی، "هیچ وادەیەکمان بۆ کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان دیاری نەکردووەو ئەوە لە کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ڕوبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا بڕیاری لەبارەوە دەدریت".    

  

ڕۆژی دوو شەممە ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کرایگەیاندبوو، بۆ کردنەوەی قوتابخانەکان وەکو وەزارەتی پەروەردە پێشنیاری خۆیان ئامادەکردووە و چاوەڕوانی هەڵسەنگاندنی وەزارەتی تەندروستی دەکەن تاوەکو هەنگاوێک بنێن لێی پەشیمان نەبنەوە.