ناس کورد-
وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم "ژمارەی ڕاستەقینەی" هێزەکانی پێشمەرگەی ئاشکرا کرد و دەڵێت، "هاندانى شەقامى عێراقى دژى کورد مەترسیدارە."
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
جەبار یاوەری، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا کە "ناس کورد" بینەری بوو (2ی شوباتی 2021 وتی، "لە دەستورى عێراقدا هیچ بڕگەیەک نییە هێزەکانى پێشمەرگە بە وەزارەتى بەرگریی عێراقەوە پەیوەست بکات، مادەى 117ى دەستور دانیناوە بەوەدا کە سەرجەم دامەزراوەکانى هەرێمى کوردستان شەرعی و فەرمین، پێشمەرگەش لەو چوارچێوەیەدایە."
سەبارەت بە ژمارەى هێزەکانى پێشمەرگەیە کە هەندێک لایەنى شیعە باس لەوەدەکەن 400 هەزار ئەندامى هەیە، ئەمیندارى گشتیی وەزارەتى پێشمەرگە دەڵێت، بە شێوەیەکی فەرمى "ژمارەى هێزەکانی پێشمەرگە 118 هەزار کەسە، بەڵام بەهۆى ئەوەى ناوى شەهیدان و برینداران و خانەنشینان نەگوازراونەتەوە، وەزارەتەکە 170 هەزار موچەخۆرى هەیە."
ڕونیشیکردوەتەوە، چەندین هێزى تر لە عێراقدا هەن کە سەر بە وەزارەتى بەرگرى نین، وەک پۆلیسى فیدراڵى کە سەر بە وەزارەتى ناوخۆیە و حەشدى شەعبى سەربە دەستەى حەشدى شەعبیە، دژە تیرۆر کە سەرکردایەتى خۆى هەیە، هەمووشیان لەژێر یەک سەرکردایەتیدان کە سەرکردایەتى کردە هاوبەشەکانە، پێشمەرگەش شەش ئەفسەرى وەک نوێنەر لەو سەرکردایەتیەدا هەیە.
جەبار یاوەر پێشى وایە هاندانى شەقامى عێراقى دژى پێکهاتەى کورد مەترسیدارە، "گوێمان لە قەیس خەزعەلى بوو کە باس لەوەدەکات ڕێکەوتنى نێوان کورد و شیعە کۆتایى هاتوە، هەروەها یەکێک لە وتارخوێنەکانى نەجەف سوکایەتی بە کورد دەکات، خەزعەلى کورد بەوە تۆمەتبار دەکات کە نیشتمانى نین لەکاتێک لە سەردەمى کۆنیشدا کورد لە بەسرە شەڕى دژى ئینگلیز کردوە."
دەشڵێت، "نازانین ئەم ئاڕاستە مەترسیدارە لەلایەن براکانمانە بۆ، ئەوەش تەنها بەهۆى کێشەکانى بودجە؟!" و داواش دەکات لەو ئاڕاستە دوربکەونەوە "چونکە خوداش پێى ڕازى نییە."