گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاری

ئێران بە لایەنێکی سیاسیی هەرێمدا پەیامێک دەگەیەنێتە حزبەکانی رۆژهەڵات

2021.02.02 - 19:22
App store icon Play store icon Play store icon
ئێران بە لایەنێکی سیاسیی هەرێمدا پەیامێک دەگەیەنێتە حزبەکانی رۆژهەڵات

 ناس کورد-

ماوەی نزیکەی مانگێکە کۆماری ئیسلامی ئێران هەڵمەتێکی دەستگیرکردنی هاووڵاتیان و چالاکوانانی کوردی لە ڕۆهەڵاتی کوردستان دەستپێکردووە و جگە لەوەش لەڕێگەی لایەنێکی باشوری کوردستانەوە (هەرێمی کوردستان) حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی ئاگادارکردووەتەوە و تەنانەت هەڕەشەی بۆردومانکردنیشی لێکردوون.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە

 

لەماوەی مانگی ڕابردوودا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵمەتێکی دەستگیرکردنی کوردانی ڕۆهەڵاتی کوردستان لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستیپێکردووە و تائێستا ژمارەی دەستیرکراوان 100 کەسی تێپەڕاندووە و سەرجەمیشیان چارەنوسیان نادیارە. 

 

هەڵمەتەکە هاوکاتە لەگەڵ نەمانی دەسەڵاتی ترەمپ و هاتنی بایدن بۆسەر کورسی دەسەڵات لە ئەمریکا

 

ئەمجەد حسێن پەناهی، چالاکوانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ناس کوردی وت، "ئەو هەڵمەتەی کۆماری ئیسلامی ئێران دژی هاووڵاتیانی ڕۆهەڵاتی کوردستان چەند هۆکارێکی لە پشتەوەیە، یەکێک لەوانە نەمانی دۆناڵد ترەمپە لە سەرۆکایەتیی ئەمەریکا و ئێستا دەسەڵاتدارانی ئێران تاڕادەیەک دەستکراوەترن لە سەرکوتکردنی هاووڵاتیاندا."

 

باسی لەوەشکرد، "ترەمپ جدیتر بوو لە هەڕەشەکان بۆسەر کۆماری ئیسلامی ئێران، باشترین نمونەش ئەوەیە، لە ئیدارەکانی پێشووی ئەمەریکا، چەندین جار باس لە کوشتنی قاسم سولەیمانی کراوە، بەڵام لە هیچیاندا نەکراوەتە کردار، بەڵام ترەمپ ئەوەی کر." 

 

وتیشی، "یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان ئەگەری گفتۆگۆ و ڕێککەوتنی ئێران و ئەمەریکایە، کە لەوکاتەدا ئێران ئەمکەسانە ئازاد دەکات و وەک نیازپاکی خۆی بەرامبەر ئەمەریکا بەکاریان دههێنێت و دەڵێت، چەندین زیندانیمان ئازادکردووە، لەکاتێکدا چەندین زیندانی دیکە کە پێشتر دەستگیرکراون لە زینداندا دەهێڵێتەوە."

 

ئێران بە لایەنێکی سیاسیی هەرێمی کوردستاندا پەیامی گەیاندووەتە حزبەکانی رۆژهەڵات

 

هەڵمەتەکەی کۆماری ئیسلامی ئێران تەنها هاووڵاتیانی نەگرتووەتەوە، بەڵکو لە چەندین بەرنامە و کورتەفیلمدا هێرشی کردووەتەسەر حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان.

 

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پەیوەندییەکانی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە "ناس کورد"ی وت، "لە ماوەی ڕابردوودا ئێران شاندێکی ناردووەتەوە لای لایەنێکی سیاسیی هەرێمی کوردستان و لەڕێگەی ئەو لایەنەوە پەیامێکیان بۆ حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناردووە."

 

ناس کورد زانویەتی، شاندەکەی ئێران بەو لایەنە سیاسییەی هەرێمی کوردستانیان وتووە، " حزبە کوردییەکانی ئێران ئاگادار بکەنەوە کە واز لە چالاکییەکانیان بهێنن و لە هەرێمی کوردستانەوە نەبنە هەڕەشە بۆسەر کۆماری ئیسلامی ئێران و چەک دابنێن، ئەگەرنا دەستەوەستان نابین و بە هەموو شێوەیەک وەڵامیان دەدەینەوە، ئەگەر بە موشەک و بۆردومانیش بێت."

 

بەوتەی ئەو سەرچاوەیە، "دواتر ئەو لایەنە سیاسییە هەریەک لە کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، حزبی دیموکراتی کوردستان، حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی ڕێکخراوی کوردستانی حزبی کۆمۆنیستی ئێرانی بانگهێشت کردووە و بە نهێنی لەگەڵیاندا کۆبووەتەوە."

 

ڕوونیشیکردەوە، "ئەو لایەنە سیاسییەی هەریمی کوردستان تەنها گەیەنەری پەیامەکەی ئێران بوون و هیچ بۆچوونیکی خۆیان لەوبارەیەوە نەوتووە."

 

بەرپرسی پەیوەندییەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ڕەتیدەکاتەوە ئاگاداری ئەو هەڕەشەیەی ئێران بێت، بەڵام دەشڵیت، ئەوان بە هەڕەشەی و پەیامی ئێران کار ناکەن و خەباتی خۆیان دەکەن.

 

کەریمی پەروێژی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە لێدوانێکی تایبەتدا بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "من ئاگاداری ئەو پەیامەی ئێران نیم لەڕێگەی هەر لایەنێکەوە بێت، بەڵام ئەگەر واشبێت خۆ ئێمە بە هەڕەشە و بۆچوونی ئێران کار ناکەین و واز لە خەبات ناهێنین لەبەر هەڕەشەی ئەوان."

 

ترسی سەرهەڵدانەوەی خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە ئێران

 

 

ناڕەزایەتییەکان دژی کۆماری ئیسلامی ئێران تەنها کوردەکان و کەمە نەتەوایەتییەکانی دیکە نین، لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2019، لە چەندین شاری ئێران دەستیپێکرد و چەندین کوژراو و برینداری لێکەوتەوە.

 

کەریمی پەروێزی باسی لەوەکرد، "ئەو هەڵمەتانەی ئێران بۆ دەستگیرکردنی هاووڵاتیان لە ترس و دڵەڕاوکێیایەتی، بەشێوەیەک هەموو خولەکێک لە ترسی سەرهەڵدانی خۆپیشانداندایە، ئەوەش بەهۆی دۆخی خراپی زۆرینەی هاووڵاتیانی ئێران، نەک تەنها کوردەکان."

 

باسی لەوەشکرد، "هاووڵاتیانی ئێران لە دۆخێکی خراپدان و سەرجەم گەلی ئێران لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران توڕەن، حکومەتیش ترسی لە سەرجەم گەلی ئێران هەیە کە لە هەر چرکەیەکدا لە دژی ڕاپەڕن، بەڵام ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەیکات بەو ڕادەیە لە ناوچە فارسەکان نایکات.

 

"کورد لە هەرچوار پارچە لە مەترسیدایە"

 

چالاکوانان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، زۆرجار داوای یەکگرتنەوەی حزبەکانی ڕۆهەڵات و یەکڕیزی دەکەن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان.

 

ئەمجەد حسین پەناهی پێیوایە، کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان لە دۆخێکی قورسدایە و دۆخی پرسی کوردیش لەبری بەرەو پێشچوون بەرەو دوا دەگەڕێتەوە.

 

باسی لەوەشکرد، "نەبوونی یەکڕیزی لەنێو کورد دا مەترسی گەورەی دروست کردووە، ئەوەتا لەئێستادا لە ڕۆژهەڵات کۆماری ئیسلامی ئێران کورد دەچەوسێنێتەوە و دەیەوێت پرسی کورد بەرەو دوا بگەڕێنێتەوە، لە ڕۆژئاوا، ڕژێمی بەشار ئەسەد دەیەوێت دەسەڵاتی خۆی بگەڕێنێتەوە ناوچە کوردییەکان، تورکیا دەیەوێت هێرش بکاتەسەر شنگال و پەکەکە و دۆخی کورد لە باکوریش خراپە، بەهەمانشێوە لەئێستادا لە باشوریش کورد بەراورد بە ڕابردوو بەرامبەر بەغدا لاوازە و مەترسی لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان هەیە."

 

جەختیشیکردەوە، باشترین کار کە کورد لە هەر چوار پارچە بیکات، یەکڕیزییە و هەروەها لە ڕۆژهەڵاتیش یەکگرتنەوەی هەردوو کۆمەڵە و دیموکرات و کاردنیانە پێکەوە.

 

بەهەمانشێوە، کەریمی پەروێزی پێیوایە کورد بە یەکڕیزی و تەبایی نەبێت ناتوانێت بگات بە ئامانجەکانی و نەک ناچێتە پێشەوە، بەڵکو دەشگەڕێتەوە بۆ دواوە.

 

پەروێزی سەبارەت بە حزبەکانی ڕۆهەڵات باسی لەوەکرد، "ئێمە ڕاستە لە هەندیک بۆچووندا جیاوازیمان هەیە، بەڵام بۆ خەبات و پرسی نەتەوەیی هەمووکات پرس و ڕاوێژ دەکەین و ناوەندی حزبە کوردییەکانمان هەیە و بەردەوام هەماهەنگیمان هەیە."

 

جەختیشیکردەوە، "لەئێستادا هەرچوار حزب کاردەکەین بۆ یەکگرتنەوە و ئەو پرسە بەشێوەیەکی بەرچاو چووەتەپێشەوە و لە داهاتوویەکی نزیکیشکدا ئەنجامەکانی دەبینین".