گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’کوشتن و تەڵاق و سوڵح’

سلێمانى هەڵشۆیی ’لیستى سامانەکەى دەداتە دادگا’

2021.02.02 - 11:23
App store icon Play store icon Play store icon
سلێمانى هەڵشۆیی ’لیستى سامانەکەى دەداتە دادگا’

ناس کورد-

ئەو کەسانەى سکاڵایان لەسەر سلێمان هەڵشۆیی تۆمارکردووە هەوڵێک بۆ چارەسەرى کێشەکە لەدەرەوەى دادگا ئاشکرادەکەن و ئاماژە بەوەشدەکەن هەڵشۆیی لیستى موڵک و سامانەکەى رادەستى دادگا کردووە.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

زیاتر لە مانگێکە سلێمان هەڵشۆیی لەلایەن پۆلیسى راپەڕینەوە دەستگیرکراوە، لەسەر بنەماى سکاڵاى سەدان کەس کە دەڵێن پارەیەکى زۆریان پێداوە و پێی نەداونەتەوە.

 

سکاڵاکارەکان ئەمڕۆ (سێشەممە، 2ی شوباتی 2021) هەوڵێکى نوێیان بۆ چارەسەرى کێشەکە دەستیپێکرد و بریاریاندا دوو یاداشت ئاڕاستەى پەرلەمانى کوردستان و هاوسەرۆکانى یەکێتى بکەن.

 

بایز کاکەمەند عەبدوڵا یەکێک لە سکاڵاکارەکان لەلێدوانێکیدا بۆ کەناڵەکانى راگەیاندن لەناویاندا "ناس کورد" وتى "سلێمان هەڵشۆیی پێی وتوون ئەوەى کە من هەمە بە لیستێک داومەتە دادگا چیم ماوە دەیدەمەوە، باقى پارەکانى لاى من نییە و لاى دەڵاڵەکانە کە دەستبەسەرکراون، هەندێ شتیش دەستى بەسەردا گیراوە".

 

بەشێک لە سکاڵاکارەکان تا ئێستا دووجار لەزیندان چاویان بە هەڵشۆیی کەوتووە و جەختیکردووەتەوە کە پارەکەیان پێدەداتەوە، بەڵام تا ئێستا پارەى کەسى نەگەڕاندووەتەوە.

 

بایز وتى "کێشەکانى ئێستا لەگەڵ بریکارەکانى سلێمان هەڵشۆییە، چونکە ئەوان گروپێک بوون و هەڵشۆیی بەکارهێنراوە لەلایەن کەسانى دیکەوە".

 

سەربارى هەوڵەکانى دادگا بۆ یەکلاییکردنەوەى کەیسەکە، لە ئێستادا هەوڵدەدرێت لەرێگەى سوڵحى کۆمەیەڵاتییەوە کێشەکە چارەسەر بکرێت، بەڵام دیار نییە هەوڵەکە سەردەگرێت یاخود نا.

 

"لەدوێنێوە بەشى کۆمەڵایەتى یەکێتى لە هەوڵدان بۆ سەردانیکردنى زیندان و کەسوکارى دەستگیرکراوەکان بۆ ئەوەى لەرێگەى سوڵحى عەشارییەوە یەکلایی بکرێتەوە" بایز وایوت.

 

وتیشى، هەڵشۆیی هیچ پەیامێکى نوێی نییە، لەدواى چاوپێکەوتنى دووەم هەموو سەردانێکى لێ قەدەغەکراوە.

 

سکاڵاکارەکان سورن لەسەر ئەوەى هەڵشۆیی مایەپوچ نەبووە و دەیانەوێت سەرجەم ئەو پارانەیان وەربگرنەوە کە بەپێی مامەڵەى جۆراوجۆر رادەستیان کردووە بۆ ئەوەى قازانج بکەن.

 

بەوتەى بایز "خەڵک هەبووە کە لەگەڵ سلێماندا بووە، 30 گەڵاى هەبووە، ئێستا خاوەنى 300 دەفتەرە، بۆیە دەمانەوێت پارەکانمان وەربگرینەوە".

 

بەردەوامى کەیسەکە و یەکلانەکردنەوەى کێشەى زۆرى دروستکردووە لە دەڤەرى پشدەر، بەتایبەت بۆ ئەوانەى کە پارەیان داوەتە هەڵشۆیی و ئێستا کات دەژمێرن بۆ دەستکەوتنەوەى پارەکانیان.

 

بایز دەڵێت "کێشەکان زۆرن کە بەهۆى ئەو کەیسەوە دروستبوون، ئافرەت تەڵاق دراوە و کەیسى هەڕەشەش گەیشتووەتە پۆلیس، لەناویاندا هەڕەشەى کوشتن، بەتایبەتى ئەوانەى بونەتە کەفیل لە مامەڵەکاندا".