ناس کورد-
رۆژنامەیەکى عێراقى بڵاویکردەوە، چاوەڕواندەکرێت لەچەند کاتژمێرى داهاتوودا سەرۆکى فراکسیۆنەکانى پەرلەمان کۆبنەوە بۆ یەکلاییکردنەوەى ئەو ناکۆکییانەى بەربەرستن لەبەردەم تێپەڕاندنى پڕۆژەى بودجە بەمەبەستى رێککەوتن لەسەر دیاریکردنى وادەى دەنگدان لەسەر پڕۆژەکە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەپێی راپۆرتێکى رۆژنامەى "مەدا"ى عێراقى کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە، دیارترین ئەو پرسانەى لەکۆبوونەوەکەدا تاوتوێدەکرێن، قەبارەى بودجە و کورتهێنان و نرخى دۆلار و بودجەى وەزارەت و پارێزگاکان و هەناردەى نەوتە، لەگەڵ ناکۆکییەکانى نێوان هەرێم و بەغدا.
محەمەد بەلداوى ئەندامى لیژنەى پلاندانانى ستراتیژى لە پەرلەمان رایگەیاند، سەرۆکى فراکسیۆنەکان لەکۆبوونەوەیەکدا ئەو ماددانە یەکلایی دەکەنەوە کە ناکۆکییان لەسەرە و تا ئێستا یەکلایی نەکراونەتەوە و رێکدەکەون لەسەر دیاریکردنى وادەى دەنگدان لەسەر پڕۆژەکە.
لاى خۆیەوە، ئیخڵاس دلێمى ئەندامى لیژنەى دارایی ئاماژەى بەوەکردووە، تا ئێستا چەند گۆڕانکارییەک کراون، لەوانە کەمکردنەوەى قەبارەى بودجە لە 164 ترلیۆن دینارەوە بۆ 128 ترلیۆن، کەمکردنەوەى کورتهێنان لە 71 ترلیۆنەوە بۆ 40 ترلیۆن.
لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق ماوەى چەند هەفتەیەکە سەرقاڵى تاوتوێکردنى پڕۆژەى بودجەیە، بەڵام هێشتا ناکۆکییەکان لەسەر چەندین ماددە بە هەڵپەسێردراوى ماونەتەوە، لەناویاندا ماددەکانى پەیوەست بە پشکى هەرێم.