گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاری

ناوەڕۆکى کۆبوونەوەى لایەنە شیعەکان بۆ ’’هەڵوەشاندنەوەى پێشمەرگە’’

2021.02.01 - 16:59
App store icon Play store icon Play store icon
ناوەڕۆکى کۆبوونەوەى لایەنە شیعەکان بۆ ’’هەڵوەشاندنەوەى پێشمەرگە’’

ناس کورد-

بەشێک لە لایەنە عێراقییەکان تاوتوێى پرسی کەمکردنەوەی ژمارەی هێزی پێشمەرگە یاخود هەڵوەشاندنەوەیان کردووە، بەڵام بەرپرسانی هەرێم بە توندی ئەو خواستە ڕەت دەکەنەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەپێی ڕاپۆرتێکى دەنگى ئەمریکا (1ی شوباتی 2021) کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە، ژمارەی هێزەکانى پێشمەرگە بە هەموو بەش و پێکهاتەکانیەوە، بە نزیکەی 400 هەزار دەخەمڵێنرێت.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە

 

بەپێی راپۆرتەکە، هەفتەی ڕابردوو، جگە لە ڕەوتی سەدر و تەیاری حیکمە، سەرجەم لایەنە شیعیەکان لە شاری بەغدا کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامداوە، یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکەیان، هێنانە پێشەوەی داواکاری هەڵوەشاندنەوە یاخود کەمکردنەوەی ژمارەی هێزەکانی پێشمەرگە و هەڵوەشاندنەوەی نوێنەرایەتیەکانی حکومەتی هەرێم بووە لە وڵاتان.

 

عەلی حسەینی، وتەبێژی میحوەری باکوری عێراقی حەشدی شەعبی و بەرپرس لە هێزەکانی ڕێکخراوی بەدر ڕەخنەی لە هەرێمی کوردستان گرت بەوەی کە 400 هەزار پێشمەرگەی هەیە، کەچی لەکاتی گرژی و ئاڵۆزی و فشارەکانی سەریدا، داوای هێز و هاوکاری لە عێراق دەکات.

 

وتیشی، "هەرێم هەرێمە، خۆ دەوڵەت نییە، 400 هەزار پێشمەرگەی بۆچیە، هەرێم سێ پارێزگایە، هەر پارێزگایەک و 50 هەزار پێشمەرگەی هەبێت، زۆریشە."

 

هەر بەپێی راپۆرتەکە، جیاواز لە کۆبوونەوەی لایەنە شیعیەکان، هەر هەفتەی ڕابردوو، لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق کە زۆربەی ئەندامەکانی سەربە لایەنە شیعیەکانن، لەگەڵ سەرۆکایەتی کۆمار کۆبوونەتەوە، داوای هەماهەنگی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقیان کردووە، بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو ناوچانەی کە بۆشایی ئەمنیان تێدایە و داعش بۆشاییەکانی قۆستوەتەوە.

 

لیوا محەمەد ڕێگر کە فەرماندەیەکی باڵای پێشمەرگەیە پێیوایە داواکاری عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی پێشمەرگە و دژایەتیکردنی نوێ نییە، بەڵکو دەمێکە باسی دەکەن، وتی، "پێشمەرگە نە ئەوان دروستیانکردووە و نە ئەوانیش خاوەنین، تا بەوان هەڵبوەشێتەوە."

 

لە وەڵامی وتەبێژەکەی حەشدی شەعبیشدا، لیوا محەمەد دەڵێت، "بە پێچەوانەوە، نەک هەرێم، بەڵکو ناوچەی سەوزی بەغداش کە سەرۆکایەتی کۆمار و حکومەت و پەرلەمانی تێدایە، هێزە کوردیەکان دەیپارێزن، بەڵام ئەوان چاویان بە پێشمەرگەدا هەڵنایەت."