ناس کورد-
ئەندامێکى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى لەفراکسیۆنى یەکێتى ڕایگەیاند، ئەگەر حکومەتى هەرێم و بەغدا لەسەر دۆسیەى نەوت ڕێکنەکەوتن ئەوا حکومەتى خۆجێیى سلێمانى ڕاستەوخۆ لەگەڵ فیدراڵدا مامەڵە دەکات.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ڕێکەوت زەکى، ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى لەفراکسیۆنى یەکێتى (1ى شوباتى 2021) لەلێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەى سەباحى فەرمى کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە ئاماژەى بەوە کرد، لەکاتى نەگەیشتنە ڕێکەوتنى هەرێم و بەغدا لەسەر دۆسیەى نەوت ئەوا دەتوانرێت بڕگەیەک لەیاسای بودجە جێگیر بکرێت کە ڕێگە دەدات حکومەتى خۆجێیى پارێزگاى سلێمانى بەشێوەیەکى یاسایى و دەستورى ڕاستەوخۆ لەگەڵ حکومەتى فیدراڵدا مامەڵە بکات".
ئاماژەى بۆ ئەوەش کرد، حکومەتى خۆجێیى سلێمانى دەتوانێت داهاتەکەى ڕادەستى حکومەتى فیدراڵ بکات و بەغداش موچەى فەرمانبەرانى پارێزگاکە ڕەوانە بکات.
زەکى دەشڵێت، ئەوە بەندێکى یاساییە بۆ ماوەى ساڵێک هەردوو حکومەتى خۆجێیى هەولێر و دهۆکیش دەتوانن هەمان شت بکەن.
ڕۆژنامەکە ئەوەشى وەبیرهێناوەتەوە، ساڵى 2020 لەلایەن حکومەتى هەرێمەوە 7 موچە نەدراوە بە فەرمانبەران و تەنها 5 موچەیان پێدراوە ئەویش بەلێبڕینى سەدا 18 بۆ 21 % و نازانرێت موچەى مانگى کانوونى دووەمیش بەچ شێوەیەک دەدرێت و ئەو دۆخەش ناڕەزایەتى و خۆپیشاندانى بەشێک لە ناوچەکانى کوردستانى لێکەوتەوە.