گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی

شەوێکى ’یەکلاکەرەوە’..سیناریۆى سێیەم بۆ رێککەوتن لەسەر پشکى هەرێم ئاشکراکرا

2021.01.31 - 23:23
App store icon Play store icon Play store icon
شەوێکى ’یەکلاکەرەوە’..سیناریۆى سێیەم بۆ رێککەوتن لەسەر پشکى هەرێم ئاشکراکرا

ناس کورد-

چاوەڕواندەکرێت چارەنوسى پشکى هەرێم لە بودجەى 2021ى عێراق ئەمشەو "یەکلایی بکرێتەوە"، لە گفتوگۆکانى لیژنەى دارایی و شاندى هەرێم، لەناو چەند سیناریۆ و بژاردەیەکدا.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

شاندى هەرێم بەسەرۆکایەتى قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆکى حکومەت، دواى چەند رۆژێکى کەم لە گەڕانەوەیان لە دانوستانێکى چڕو پڕ لەگەڵ لیژنەى دارایی، ئەمشەو جارێکى تر گەڕانەوە بەغدا بۆ ئەنجامدانى دوایین گفتوگۆ لەگەڵ لیژنەکە لەو بارەیەوە.

 

لەکۆبوونەوەکانى پێشووى نێوانیاندا، شاندى هەرێم زانیارییەکانى تایبەت بە دۆسیەى نەوت و فەرمانبەرانى رادەستى لیژنەکە کرد و دەیانەوێت ئەمشەو پرسەکە لەگەڵ لیژنەى دارایی یەکلایی بکەنەوە، پێش ئەوەى پڕۆژەى بودجە لە پەرلەمان بخرێتە دەنگدانەوە.

 

بەپێی پڕۆژەکە کە حکومەت رەوانەى پەرلەمانى کردووە، پشکى هەرێم بە 12.67% دیاریکراوە بەرانبەر رادەستکردنى 250 هەزار بەرمیل نەوت و نیوەى داهاتە فیدراڵییەکان، بەڵام لیژنەى دارایی دەیەوێت گۆڕانکاریی تێدا بکات.

 

بەپێی زانیارییەکانی "ناس کورد" کە لە چەند سەرچاوەیەکی ئاگاداری دانوستانەکانەوە وەری گرتووە، هەرێمی كوردستان ئامادەیە بڕی دیاریكراوی نەوت لە ڕەشنوسی بودجە  كە 250 هەزار بەرمیلی ڕۆژانەیە "چ بە نەوتی خاو یاخود بەهاكەی ڕادەست بكات" و لەمەدا خۆی یەكلایی كردووەتەوە.

 

سیناریۆى سێیەم      

چاوەکان لەسەر کۆبوونەوەى ئەمشەوى شاندەکەیە لەگەڵ لیژنەى دارایی، کە وتەى بەشێک لە بەرپرسان ئاماژەیە بۆ ئەوەى ئەگەر هەیە یەکلاکەرەوە بێت بۆ چارەسەرى ئەو پرسە.

 

ئەحمەد سەفار بڕیاردەرى لیژنەى دارایی لە پەرلەمانى عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵى عێراقییەى فەرمى کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە رایگەیاند، حکومەتى هەرێم ئامادەیی دەربڕیوە، 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بکات، یاخود بەهاى ئەو نەوتە بە نرخى سۆمۆ هەرچەندە هەرێم 11 دۆلار کەمتر نەوتەکەى دەفرۆشێت.

 

وتیشى "هەروەها سیناریۆى سێیەمیش لە ئارادایە کە بریتییە لە رادەستکردنى کۆى نەوتى هەرێم کە 460 هەزار بەرمیلى رۆژانەیە، بەمەرجێک بەغدا پێداویستى ناوخۆیی هەرێم لە سوتەمەنى و خەرجییەکانى نەوت خەرجبکات".

 

بەوتەى ئەحمەد سەفار، لەو  460 هەزار بەرمیل نەوتەى هەرێم رۆژانە بەرهەمیدەهێنێت، 30 هەزار بەرمیلى بۆ بەکارهێنانى ناوخۆییە، 180 بەرمیلیشى بۆ خەرجییەکانى پڕۆسەى نەوتە.

 

رونیشیکردەوە، بۆیە بەپێی ئەو سیناریۆیەش ئەگەر بەغدا هەموو نەوتەکەش وەربگرێت، ئەوەى بۆی دەمێنێتەوە هەر 250 هەزار بەرمیل نەوتە.

 

ئەحمەد سەفار باسى لەوەشکرد، رێژەیەکى زۆرى پەرلەمانتاران لەگەڵ ئەوەن ئەو کێشەیە تێپەڕێت، 250 هەزار بەرمیل نەوت وەکو دەقە حکومییەکە لەگەڵ هەندێ گۆڕانکاریی پەسەند بکرێت، بەتایبەت کەهەرێم جدییە دەیەوێت ئەو بڕە نەوتە رادەست بکات.

 

"شاندى هەرێم هەموو زانیارییەکانى خستووەتە بەردەم لیژنەى دارایی، نەخشەى نەوت، چەند بیر هەیە بەرهەم چەندە، تێچوو چەندە، بەچەند دەفرۆشێت، ژمارەى فەرمانبەران، ئەوەش کاریگەرى لەسەر ئەندامانى لیژنەى دارایی کردووە و هەڵوێستى بەشێکیان گۆڕاوە"، ئەحمەد سەفار وایوت.

 

دوو هەڵوێستی نوێ

پێش سەردانى شاندەکەى هەرێم بۆ بەغدا، لیژنەى دارایی کۆبوونەوەیەکى دیکەى ئەنجامدا بۆ تاوتوێکردنى پڕۆژەى بودجە، لەناویاندا ماددەکانى پەیوەست بە پشکى هەرێم کە هێشتا بە هەڵپەسێردراوى ماونەتەوە.

 

هوشیار عەبدوڵڵا ئەندامی لیژنەی دارایی  لە بەیاننامەیەكدا كە وێنەی دراوەتە "ناس كورد"  ڕایگەیاند "لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی دارایی (31 كانونی دووەمی 2021) سەبارەت بە بودجەی 2021 دوو هەڵوێستی نوێ هەبوون، کوتلە سونییەکان بە فەرمیی پێیان راگەیاندین هەر دەقێک ئێوە وەک کورد ئیتیفاقتان لەبارەوە کرد ئێمە پشتیوانتان دەبین".      

  

وتیشى  بەشێک لە کوتلە شیعیەکان ڕایەکی نوێیان سەبارەت بە نەوت و پشکی هەرێم خستە روو، بە گوێرەی ئەو دەقە نوێیە، عێراق لە بەندەری جیهان هەمو نەوتی هەرێم وەربگرێ، بۆ کرێی کۆمپانیا و گواستنەوە و مەسرەفەکانیی تر، بڕێک لەو نەوتە بدەنەوە بە هەرێم خۆی بیفرۆشێ، واتا کۆی نەوتەکە بە نەوت وەربگرن، کرێی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوتەکەش بە نەوت بدەنەوە هەرێم.      

  

سەبارەت بەڕای پەرلەمانتارە كوردەكانیش هوشیار عەبدوڵڵا، نووسیویەتی"رای ئێمە پشتیوانیکردنە لەو دەقەی کە لە حکومەتەوە هاتوە وەک خۆی".