گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’ڕازى نابین نەوت رادەستنەکات’

پەرلەمانتارێکى عێراقى ئەگەرى تێپەڕاندنى بودجە ’بە زۆرینە’ دەوروژێنێت

2021.01.31 - 21:56
App store icon Play store icon Play store icon
پەرلەمانتارێکى عێراقى ئەگەرى تێپەڕاندنى بودجە ’بە زۆرینە’ دەوروژێنێت

ناس کورد-

ئەندامێکى پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، بە ڕێکەوتن بێت یاخود زۆرینەى سیاسى لە پەرلەمان پرۆژە یاساى بودجە تێدەپەڕێنن، جەختلەوەشدەکاتەوە کە هەرگیز ڕاى نابن بەسرە نەوت ڕادەست بکات و هەرێم رادەستى نەکات.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

حسێن عەرەب پەرلەمانتارى کوتلەى "ئيرادە" لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵى فەرمى عێراقییە (یەکشەممە 31ى کانونى دووەمى 2021)  کە "ناس کورد" بەداواداچوونى بۆ کردووە وتى "سەرچاوە سروشتیەکان موڵکى فیدراڵە و حکومەت داهاتە سروشتیەکان دابەش دەکات بە یەکسانى، ئايا دەکرێت نەوتى بەسرە ڕادەست بکرێت و هەرێمى کوردستان ڕادەستى نەکات؟، سەرەڕاى ئەوەش پشکى 12%ى بودجەى دەوێت".

 

وتیشى "حکومەتى هەرێم داهات ڕادەست ناکات، گومرگەکان ڕادەست ناکات و نەوت ڕادەست ناکات، هەرگیز ئەوە قبوڵ ناکەین، هیواخوازین برایانمان لە هەرێمى کوردستان و وەفدى کورد جدى بن لە باسکردنى کێشەکان و چارەسەرکردنیان".

 

حسێن عەرەب لە بەشێکى ترى قسەکانیدا جەختیلەوەکردەوە، برا کوردەکانیش بڕوایان بە دیموکراتى هەیە لەناو پەرلەماندا، "بۆچونى زۆرینە چى بوو تێیدەپەڕێنین، بۆیە بە زۆرینە بێت یاخود ڕێکەوتن پرۆژە یاساى بودجە تێدەپەڕێنرێت".

 

ئەوە لەکاتێکدایە بڕیارە ئەمڕۆ "کۆبوونەوەیەکی گرنگ" لەنێوان شاندی هەرێم و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەبارەى پشکی بودجە و شایستە داراییەکان ئەنجام بدرێت، ناس کوردیش پێشنیازی هەرێم لە کۆبوونەوەکەدا ئاشکرا دەکات.      

  

بەپێی زانیارییەکانی "ناس کورد" کە لە چەند سەرچاوەیەکی ئاگاداری دانوستانەکانەوە وەری گرتووە، هەرێمی كوردستان ئامادەیە بڕی دیاریكراوی نەوت لە ڕەشنوسی بودجە  كە 250 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە "چ بە نەوتی خاو یاخود بەهاكەی ڕادەست بكات" و لەمەدا خۆی یەكلایی كردووەتەوە.       

  

هەر بەپێی زانیارییەکان، سەبارەت بە ڕادەستكردنی كۆی نەوت یان دۆسیەی نەوت بە بەغدا کە یەکێکە لە پێشنیازەکانی بەغدا، حكومەتی هەرێمی کوردستان پێیوایە ئەوە پرسێكی سیادی و دەستورییە و لە ئەرك و بڕیاری ئەم گەورەترە، جگە لەوەش لە سەرچاوەكانی نزیك لە سەرۆكی حكومەتەوە چەند جارێك ڕەتكردنەوەی ڕاگەیەنراوە.      

  

هاوکات ئەمرۆ کۆبونەوەی ژمارە ۳٦ ی لیژنەی دارایی سەبارەت بە بودجەی 2021 ی عێراق بەرێوەچوو، لە كۆبوونەوەكەدا پەرلەمانتارە سوننەكان و شیعەكان دوو پێشنیاری نوێیان پێشكەش كردووە لەبارەی نەوتی هەرێمی كوردستان.     

  

ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران، هوشیار عەبدوڵڵا، لە بەیاننامەیەكدا كە وێنەی دراوەتە "ناس كورد"  ڕایگەیاند لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی دارایی (31 كانونی دووەمی 2021) سەبارەت بە بودجەی 2021 دوو هەڵوێستی نوێ هەبوون:    

  

یەک: کوتلە سونییەکان بە فەرمیی پێیان راگەیاندین هەر دەقێک ئێوە وەک کورد ئیتیفاقتان لەبارەوە کرد ئێمە پشتیوانتان دەبین .    

  

دوو: بەشێک لە کوتلە شیعیەکان ڕایەکی نوێیان سەبارەت بە نەوت و پشکی هەرێم خستە روو، بە گوێرەی ئەو دەقە نوێیە، عێراق لە بەندەری جیهان هەمو نەوتی هەرێم وەربگرێ، بۆ کرێی کۆمپانیا و گواستنەوە و مەسرەفەکانیی تر، بڕێک لەو نەوتە بدەنەوە بە هەرێم خۆی بیفرۆشێ، واتا کۆی نەوتەکە بە نەوت وەربگرن، کرێی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوتەکەش بە نەوت بدەنەوە هەرێم.    

  

سەبارەت بەڕای پەرلەمانتارە كوردەكانیش هوشیار عەبدوڵڵا، نووسیویەتی"رای ئێمە پشتیوانیکردنە لەو دەقەی کە لە حکومەتەوە هاتوە وەک خۆی".