گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاری

’’سێ قەزای هەرێم دەکرێنە ئیدارەی سەربەخۆ’’

2021.01.30 - 22:09
App store icon Play store icon Play store icon
’’سێ قەزای هەرێم دەکرێنە ئیدارەی سەربەخۆ’’

ناس کورد-

بڕیارە ھەرسێ قەزای ئاکرێ و سۆران و زاخۆ بکرێنە ئیدارەی سەربەخۆ و قایمقامی ئاکرێش دەڵێت، بڕیاری پارێزگابوونی ئاکرێیان ھەیە، بەڵام بەھۆی ڕێکاری یاسایی دەیانەوێت لە سەرەتادا ببیتە ئیدارەی سەربەخۆ.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

مازن محەمەد، قایمقامی قەزای ئاکرێ (شەممە 30ی کانوونی دووەمی 2021) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاند، "لە ساڵی 1999 لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە بڕیاری بەپارێزگابوونی قەزای ئاکرێ دەرچووە، بەڵام تا ئێستا بڕیارەکە نەخراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە."

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، " ئێمە ڕاپۆرتێکی وردمان پێشکەشی پەرلەمانی کوردستان کردووە کە ئاکرێ بکرێتە ئیدارەی سەربەخۆ، ھەردوو قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش بخرێنە سەر ئیدارەی ئاکرێ، ھەرچەندە ئێمە دەستمان لە داواکاریی خۆمان بۆ بەپارێزگابوونی ئاکرێ بەرنەداوە، بەڵام پارێزگا کارێکی زۆری دەوێت و لە ڕووی یاساییەوە پێویستی بە ڕەزامەندیی بەغدایە، لەبەر ئەوەش لە قۆناغی یەکەمدا دەمانەوێت ئاکرێ بکرێتە ئیدارەی سەربەخۆ."

 

قایمقامی ئاکرێ باسی لەوەشکردووە، "پەرلەمانی کوردستان ئامادەیی دەربریوە بۆ داواکاریی ئێمە، دوای بڕینی ڕێکارەکان، ئیدارەی سەربەخۆ سوودی زۆری دەبێت بۆ ئاکرێ و بەردەڕەش، چونکە سنوورێکی فراوانی ھەیە و لە ڕووی خزمەتگوزارییەوە وەک پارێزگا مامەڵە لەگەل ئیدارەی سەربەخۆ دەکرێت و میزانیەی تایبەتی بۆ تەرخان دەکرێت."

 

لەلایەکی دیکەوە، هەوڵێک هەیە  ھەردوو قەزای ئاکرێ و زاخۆ بکرێنە ئیدارەی سەربەخۆ، لە ھەنگاوی یەکەمدا بۆ ئەوەی زاخۆ بکرێتە ئیدارەی سەربەخۆ، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی زاخۆ ڕاستەوخۆ خراوەتە سەر بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی ھەرێمی کوردستان و لە کاتی سەردانی بۆ زاخۆ سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەڵێنی ئیدارەی سەربەخۆی بە خەڵکی زاخۆ داوە.

 

سەوری بێرۆخی، نوێنەری سۆران لە ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێری بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی وتووە، "ڕێکارەکانی ئیدارەی سەربەخۆ بۆ قەزای سۆران دەستی پێ کردووە و پەرلەمانی کوردستان نووسراوێکی ئاراستەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران کردووە بۆ ئەوەی سۆران بکرێتە ئیدارەی سەربەخۆ، بێگومان سۆران گرنگییەکی تایبەتی ھەیە و لە ھەرچوار قەزای سۆران و ڕواندز و مێرگەسۆر و چۆمان پێک ھاتووە و دەڤەرێکی فراوانی ھەیە."

 

ئەندامەکەی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەگەر وەک ساڵی ڕابردوو ڕەوشێکی تایبەت نەیەتە ئاراوە، ئەوە ئەمساڵ قەزای سۆران دەبێتە ئیدارەی سەربەخۆ، چەندین فەرمانگەی حکوومەتیش ئێستا لە سۆران ھەن و مامەڵەی ھەرچوار قەزای سنوورەکە بەڕێوە دەبەن."