ناس کورد-
ڕۆژنامەیەکی وڵاتی هیندستان بڵاویکردەوە، پۆلیسی ئەو وڵاتە لە شوێنی تەقینەوەکەی نزیک باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە نیودەلهیی پایتەخت نامەیەکیان دۆزیوەتەوە کە باس لە کوشتنی قاسم سولەیمانی و موحسین فەخری زادە، زانا ئەتۆمییە تیرۆرکراوەکەی ئێرانی کردووە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەگوێرەی هەواڵێکی ڕۆژنامەی "هندستان تودەی" (شەممە 30ی کانوونی دووەمی 2021) کە " ناس کورد" بەدواداچوونی بۆکردووە، " پۆلیس لە شوێنی تەقینەوەکەی نزیک باڵوێزخانەی ئیسرائیل لە نیودلهیی پایتەختی هندستان، نامەیەکیان دۆزیوەتەوە کە لە لاپەڕە و نیوێک پێکهاتووە و تێیدا باسی لە کوشتنی قاسم سولەیمانی وموحسین فەخری زادە، زانا ئەتۆمییە تیرۆرکراوەکەی ئەو وڵاتە کردووە".
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوە شکردووە، ڕێکخراوێک بە ناوی "سوپای هندستان" بەرپرسی خۆی لە ئەنجامدانی تەقینەوەکەدا ڕاگەیاندووە کە لەڕێگەی دانانی تەقەمەنی لە ناو بۆتڵێکی خواردنەوە لە نزیک باڵیۆزخانەکەوە ئەنجامدراوە.
بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، بڕیارە لێکۆڵەرانی ئیسرائیل کە تایبەتن بە بنبڕکردنی تیرۆر، بەم نزیکانە بگەنە هیندستان بۆ ئەوەی هاوکاری دەزگاکانی ئەو وڵاتە بکەن لە لێکۆڵینەوەکاندا.
ڕۆژی (هەینی 29ی کانوونی دووەمی 2021) تەقینەوەیەک لەنزیک باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە شاری نیودەلهیی پایتخەتی هندستان ڕوویدا و بووە هۆی ئەوەی ژمارەیەک ئۆتۆمبێل تێکبشکێنێت، بێ ئەوەی هیچ قوربانییەکی لێبکەوێتەوە.