گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بۆچی سکاڵا ناکەن؟

پارتی وەڵامی پۆلیسی سلێمانی دەداتەوە لەبارەى تەقەکردن لە بارەگاکەى

2021.01.30 - 11:18
App store icon Play store icon Play store icon
پارتی وەڵامی پۆلیسی سلێمانی دەداتەوە لەبارەى تەقەکردن لە بارەگاکەى

ناس کورد-
بەرپرسی لیژنەی ناوچەی یەکی پارتی لە سلێمانی باس لە چۆنیەتی تەقەکردن لە بارەگاکەیان دەکات و وەڵامی پۆلیسی سلێمانیش دەداتەوە لەبارەى تۆمارکردنی سکاڵا.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

سەڵاح شێخ مەجید لە میانی بەشداری لە ڕاستەوخۆیەکی "ناس کورد"دا وردەکاری ڕووداوی تەقەکردنی لە بارەگاکە ئاشکرا و (30ی کانونی دووەمی 2021) و تی، "کاتژمیر 6:13 خولەکی بەیانی سێ کەس لە ئۆتۆمبێلێکی جۆری لاندکرۆزەری ڕەنگ سپی کە ژمارەکەی داپۆشرا بوو تەقەیان لە بارەگای ناوچەکەمان کردووە و تەقەکردنەکەش تەنها زیانی مادی هەبووە."

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە

 

دەشڵێت، "سێ کەسەکە چەند چرکەیەک ڤیدیۆی بارەگاکەیان گرتووە لەدوای تەقەکردن، مەبەستیان بووە دەستخۆشییان لێبکرێت."


باسی لەوەشکرد، "ئەوەی ئێمە دۆزیومانەتەوە لە شوێنی تەقەکردنەکە 52 قەوانی فیشەکە کە ڕەنگە زیاتریش بێت."

 

هاوکات سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لە لێدوانێکدا بۆ "ناس کورد" (30ی کانونی دووەمی 2021) ڕایگەیاند، "وەکو پۆلیسی سلێمانی ئاگادار نەکراوینەتەوە لەبارەی بوونی تەقەکردن لە بارەگای پارتی لە سلێمانی و تا ئێستاش هیچ سکاڵایەک تۆمار نەکراوە."

 

باسی لەوەشکرد، "ئەگەر ئەوان سکاڵا تۆمار نەکەن ئێمە ناتوانین بەدواداچوون بکەین و بۆ ئەوەش تا ئێستا هیچ سکاڵایەک لەوبارەیەوە تۆمار نەکراوە."

 

لە وەڵامی قسەکانی پۆلیسی سلێمانی، سەڵاح شێخ مەجید ڕایگەیاند، "پاسەوانەکانی بارەگاکە وەڵامی تەقەکانیان داوەتەوە بەڵام ئێمە نیازمان نییە کەس بکوژین و تەقە لە کەسیش بکەین، ئێمە دەمانەوێت ئارامی و ئاسایشی ئەم کوردستانە پارێزراوبێت بەتایبەتی شاری سلێمانی، بەڵام ئەمە سێیەمجارە تەقە لەم ناوچەیە دەکرێت، جگە لەوەش تەقە لە سەرکردایەتی و لقی پارتیش کراوە و بەدواداچوونیش کراوە بەڵام نەگەیشتووینەتە ئەنجام."


سەبارەت بەوەی ئایا کێ تۆمەتبار دەکەن یاخود سکاڵا تۆمار دەکەن، بەرپرسی لیژنە ناوچەی یەکی پارتی لە سلێمانی وتی، "کامێرای چاودێری بارەگاکەمان وێنە و ڤیدیۆی تەقەکردنەکەی تۆمارکردووە، بەڵام ئێمە هیچ کەسێک تۆمەتبار ناکەین و سکاڵاشمان تۆمار نەکردووە و بۆ تۆمارکردنی سکاڵاش چاوەڕوانی بڕیاری ئۆرگانەکانی سەرەوە دەکەین، چونکە سکاڵاکە سودی نییە و چەند جارێک سکاڵا تۆمار کراوە و لێکۆڵینەوەش کراوە بەڵام هیچ ئەنجامێکی نەبووە، بە ئاشکراش نەیان وتووە کەسێک دەستگیرکراوە."