گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

چارەسەرێک بۆ هەرێم و بەغدا

پەیمانگاى واشنتن ڕێگەچارەیەکی نوێ بۆ کێشەکانی هەرێم و بەغدا پێشنیاز دەکات

2021.01.29 - 21:02
App store icon Play store icon Play store icon
پەیمانگاى واشنتن ڕێگەچارەیەکی نوێ بۆ کێشەکانی هەرێم و بەغدا پێشنیاز دەکات

ناس کورد- 

پەیمانگای واشنتن بۆ توێژینەوە ڕایگەیاند، لە جێی کڕینی گازی سروشتی لە ئێران، عێراق دەتوانێت گازی سروشتیی هەرێمی کوردستان بکڕێت و دەشڵێت، دەکرێت لەو ڕێگەیەوە کێشەکانی هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیشیان چارەسەر بکەن. 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لەڕاپۆرتێکى بنکۆڵکاریدا کە "ناس کورد" (هەینی 29ی کانوونی دووەمی 2021) بەدواداچوونى بۆ کردووە، پەیمانگاى واشنتۆن بۆ توێژینەوە  دەڵێت، بڕى گازى سروشتى هەرێمى کوردستان دەتوانێت کێشەکانى عێراق بۆ کارەبا چارەسەر بکات و بەڕێککەوتنى گازیى نێوان هەرێم و فیدراڵ گرژییەکانى ئەو دوو لایەنەش لەسەر بودجە هێور دەبێتەوە.

 

ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە، پەیمانگاى واشنتن لە 12ی ئەم مانگە کۆڕبەندێکى سیاسى لەگەڵ چەند بەرپرسێکى ئەمەریکى و ژمارەیەک لە بەرپرسانى هەرێم، لەوانە ڕاوێژکارێکى وەزارەتى سامانە سروشتیەکانى هەرێم سازکردووە و تێیدا چەند پرسێکى تایبەت بەگازى سروشتى هەرێم و فیدراڵ خراوەتە بەر باس و گفتوگۆ.

 

بەپێى پەیمانگاکە ماتێۆ زایس، جێگرى یەکەمى نوسینگەى کاروبارى نێودەوڵەتى لە وەزارەتى وزەى ئەمەریکا لەسەر ئەو دۆخە وتوویەتى، گازى سروشتیى عێراق زۆر جیاواز و تاکانەیە و خاوەنى سەرچاوەیەکى زۆرى ئەو وزەیەیە، بەڵام بەشێکى زۆرى هەروا دەسوتێت و دواتریش پشت بە وڵاتانى دەوروبەر بەستراوە بۆ هاوردەکردنى ئەو وزەیە بۆ پڕکردنەوەى پێداویستیەکان.

 

ئەو بەرپرسەى ئەمەریکا باسى لەوەش کردووە، بڕێکى زۆر لەو گازە سروشتییە لە هەرێمى کوردستاندا هەیە و بۆ چارەسەرکردنى ئەو گرفتەش سودى دەبێت و دەتوانرێت ئەو ئاڵنگارییەشى پێ چارەسەر بکرێت کە لەعێراقدا دروستبووە بەو هۆیەوە.

 

ماتیۆ ئەوەشى خستووەتەڕوو، کێشەى گازى سروشتیى هەرێمى کوردستان تەنها لایەنێکى سیاسەتى ئەمەریکا نیە بەرامبەر ئێران، بەڵکو پێشخستنى ئەو کەرتە ڕێگە بە عێراق دەدات بڕێکى زۆرترى وزە کە دەمێنێتەوە لە ناوخۆ هەناردەى تورکیا و وڵاتانى دەورووبەریشى بکات.

 

ئەو بەرپرسەى وەزارەتى وزەى ئەمەریکا ئەوەشى ڕوونکردووەتەوە، هەروەها پێشخستنى ئەو کەرتە تەواوکارییەکى ئابووریى گەورە لەناوخۆى هەرێم لەگەڵ عێراقدا بەرجەستە دەکات و سودێکى زۆریشى بۆ هەموو عێراق دەبێت و ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکاش بە گرنگى لە ڕۆڵى هاریکارى هەرێم لەبوارى وزە تێدەگات بەتایبەت لەڕێگەى پاڵپشتیەکانى بۆ کۆمپانیاى نەوت و گازییەکانى ئەمەریکا لەهەرێم.

 

بەوتەى ماتیۆ، هەر هەوڵێک بۆ پیشخستنى کەرتى گازى سروستى لە هەرێمى کوردستاندا دووچارى دەیان ئاڵنگەرى دەبێتەوە، لەوانە بەربەستە سیاسیەکان و کەمى هاریکارى نێوان کۆمپانیا نێودەوڵەتیەکانى نەوت و وەزارەتى سامانە سروشتیەکانى هەرێم.



هەر لەدرێژەى قسەکانیدا دەشڵێت، سەربارى ئەو بەربەستانە، بەڵام هەرێمى کوردستان بۆ ساڵى  2035 تواناى بەرهەمهێنانى 40 ملیار مەتر سێگۆشەى گازى سروشتى ساڵانەى دەبێت بەراورد بە ئێستا کە 5 ملیار مەتر سێگۆشەى ساڵانەى هەیە.

 

پەیمانگاى واشنتۆن باسى لەوەش کردووە، هاریکارى لەکەرتى گازى سروشتى و بەرهەمهێنانى کارەبا دەتوانێت نزیکبوونەوە لەنێوان حکومەتى هەرێم و فیدراڵدا دروست بکات و ڕۆڵیشى لە هێورکردنەوەى ئەو گرژیانەش دەبێت کە لەنێوان هەرێم و فیدراڵ لەسەر پشکى کورد لەبودجەى ئەم ساڵدا هەیە.