ناس کورد-
لیژنەى پەروەردە لە پەرلەمانى عێراق داواى جێبەجێیکردنى یاساى تایبەت بەپێدانى دەرماڵە بۆ قوتابیان و خوێندکاران دەکات و ئەندامێکى لیژنەکەش دەڵێت، بڕى 2 ملیار دینارى مانگانەى تێدەچێت و زۆر لەسەر حکومەت ناکەوێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
سەفا غانم، ئەندامى لیژنەى پەروەردە لەپەرلەمانى عێراق (28ى کانوونى دووەمى 2021)
لەلێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەى سەباحى فەرمى کە "ناس کورد " بەدواداچوونى بۆ کردووە ڕایگەیاند، دەرماڵەى قوتابیان و خوێندکارانى سەرەتایى و ناوەندەى و ئامادەیى پێشتر لەپەرلەمانەوە دەنگى لەسەر دراوە بەڵام کابینەکەى پێشوو و ئێستاش جێبەجێى ناکات.
دەشڵێت، پێویستە حکومەت پابەندى بەڵێنەکانى بێت و ئەو دەرماڵەیە بۆ قوتابیان و خوێندکاران خەرج بکات چونکە مافى خۆیانە و دەنگیشى لەسەر دراوە.
ئاماژەى بۆ ئەوەش کرد، ئەگەر ئەو پارەیە خەرج بکرێت دەکاتە نزیکەى 2 ملیار دینارى مانگانە و زۆر لەسەر دەوڵەت ناکەوێت و ئەوەش دەبێتە هاندەرێک بۆ گەڕانەوەى قوتابییە دەرنەچووەکان بۆ خوێندن.
بەپێى ياساکە کە لەمانگى کانوونى دووەمى ساڵى 2013 پەسەند کرا، بۆ قوتابیانى پۆلەکانى بنەڕەتى مانگانە 30 هەزار دینار خەرج دەکرێت و بۆ قوتابیانى پۆلەکانى ناوەندى و دواناوەندیش بۆ هەر قوتابیەک مانگانە 50 هەزار دینار خەرج دەکرێت لەقوتابخانە حکومییەکاندا.
هەر بەپێى یاساکە لەکاتى دەرنەچوونى قوتابى و خوێندکار یاخود وازهێنان لەقوتابخانە ئەو دەرماڵەیەى دەبڕدرێت.