ناس کورد-
پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند، لە گوندێکی سەر بە ناحیەی بازیان بەهۆی دروستبوونی کێشە لەسەر شوێنی ئاژەڵ دوو گەنج دەبێتە شەڕیان و لە ئەنجامدا یەکێکیان بەهۆی بەرکەوتنی چەند چەقۆیەک گیانی لەدەستدا.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
سەرکەوت ئەحمەد بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی پۆلیسی سلێمانی (27ی کانونی دووەمی 2021) لە لێدوانێکدا بۆ "ناس کورد" ڕایگەیاند، لە گوندی کانی شایا لە ناحیەی بازیان دوو شوان لەسەر شوێنی لەوەڕاندنی ئاژەڵەکانیان دەبێتە شەڕیان و دواتر بەهۆی لێدانی چەند چەقۆییەک گەنجێک بەناوی (س.ص.ع) لەدایکبووی 1996 پیشە پێشمەرگە گیانی لەدەستدا.
ئاماژەى بەوەش کرد، کوژراوەکە پیشەی پێشمەرگە بووە بەڵام ئەمڕۆ بۆ شوانی ژمارەیەک ئاژەڵی خۆیانی بردووەتە دەرەوە و بەهۆی دروستبوونی کێشە لەگەڵ شوانێکی دیکە چەند چەقۆیەک بەر مل و سەر سنگی کەوتووە و بەو هۆیەوە گیانی لەدەستداوە.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی پۆلیسی سلێمانی رونیکردەوە، دوای ڕووداوەکە بکوژەکە (م.ف) لەدایکبوونى 2001 لەلایەن هێزەکانیان دەستگیرکراوە.