ناس كورد-
ئەندامێكی كورد لە لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران ڕایدەگەیەنێت، کێشەی هەرە گەورەی بەردەم پشکی هەرێم لە گفتوگۆکاندا دەربارەی یاسای موازەنەی ۲٠۲۱، نەوتی هەرێمی كوردستانەو لایەنە عێراقییەكانی بەسەر سێ بۆچووندا دابەش كردووە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
هوشیار عەبدوڵڵا لە فراكسیۆنی گۆڕان و ئەندامی لیژنەی دارای ئەنجومەنی نوێنەران لە راگەیەنراوێكدا كە "ناس كورد" بەدواداچوونی بۆ كردووە، رایگەیاند ئەمڕۆ (27 كانونی دووەمی 2021) کۆبونەوەی ژمارە ۳۳ ی لیژنەی دارایی بەرێوە چوو، لە كۆبوونەوەكەشدا باسی نەوتی هەرێم، دیوانی چاودێری، نرخی دۆلار كراوە.
هەروەها ئەوەشی راگەیاندووە " کێشەی هەرە گەورەی بەردەم پشکی هەرێم لە گفتوگۆکانماندا دەربارەی یاسای موازەنەی ۲٠۲۱، نەوتی هەرێمە، ئەم دۆسیەش لایەنە سیاسیەکانی عێراق بەسەر سێ بۆچون یاخود داواکاریدا دابەش كردووە كە بریتین لە
* ۲٥٠ هەزار بەرمیلی رۆژانە.
* کۆی مەلەفی نەوتی هەرێم.
* کۆی نەوتی بەرهەمهێنراو لە هەرێم.
بریاریشە هەفتەی داهاتو لەسەر ڕایەک یەکلا ببنەوە و تا ئێستاش هەرێم یەک ڕای هەیە ئەویش ئەوەیە کە ئامادەیە ۲٥٠ هەزار بەرمیل رادەست بکا، جا داهات بێ یان نەوتەکە.
ئەمڕۆ(چوارشەممە 27ی کانونی دووەمی 2021) قوباد تاڵەبانی، سەرۆكی شاندی دانوستانكاری حكومەتی هەرێم لەگەڵ حەسەن کەعبی و بەشیر حەداد، جێگرانی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كۆبوویەوە.
لەبارەى کۆبوونەوەکە سەمیر هەورامی، وتەبێژی قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند "لە كۆبوونەوەكەدا كە سەرۆکانی هەردوو فراکسیۆنی یەکێتی و پارتی، ئاڵا تاڵەبانی و ڤیان سەبری ئامادەی بوون، گفتوگۆكرا لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2021".
وتیشى، شاندی حكومەتی هەرێم بۆ بەرچاوڕوونی زیاتری سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق سەرجەم داتا و ئامارە پێویستەكانی لەبارەی بەشە بودجە و داهات و خەرجییەكانی هەرێم بە شێوەیەکی شەفاف خستەڕوو.
بەوتەى سەمیر هەورامى "حەسەن كەعبی ستایشی سەردانەكانی قوباد تاڵەبانی و شاندی دانوستانکاری كرد بۆ بەغدا لەپێناو نزیككردنەوەی دیدو تێڕوانینەكان".
هەروەها لە راگەیەندراوێکدا جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوایکرد،گفتوگۆکانی تایبەت بەبودجەی 2021 دور بخرێتەوە لە هەر ململانێیەکی سیاسی و بەپێویستیزانى ، چارەسەرێکی ڕیشەیی بۆ پرسی پەیوەندییە داراییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر بدۆزرێتەوە.
لە ڕاگەیەندراوێکی نوسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ( 27ی کانوونی دووەمی 2021) کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە، حەسەن کەعبى جێگرى یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کۆبوونەوەى لەگەڵ قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و شاندى حکومەتى هەرێم داویکردووە گفتۆگۆکانی تایبەت بە بودجەی 2021 دوربخرێتەوە لە هەر ململانێیەکی سیاسی و چارەسەرێکی ڕیشەیی بۆ پرسی پەیوەندییە داراییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر بدۆزرێتەوە.
بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، کەعبی بە پێویستیزانیوە گفتوگۆکانی نێوان شاندی هەرێمی کوردستان ولیژنەی دارایی پەرلەمان و هەموو لایەنە سیاسییەکان سەبارەت بە بودجە بەردەوامی هەبێت لە پێناو گەیشتن بە چارەسەرێکی دادپەروەرانە، کە ببێتە مایەی سودگەیاندن بەهەموو توێژەکانی گەلی عێراق".
ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە "شاندی هەرێمی کوردستان کەتاڵەبانی سەرۆکایەتی دەکات، بەبایەخەوە ئامادەیی خۆی نێشانداوە بۆ دابینکردنی هەموو داتاو وردەکارییە دارایییەکان و ئەو خشتە ژمێریارییانەی کەپەیوەندییان بەهەناردەکردنی نەوتەوە هەیە لە هەرێم، ئەوەش بەمەبەستی گەیشتن بە چارەسەرێکی هەمیشەیی بۆ کێشە دارییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر".