گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاری

پارەی گەراجانەی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی لەسەر هاووڵاتیان زیادکرا

2021.01.26 - 19:10
App store icon Play store icon Play store icon
پارەی گەراجانەی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی لەسەر هاووڵاتیان زیادکرا

ناس کورد-

گەراجی وەستاندنی ئۆتۆمبێل لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی کە دراوە بە کەرتی تایبەت نرخی وەستاندنی ئۆتۆمبێلی بەرزکردووەتەوە بۆ دوو هەزار دینار و سەرچاوەیەکیش لە قائیمقامییەتی سلێمانی دەڵێت، پێشتر خاوەنی گەراجەکە داوای کردووە نرخەکە بەرزبکاتەوە، بەڵام ڕەزامەندی نەدراوە و ئەو کارەی بە نایاسایی کردووە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە

 

لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی، ڕووبەڕێکی زۆری زەوی کراوە بە گەراجی وەستاندنی ئۆتۆمبێل و داهاتەکەی بۆ کەرتی تایبەتە.

 

پێشتر و تاوەکو هەفتەی ڕابردووش، 1500 دینار لە هەر ئۆتۆمبێلێک وەردەگیرا کە لەو گەراجە ئۆتۆمبێلی ڕادەگرت، بەڵام "ناس کورد" زانیویەتی ماوەی چەند ڕۆژێکە بڕی پارەکە کراوە بە 2000 دینار بۆ هەر ئۆتۆمبێلێک.

 

بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی ناس کورد، ڕۆژانە لەنێوان دوو بۆ سێ هەزار ئۆتۆمبێل سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی دەکەن، بەوەش داهاتی ئەو گەراجە کە دراوە بە کەرتی تایبەت مانگانە دەگاتە دەوروبەری ملیارێک و 500 ملیۆن دینار.

 

قائیمقامییەتی سلێمانی نرخی گەراجەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی بەشێوەیەک دیاریکردووە کە لەنێوان 1000 بۆ 1500 دیناردا بێت.

 

سەرچاوەیەک لە قائیمقامییەتی سلێمانی کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "لەو گەراجەی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی دەبێت نرخ 1000 دینار بێت، چونکە گەراجی داخراو نییە و کراوەیە."

 

ناس کورد زانیویەتی، لەماوەی ڕابردوو لیژنەکانی قائیمقامییەتی سلێمانی پسوڵەی سەرپێچیان بۆ گەراجەکە کردووە و داوایان کردووە نرخەکەی کەمبکاتەوە بۆ 1000 دینار، بەڵام نەک کەم نەکراوەتەوە، بەڵکو کراوە بە 2000 دینار.

 

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، "لەماوەی ڕابردوودا گەراجەکە نوسراوێکی کردووە بۆ ئەوەی ڕێگەی پێبدەن کە نرخی وەستاندنی ئۆتۆمبێل لە گەراجەکە زیاد بکات، بەڵام داواکەی ڕەتکراوەتەوە"، سەرەڕای ئەوەش لەئێستادا نرخەکەی بەرزکردووەتەوە.

 

محەمەد ڕەسول، سەرۆکی لیژنەی شارەوانییەکان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە "ناس کورد"ی وت، "بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە دەکەین، ئەوە غەدرێکی گەورەیە لە هاووڵاتیان دەکرێت و بە هەموو شێوەیەک هەوڵدەدەین."

 

لەلایەکی دیکەوە، دابان محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "هەر پێدانی ئەو گەراجە بە کەرتی تایبەت غەدرە لە خەڵک دەکرێت، چونکە ئەو داهاتە دەبێت بگەڕێتەوە بۆ حکومەت، نەک بۆ کەرتی تایبەت بێت."

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "چەندین هەوڵماندا کە داهاتی گەراجەکە ئەگەر بەشێکیشی بێت بگەڕێتەوە بۆ حکومەت، بەڵام تاوەکو ئێستا نەکراوە، لەگەڵ ئەوەشدا لە هەوڵەکانمان بەردەوام دەبین."