ناس کورد-
ئەوقافی هەولێر هەڕەشەى گرتنەبەرى رێکارى یاسایی دەکات بەرانبەر ئەو وتار خوێنانەى کە پابەندى ئەو وتارانە نابن کە لەلایەن بۆردی ئاینی وەزارەتی ئەوقافەوە دادەنرێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی پارێزگای هەولێر لە ئاگادارییەکدا 26ی کانونی دووەمی 2021)کە وێنەیەکی دەست "ناس کورد" کەوتووە، پێشنوێژو وتارخوێنان ئاگاداردەکاتەوە کە پابەند بن بە وتاری ڕۆژانی هەینی کە لەلایەن بۆردی ئاینی وەزارەتی ئەوقاف دانراوە.
باس لەوەشکراوە، هەر مامۆستایەکی ئایینی پابەند نەبێت ڕێکاری یاسایی و کارگێڕی بەرانبەرى دەگیرێتەبەر.
سەرەتای ئەم هەفتەیە لیژنەی ئەوقاف و كاروباری ئاینی پەرلەمانی کوردستان لهگهڵ لیژنهی باڵای بۆردى وتارى ههینی كۆبووهوه و ئەنجامی توێژینەوەیەكی مەیدانی لەبارەی وتاری هەینی، ڕەوشی مزگەوتەکان لە هەرێمی کورستان خرانەڕوو.
هەورامان گەچێنەیی، سەرۆکی لیژنەی ئەوقاف و کاروباری ئاینی لە پەرلەمانی کوردستان بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، ئەو توێژینەوەی لە کۆبوونەوەکە خرایە ڕوو لەسەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان کرابوو تایبەت بە وتاری ئاینی و کەموکورتییەکان و ئەو مزگەوتانەی وتاری ئاینی تێدا دەدرێت، بۆ ئەوەش داواکرا لە داهاتوودا کار بۆ یەکخستن و دیاریکردنی وتاری هەینی بدرێت لە مزگەوتەکان.
لەبارەی ئەوەی تاچەند پابەندبوون هەبووە بە بڕیارێکی پێشتری وەزارەتی ئەوقاف کە دەبوو مامۆستایانی ئاینی پابەندی ئەو وتارانە بن کە لەلایەن لیژنهی باڵای بوردی وتاری ھەینی دیاریدەکرێت، سەرۆکی لیژنەی ئەوقافی پەرلەمانی کوردستان وتی، "هەندێک مامۆستای ئاینی پابەند نەبوون و لە داهاتووش کە ڕێکخستنەوە دەکرێت فشار لە مامۆستایان ناکرێت".