گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

10 پرسیارى لیژنەى دارایی لە هەرێم

زانیارى نوێ لەبارەى دانوستانەکان..هەرێم داوایەکى بەغدا ’رەتدەکاتەوە’

2021.01.26 - 11:22
App store icon Play store icon Play store icon
زانیارى نوێ لەبارەى دانوستانەکان..هەرێم داوایەکى بەغدا ’رەتدەکاتەوە’

ناس کورد-

میدیاى سەرۆکى حکومەتى هەرێم ئاشکرایکرد، شاندی حكومەتی ھەرێم پێشنیازی حكومەتی عێراقی لەبارەی رادەستكردنی دۆسیەی نەوت رەتكردووەتەوە.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ماوەى دوو رۆژە شاندى هەرێم لەبەغدایە بۆ ئەنجامدانى دوایین گفتوگۆکان لەبارەى پشکى هەرێم لە بودجەى 2021ى عێراق لەگەڵ لیژنەى دارایی پەرلەمان، پێش ئەوەى لەپەرلەمان بخرێتە دەنگدانەوە.

 

بەپێی کەناڵى "کوردستان 24" ى سەر بە مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەت کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە، سەرچاوەیەکى ئاگادار رایگەیاندووە "حکومەتی هەرێم رازی نەبووە بە رادەستکردنی دۆسیەی نەوت بە بەغدا، ئەو دەنگۆیەی لەو بارەیەوە بڵاوبووەتەوە ھیچ بنەمایەكی نییە و دوورە لە راستییەوە".

 

ئاماژە بەوەشکراوە "مەرجی لەو شێوەیە كە نادەستووریین ئاستەنگ بۆ گەیشتن بە رێككەوتن دروست دەكەن".

 

بەوتەى سەرچاوەکە "حكومەتی ھەرێم پابەندە بە رادەستکردنی داھاتی 250 ھەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، كە پێشتریش رەزامەندی خۆی لەو بارەیەوە دەربڕیوە".

 

ئەوە لەکاتێکدایە،  درەنگانى شەوى رابردوو دواى کۆبوونەوەیەکى سێ کاتژمێرى نێوان شاندەکە و لیژنەى دارایی، ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی فەرمی عێراقییە کە "ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە رایگەیاند، ئەگەر زۆرە لە کۆبوونەوەی داهاتوودا بگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی، دواى ئەوەى حکومەتی هەرێم ڕازامەندی دا لەسەر نیشاندان و پێشکەشکردنی سەرجەم داتا و زانیارییەکانی تایبەت بە دۆسیەی نەوت و داهاتەکانی تر.  

 

بەڵام ئەمڕۆ سەفار لەرونکردنەوەیەکدا کە میدیاکانى پارتى بڵاویانکردووەتەوە رەتیکردەوە باسى لەرازیبوونى هەرێم کردبێت بە رادەستکردنى دۆسیەى نەوت بەبەغدا و دەڵێت لە کۆبوونەوەی شاندی حکومەتی هەرێم و لێژنەکەیان، زۆر بە روونی گفتوگۆیان لەبارەی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان کردووە.

 

لە پڕۆژەى بودجەى 2021ى عێراقدا پشکى هەرێم بە 12.6% دیاریکراوە، بەرانبەر رادەستکردنى 250 هەزار بەرمیل نەوتى رۆژانە و نیوەى داهاتى گومرگ و خاڵە سنورییەکان، بەڵام دیار نییە ئەوە لەپەرلەمان وەک خۆى تێدەپەرێت یاخود نا.

 

جەمال کۆچەر ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق (یەکگرتوو) لە لێدوانێکیدا بۆ تەلەفزیۆنى فەرمى حزبەکەى کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە رایگەیاند، له‌كۆبوونه‌وه‌ى دوێنێیدا له‌گه‌ڵ شاندى هه‌رێم، لیژنه‌ى دارایى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق 10 پرسیاریان ئاڕاسته‌ى شاندى هه‌رێم كردووە، له‌وانه‌ ئایا دەسەڵاتى رێككه‌وتنیان هه‌یه‌، گره‌نتى چییه‌ هه‌رێم نه‌وت راده‌ستبكات، داواى روونكردنه‌وه‌شیان كردووه‌ كه‌گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كانى هه‌رێم چۆن ئه‌نجامدراون.

 

رونیشیکردەوە "شاندى هه‌رێم له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌یاندا له‌باره‌ى ئه‌و 10 پرسیاره‌ى كه‌ئاراسته‌یان كراوه‌ رایانگه‌یاندووە پێده‌چێت ئه‌مرۆ شاندى هه‌رێم به‌سه‌رۆكایه‌تى قوباد تاڵه‌بانى سه‌رۆكى شاندى دانوستانكارى هه‌رێم بۆ به‌غدا، له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى لیژنه‌ى دارایى كۆببێته‌وه‌، كه‌دوێنێ به‌هۆى سه‌ردانى ناوبراو بۆ كوێت، كۆبوونه‌وه‌كه‌ دواخرا".

 

بەوتەى جه‌مال كۆچه‌ر، شاندی هه‌رێم ئاماده‌یی خۆیان نیشانداوه‌ به‌راده‌ستكردنی 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت وه‌كو له‌یاساى بودجه‌ى 2021دا هاتوه‌ و هیچ شتێكی نوێیان پێنه‌بووه‌ وته‌نها هه‌ندێك رونكردنه‌وه‌یان له‌باره‌ی راده‌ستكردنی نه‌وت به‌كۆمپانیای سۆمۆ داوه‌.

 

پێشیوایه‌، هه‌رێم له‌توانایدا نییه‌ و ئاماده‌ش نییه‌ هه‌موو داهاته‌كه‌ی راده‌ستی به‌غدا بكات و ئه‌سته‌میشه‌ ئه‌و به‌شه‌ی هه‌رێم كه‌له‌پڕۆژه‌ یاسای 2021 دا جێگیركراوه‌، وه‌ك خۆی په‌سه‌ند بكرێت.