ناس کورد-
بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی ڕایگەیاند، سیستمی لامەرکەزی قەوارەی هەرێم بەهێز دەکات و فاکتەرێکە بۆ زیاتر خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، ئاماژەی بەوەشکرد، دەیانەوێت لە کوردستان و بەتایبەتی ناوچە دابڕێندراوەکان وەک کورد بە یەکدەنگی و یەکھەڵوێستی بەشداری هەڵبژاردنەکانی عێراق بکەن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕاگەیەندراوێکدا نوسینگەی بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان (دووشەممە 25ی کانوونی دووەمی 2021) ڕایگەیاند، " تاڵەبانی، لە دەباشان پێشوازی کرد لە ئاشلى دوریک، لێپرسراوی نووسینگەی باڵیۆزخانەی کەنەدا لەھەرێمی کوردستان."
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، لە دیدارەکدا، بە بایەخەوە باس لە پەیوەندییە سیاسی و دیبلۆماسییەکانی نێوان ھەردوولا کرا و جەخت لە فراوانکردنی ھاریکاری و ھاوکارییەکانی کەنەدا کرایەوە بەتایبەت لە خستنەگەڕی زیاتری ھەوڵەکانیان بۆ مەشقپێکردنی ھێزی پێشمەرگە و رێکخستنەوەی یەکە سەربازییەکان لەچوارچێوەی پشتیوانییەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر.
ئاماژە بەوەشکراوە، ھەر لە دیدارەکەدا بافڵ تاڵەبانی لەبارەی پێشھاتە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکانەوە ھەڵوێست و بڕیاری نیشتمانیی یەکێتی خستەڕوو و ئاماژەی بە رێگاچارەکانی تێپەڕاندنی ئەم دۆخە کرد و تەئکیدی لە خستنەگەڕی ھەوڵەکان کردەوە بۆ گەیشتن بەرێککەوتن.
ئەوەش هاتووە، "بۆ ئەوەش بافڵ تاڵەبانی بنیادنانی دیالۆگی نیشتمانیی لەنێوان ھێزەکانی ھەرێم و عێراق بە پێویست زانی و داوایکرد نوێنەری وڵاتان پشتگیری ئەو ھەوڵانە بکەن و ھاوکاربن بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە، ھاوکات ئاماژەی بەھەنگاوەکانی جێبەجێکردنی سیستمی لامەرکەزی لە ھەرێم کرد و بە فاکتەری بەھێزترکردنی قەوارەی ھەرێم و زیاتر خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵک وەسفیکرد."
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، سەبارەت بە ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی عێراقیش گفتوگۆکرا و ھاوسەرۆک خواستی یەکێتی دووپاتکردەوە بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لەوادەی خۆیدا و راشیگەیاند، "دەمانەوێت لە کوردستان و بەتایبەتی ناوچە دابڕێندراوەکان وەک کورد بە یەکدەنگی و یەکھەڵوێستی بەشداریبکەین و یەکڕیزی نیشتمانی بپارێزین."