گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بۆچوونی بارزانی..

بارزانی و نوێنەر و کونسوڵەکانی وڵاتانی عەرەبی کۆبوونەوە.. باسی چی کرا؟

2021.01.25 - 13:59
App store icon Play store icon Play store icon
بارزانی و نوێنەر و کونسوڵەکانی وڵاتانی عەرەبی کۆبوونەوە.. باسی چی کرا؟

ناس کورد-

مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازی لە نوێنەر و كونسوڵەكانی وڵاتانی عەرەبی لە هەولێر کرد و ئەو وڵاتانە پێزانینی خۆیان بۆ ڕۆڵی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە شكستدانی تیرۆریستانی داعش دەربڕی، هاوکات بارزانی بۆچوونی خۆی لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێم و بەغدا ڕاگەیاند.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لە ڕاگەیەندراوێکدا بارەگای بارزانی (دووشەممە 25ی کانوونی دووەمی  2021) ڕایگەیاند، "ئەمڕۆ دووشەممە، لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی هاوبەشی نوێنەر و كونسوڵەكانی وڵاتانی عەرەبی لە هەولێر كرد كە پێكهاتبوون لە باڵیۆز نەزمی حزووری كونسوڵی گشتیی فەڵەستین و عەمیدی سلكی دیپلۆماسی لە هەرێم، د. عومەر ئەلكندری، كونسوڵی گشتیی كوەیت، ئەحمەد ئەلزاهری، كونسوڵی گشتیی ئیمارات، محەمەد وەجیه حیجازی، كونسوڵی گشتیی مسر و عەوبدولرەحیم حەسەن، هەڵسووڕێنەری كاروباری كونسوڵخانەی پاشایەتیی ئۆردۆن لە هەولێر."

 

ئاماژە بەوەشکراوە، "لە دیدارەكەدا كە بەبۆنەی سەری ساڵی تازە بەڕێوەچوو، نوێنەر و كونسوڵەكانی وڵاتانی عەرەبی لە هەولێر سڵاو و ڕێزی سەرۆك و ئەمیر و پاشای وڵاتەكانیان بە سەرۆك بارزانی گەیاند و سوپاسی سەرۆك بارزانی و هەرێمی كوردستانیان كرد بۆ ئەو پەیوەندییە دێرین و دۆستانەیەی كە لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیدا هەیانە و هەروەها سوپاسگوزاری هەرێمی كوردستان بوون كە لە شەڕی داعشدا میوانداریی سەدانهەزار ئاوارەی عەرەبیان كرد و پێزانینی زۆریشیان هەبوو بۆ ئەو ڕۆڵەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە شكستدانی تیرۆریستانی داعش هەیانبووە."

 

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، هەورەها وێڕای جەختكردنەوە لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان، خوازیاری ئەوەش بوون كە كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا لەڕێگەی دیالۆگ چارەسەر بكرێت.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، سوپاسی شاندی میوانی كرد و ڕایگەیاند، گەلی كوردستان هەمیشە هەوڵی ئەوەی داوە كە پەیوەندیی دۆستانەی لەگەڵ گەلانی ناوچەكە هەبێت و شوێنكەوتووی بنەماكانی ئاشتی و پێكەوەژیان بووە.

 

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەدا، پەیوەست بە پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا، مەسعود بارزانی، ئەوەی خستەڕوو كە پێویستە چارەسەرەكان لەڕێی دیالۆگ و ئاشتیانە و لە چوارچێوەی دەستوور و ڕێزگرتن لە پێگە و قەوارەی هەرێمی كوردستان بێت و جەختیشی لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و وڵاتانی عەرەبی كردەوە.