گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەنجومەن هۆشداریدەدات

مۆڵەتى زەوییەکى گرانبەها لە سلێمانى مشتومڕ دروستدەکات

2021.01.24 - 20:38
App store icon Play store icon Play store icon
مۆڵەتى زەوییەکى گرانبەها لە سلێمانى مشتومڕ دروستدەکات

ناس کورد-

ئەندامێکى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى رایگەیاند، کۆمپانیایەکى تایبەت بە بازرگانى و گەشتوگوزار زەوییەکى بۆ دروستکردنى کۆگا وەرگرتووە، بەڵام ئێستا دەیەوێت بیکا بە عەلوە، بۆیە رێکارى یاسایی دەگرنەبەر و دەیدەنە دادگا.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

پارچە زەوییەکە کە بەهایەکى زۆرى هەیە دەکەوێتە ناوچەى هوانە لە تەنیشتى عەلوەى سەوزە و میوە و دەستەى وەبەرهێنان لە مانگى 8ى ساڵى 2020ەوە مۆڵەتیداوە بە وەبەرهێنەرێک بۆ دروستکردنى کۆگا.

 

ڕەمەزان نامیق ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى بە "ناس کورد"ى وت، ئەو پرۆژەیە هەموو ڕێکارێکى بڕیوە و مۆڵەتەکەى بەناوى "کۆمەڵگەى گەنجینەى ئاسایى و ساردکەرەوەى سەوزە و میوەى سلێمانى" وەرگرتووە، واتا وەک کۆگا نەک وەک عەلوە بەکارى بهێنێت.

 

وتیىشى، ئەم پرۆژەیەش لە تەنیشتى عەلوەى سەوزە و میوەى هوانەوەیە و چەند سەد مەترێکیان لەنێواندایە، لە ڕووى ژینگەییەوە گونجاو نییە دوو عەلوە بەتەنیشت یەکەوە بن، مۆڵەتەکەى بۆ گەنجینەیە و ئێستا هاتوە خۆى تەفسیرێکى بۆ خۆى داناوە و دەڵێت بۆ دروستکردنى عەلوە وەریگرتووە، تەنانەت یەکەکان و ساردکەرەوەکانیشى فرۆشتووە.

 

ڕەمەزان نامیق دەڵێت، بەشێکى لایەنە بەرپرسەکانیان بانگکردوە و بەشێکیشیان بە نوسراو وەڵامیان داونەتەوە و دەڵێن کە بۆ گەنجینە مۆڵەتیان داوە پێى "تەنانەت شارەوانى دەڵێت ئێمە بۆ عەلوە زەویمان بۆ تەرخان نەکردوە، وەبەرهێنان دەڵێت نابێت بۆ عەلوە بێت، کشتوکاڵى سلێمانى کە کۆڵەکەى سەرەکى ئەم بابەتەیە ڕاوسەرنجى وەرنەگیراوە و ئەویش ڕەتیدەکاتەوە و دەڵێت نابێت دوو عەلوە بەتەنیشت یەکەوە بن".

 

جەختیشیکردەوە، نوسراویان بۆ چەند لایەنێکى ترى پەیوەندیدار کردوە و چاوەڕێن وەڵام بدەنەوە، هەرکاتێک وەڵامى سەرجەم فەرمانگەکانیان وەرگرتەوە ڕێکارى پێویست دەگرینە بەر و ئامادەن بیدەنە داواکارى گشتى.

 

سەبارەت بەوەى کە بۆچى کۆمپانیاکە کارێکى لەو شێوەیە دەکات، رەمەزان نامیق وتى "ئێمە نازانین چۆن کراوە و کێى لە پشتە، بەڵام ئێمە سەرپەرشتیارى پرۆژەکەمان بانگ کردوە و دەڵێت ئێمە نیازى دروستکردنى عەلوەمان هەیە، بۆیە ئێمەش ڕێکارى خۆمان دەگرینە بەر، تائێستاش کاسبکارانى ناو عەلوەى هوانە چەندین جار خۆپیشاندانیان کردوە و سەردانى ئەنجومەن و لایەنە پەیوەندیدارەکانیان کردوە و ناڕازین ئەو پرۆژەیە بکرێت بە عەلوە، هیچ فەرمانگەیەکیش پشتگیرى ناکات".