گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هیچ لیژنەیەک بۆ قەرەبوکردنەوە پێکنەهێنراوە

کەرکوک.. لە سوتاندنی بەرهەمی زەوییە کشتوکاڵیەکان پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە

2019.05.26 - 10:20
App store icon Play store icon Play store icon
کەرکوک.. لە سوتاندنی بەرهەمی زەوییە کشتوکاڵیەکان پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد- شەهرام عەزیز لە شەوی ڕابردووەوە لە چەند ناوچەیەکی پارێزگای کەرکوک هەشت حاڵەتی کەوتنەوەی ئاگر ڕویانداوە و بەهۆیەوە پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە و 10ی تریش برینداربوون. . ئاگرەکان لە ناوچەکانی حەویجە، بەشیر و ڕەشاد و داقووق ڕوویانداوە بەهۆیەوە بەرهەمی دەیان دۆنم زەوی جوتیاران سوتاوە. . سوتاندنی زەوییە کشتوکاڵییەکانی بەشێک لە ناوچەکانی عێراق و بەتایبەت ناوچە کوردییەکان خەریکە لە حاڵەتەوە دەبێتە دیاردەوە و هەفتەی ڕابردوو بەشێک لە پەرلەمانتاران داوایان کرد قەرەبووی ئەو جوتیارانە بکرێتەوە کە زیانیان لێکەوتووە. . لەوبارەیەوە جەمال شکور، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "گفتوگۆ لەسەر قەرەبووکردنەوەی ئەو جوتیارانە کراوە کە زەوییە کشتوکاڵییەکانیان سوتێندراوە و توشی زیان بوون، پرسەکە چووەتە ئەنجومەنی وەزیران و پێویستە حکومەت بڕیاری لەسەر بدات". . وتیشی، حکومەتی عێراقی بڕیاریداوە لیژنەیەک بۆ ئەو مەبەستە پێکبهێنێت کە بە مەیدانی سەردانی ئەو ناوچانە بکات بۆ خەمڵاندنی زەرەر و زیانەکان، بەڵام تا ئێستا ئەو لیژنەیە پێکنەهێندراوە. . سەبارەت بە مەترسییەکانی زیادبوونی ئەو حاڵەتە، جەمال شکور ئاماژەی بەوەکرد، لە پێشتردا ئەو حاڵەتە تەنها لە ناوچە کوردییەکان بوو، بەڵام ئێستا ناوچە عەرەبییەکانیشی گرتووەتەوە و خەریکە دەبێتە سەرتاسەری، بۆیە پێویستە حکومەتی عێراق بەر لەو تاوانە بگرێت. . ئەندامە کوردەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕوونیشیکردەوە، ئەگەرچی داعش بەرپرسیارییەتی خۆی لەو ڕووداوانە ڕاگەیاندوو، بەڵام پێیوایە لە ناوچەکە دۆخەکە جیاوازە و سوتاندنی زەوییە کشتوکاڵییەکان دەست "عەرەبە شۆڤێنییەکان"ی لە پشتە بۆ ئەوەی کوردەکان ناوچەکە چۆڵ بکەن. . ماوەی چەند هەفتەیەکە، شەوانە ئاگر لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی هاوڵاتییە کوردەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بەر دەدرێت و چەند ڕۆژیکیشە لە ناوچە عەرەبییەکانیش ئەو حاڵەتە سەریهەڵداوە و داعش بەرپرسیارەتی خۆی لە سەرجەمیان ڕاگەیاندووە. . .