گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاری

تەندروستیی عێراق شێوازی دابەشکردنی ڤاکسینی کۆرۆنای ئاشکرا کرد

2021.01.24 - 14:11
App store icon Play store icon Play store icon
تەندروستیی عێراق شێوازی دابەشکردنی ڤاکسینی کۆرۆنای ئاشکرا کرد

ناس کورد-

وەزارەتی تەندروستیی عێراق ئاشکرای کرد، هاوردەکردن و دابەشکردنی ڤاکسینەکانی دژە کۆرۆنا و هەر دەرمانێک لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵییەوە دابەش دەکرێت بە گوێرەی چڕی دانیشتوان، ئەوەش پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتەکە لە میانەی لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمیی عێراق (24ی کانونی دووەمی 2021) کە "ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە ڕایگەیاند، "ڤاکسینەکان لە ڕێگەی دامەزراوەی "کیمادا" تایبەت بەهاوردەکردن و دابەشکردنی دەرمان و پێداویستی پزیشکیان دەبێت کە دامەزراوەیەکی سەر بە وەزارەتی تەندروستیی عێراقە".  

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە 

 

وتیشی، "ڤاکسینەکان و هەر مادەیەکی چارەسەر بە شێوەیەکی فیدڕاڵی دابەش دەکرێت بە پێی چڕی دانیشتوان، چونکە پشکەکان بەپێی داتا فەرمییەکان کە وەزارەتی پلاندانان ئامادەی کردووە دابەش دەکرێت، بە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانیشەوە".

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، "تائێستا بەفەرمی سێ ڤاکسینی دژبە کۆرۆنا لە جیهاندا پەسەند کراوە، پێدەچێت لە ئایندەدا ڤاکسینی دیکەش پەسەندبکرێت".

 

ئەوەشی وتووە، "وەزارەت لەگەڵ کۆمپانیایەکی دابینکردنی ڤاکسین ڕێککەوتنی واژۆی کردووە و دەکرێت  ڤاکسینەکان لە چەند لایەنێکی دیکەشەوە هاوردە بکرێن، چونکە عێراق بەشێکی سەرەکییە لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ڤاکسینەکان، هەروەها پشکەکەشی ئامادەیە هەرکات هاوپەیمانی نێودەوڵەتیەوە پەسەندی بکات".

 

وەزارەتەکە پێشبینی دەکات لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوو (شوبات) ڤاکسینی فایزەری دژە کۆرۆنا لە عێراق دابەش بکرێت.  

  

پێشتر سەیف بەدر، وتەبێژى وەزارەتى تەندروستیى عێراق (دووشەممە 11ى کانوونى دووەمى 2021) ڕایگەیاند، "عێراق لەگەڵ کۆمپانیاى فایزەر بۆ هێنانى ڤاکسینى دژە کۆرۆنا گرێبەستى واژۆ کردووە و لە داهاتوویەکی نزیکدا یەکەم گوژمەى ڤاکسینەکە دەگاتە دەستمان."     

  

باسى لەوەشکردووە، بەپێى ڕێککەوتنى یەکەم لەگەڵ فایزەر، عێراق ملیۆنێک و 500 هەزار بەشى لە ڤاکسینەکە بەردەکەوێت و لەناو سێ مانگى سەرەتاى ئەمساڵدا ڕادەستى دەکرێت واتا لەدوو مانگى داهاتوودا.    

 

هاوکات بەڕێوەبەری تەندروستیی ھەولێر ئاشکرای دەکات، جگە لەوەی هەرێم بەشی دەبێت لەو ڤاکسینەی عێراق دەیکڕێت، حكومەتی ھەرێمیش لەگەڵ كۆمپانیاكانی بەرھەمھێنانی ڤاكسین لە دانوستاندایە بۆ کڕینی ڤاکسینەکە.  

  

دلۆڤان محەمەد لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی کە "ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە ڕایگەیاند، "حكومەتی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆمپانیاكانی بەرھەمھێنانی ڤاكسین لە گفتوگۆدایە، بۆ ئەوەی ھاوشێوەی عێراق ئەوانیش ڤاكسینی دژی كۆرۆنا بكڕن، بەڵام تاوەكو ئێستا یەكلایینەبووەتەوە كە ھەرێم چەند ڤاكسین دەكڕێت، چونكە ئەوە پێویستی بە ڕێككەوتن ھەیە، بەڵام حكومەت ئامادەیی نیشان داوە كە ڤاكسین بكڕێت و چەندین كۆبوونەوەش كراوە و نوێنەری ھەموو پارێزگاكانیشی تێدایە، هەروەها وەزارەتی تەندروستی ڕاسپێردراوە بەو كارە ھەڵسێت و ئەوان گفتوگۆكان بكەن".