گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

گەورە لێپرسراوانی ئێران هەڕەشەی ژێرئاوخستنی كەشتییەكانی ئەمریكا و بژاردەی شەڕ لە ناوچەكە دەكەن

2019.05.25 - 23:12
گەورە لێپرسراوانی ئێران هەڕەشەی ژێرئاوخستنی كەشتییەكانی ئەمریكا و بژاردەی شەڕ لە ناوچەكە دەكەن
ناس كورد- دوای ئەوەی ئەمریكا رایگەیاند هێزی سەربازی زیاتر رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكەن و ئاستی ئامادەبوونی سەربازییان لە ناوچەكە بەرزدەكەنەوە، سەركردە سەربازییەكانی ئێران لێدوانەكانیان و هەڕەشەكانیان چڕتركردەوە. . لە یەكەم كاردانەوەی ئەو ڕاگەیاندنەدا، چوار گەورە سەركردەی سەربازی سوپا و پاسدارانی ئێران ئەو هەنگاوەی ئەمریكایان بە ناردنی هێز و پێداویستی سەربازی زیاتر بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەك پاڵپشتییەك بۆ ئەو هێزەی لە ناوچەكەدا هەیە، بە هەڕەشەیەكی بەردەوام بۆ سەر هێزەكانی ئێران هەژمار كرد . . لەو بارەیەوە، عەلی فەدوی جێگری فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند " ئەو جوڵەپێكردنەی سوپای ئەمریكا هیج گرنگییەكی سەربازی نییە، و ئێمە ئامادەین بۆ هەموو ئەگەرەكان، و گشت فڕۆكە هەڵگرەكان و كەشتییە جەنگییەكانی ئەمریكامان لە ناوچەكەدا دەستنیشانكردووە و لەژێر چاودێریدایە". . شارەزایانی سەربازی لێدوانەكانی "عەلی فەدوی" بەگرنگ سەیر دەكەن، بەوپێیەی پێشتر فەرماندەی هێزە دەریاییەكانی ئێران بووە، و تواناكانی وڵاتەكەی لەو بوارەدا باش دەزانێت و هەڵدەسەنگێنێت. . ئاژانسی میزانی ئێرانی نیمچە فەرمی لەزاری جەنەڕاڵ مورتەزا قوربانی ڕاوێژكاری سەركردایەتی سەربازی ئێران وتی" ئێران توانای نقومكردنی ئەو كەشتیە جەنگیانەی ئەمریكای هەیە كە بۆ ناوچەی كەنداوی دەنێرێت، بە ئاسانی دەتوانین بە موشەك و چەكی نهێنی نقومیان بكەین، و بڕیاری ناردنی دوو كەشتی جەنگی بۆ ناوچەكە، بڕیارێكی هەڵەی ئەمریكایە، ڕووبەڕووی دەبینەوە، و دەیانخەینە ژێر ئاوەوە بە خۆیان و سەرنشینەكانیانەوە، بەبەكارهێنانی دوو موشەك، یاخود دوو چەكی نهێنی نوێ". . لە لایەكی ترەوە ، لیوا غولام عەلی ڕەشید فەرماندە لە سوپای پاسداران لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی فارس ڕایگەیاندووە " ئارامی لە گەروی هورمز نایەتەدی ئەگەر دڵنیا نەبین لە بەرژەوەندیە نەوتێكانی ئێران، و هیچ مانایەكی نیە باسی ئاسایش وئارامی لە ناوچەی كەنداو و گەروی هورمز بكەین، بێئەوەی بەرژەوەندییەكانی گەل لەبەرچاو بگیرێت، و لەوانش بابەتی هەناردە نەوتێكان . . ئێران هەمیشە ئەوەی ڕاگەیاندووە كە گەروی هورمز دادەخات بەڕوی كەشتییە نەوتییە بارهەڵـگرەكان، ئەگەر هاتوو ئەمریكا ئابوری ئێران كۆت بكات، بەرگرتنی هەناردە نەوتێكانی و وچڕكردنەوەی سزاكانی بۆ سەر ئەو وڵاتە . . بە گوێرەی ئاژانسی میهری ئێرانی نیمچە فەرمی، و لە زاری لیوا حەسەن سەیفی یاریدەدەری فەرماندەی سوپای ئێران هاتووە" ئەمریكیە ئاقڵەكان و فەرماندە سەربازییە لێهاتووەكان، هەوڵی كپكردنی گروپە توندڕەوەكان دەدەن، و ڕێگری دەكەن لە هەڵگیرسانی شەڕ لەگەڵ ئێران، و خۆیان دەپارێزن لە كەوتنە دۆخێكەوە كە هەرگیز توانای دەرچونیان لێی نییە". . هەرچی دەبارەی سیاسەتی ناوچەكەیە، محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ئاژانسی فەرمی ئێران "ئێرنا" جەختدەكاتەوە "بڕیارەكەی ئەمریكا بەناردنی هێزی سەربازی زیاتر بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەڕەشەیەكە بۆ سەر ئاشتی و ئارامی نێودەوڵەتی، و دەبێت ڕووبەڕووی ببینەوە، و ئەو تۆمەتانەی دەخرێنە پاڵ ئێران كە گوایە دەستی هەبووە لە هێرشەكانی ئەمدواییەی كەنداو، تەنها بەهانە هێنانەوەیە بۆ مانەوەی سەربازی و زیادكردنی ئاڵوزیەكانە لە ناوچەكەدا". .