گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تەنها پێنج خولەكی یەكەم رێگەی پێدراوە

’’وەزیری پێشمەرگە لە كۆبوونەوەی ئاكار دوورخراوەتەوە’’

2021.01.22 - 14:43
App store icon Play store icon Play store icon
’’وەزیری پێشمەرگە لە كۆبوونەوەی ئاكار دوورخراوەتەوە’’

ناس كورد_

ماڵپەڕێكی نزیك لە نووسینگەی یەكێك لە هاوسەرۆكانی یەكێتی بڵاویكردەوە كە شۆرش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان تەنها پێنج خولەكی یەكەم و بۆ وێنەگرتن رێگەی پێدراوە بەشداری كۆبوونەوەی سەرۆكی حكومەت و وەزیری بەرگری توركیا بكات و وەزارەتی پێشمەرگەش ڕەتی دەكاتەوە. 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ماڵپەڕی پۆڵەتیك كە بە نزیكە لە نووسینگەی هاوسەرۆكی یەكێتی لاهور شێخ جەنگی ئەژماردەكرێت، ئەمڕۆ (22 كانونی دووەمی 2021) لە بڵاوكراوەیەكدا كە "ناس كورد" بەدواداچوونی بۆ كردووە، باس لەوە دەكات شۆڕش ئیسماعیلی وه‌زیری پێشمه‌رگەی هەرێم،‌ پێشوازی لە خولوسى ئاكار وەزیری بەرگریی توركیا كرد له‌ فرۆكه‌خانه‌، به‌ڵام نەیانهێشتووه‌ لە کۆبوونەوەكه‌ی مەسرور بارزانى بەشداریى بكات.

 

ماڵپەڕەكە ئەوەشی وتووە "وەزیری پێشمەرگە ته‌نها 5 خوله‌كی یه‌كه‌م له‌وێ بووه‌ بۆ وینه‌گرتنه‌كه‌، دواتر داوای لێكراوه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ بچێته‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌ویش بێ هیچ موناقه‌شه‌یه‌ك كۆبوونه‌وه‌كه‌ی جێهێشتووه".

لەمبارەیەوە سکرتێری رۆژنامەوانی وەزیری پێشمەرگە لە روونكردنەوەیەكدا كە وێنەی دراوەتە "ناس كورد" دەڵێت سەبارەت بەو دەنگۆیانەی لەبارەی بەڕێز "وەزیری پێشمەرگە" لەهەندێ میدیا و ماڵپەرە ئەلیکترۆنی و پەیجە ساختەکان بڵاوکراوەتەوە، هەواڵێکی چەواشەکارانەی بێ بنەمایەو، دوورە لەراستی". 

ڕوونكردنەوەكە داوا دەكات هەموولایەك "خۆیان بەدوور بگرن لەهەواڵی ناڕاست" هەروەها ، جەخت لەوەش دەكاتەوە "ئیجرائاتی یاسایی بەرامبەر ئەو ماڵپەڕو میدیایانە دەگرنەبەر، کە هەواڵی ناڕاست لەسەر جەنابی وەزیری پێشمەرگە بڵاودەکەنەوە".

ماڵپەڕەكە باسی لەوەكردووە بۆ كاروبارە هەستیارەكان بڕیاردەر هەر مەسعود بارزانی و مەسرور بارزانین. 

سەرباری ئەوەی یەكێتی نیشتمانی بەتیمێك بەشدارە لەحكومەتی هەرێم بەڵام ناوبەناو بەهۆی ناكۆكی ئاراستە جیاجیاكانی ناو حزبەكە لەسەر شێوازی بەشداریكردنیان، هێرش و هەڵمەت لە میدیا و میدیا سێبەرەكان دژ بەكارەكتەرە حكومییەكان سەرهەڵدەدات كە دواترینیان ئەمەی وەزیری پێشمەرگەیە.

 

راوێژکارى راگەیاندنى مەسعود بارزانى رایگەیاند، توركيا بەنیازە بنكەى سەربازى لە قەزاى شەنگالى سەربە پارێزگاى نەينەوا دابمەزرێنێت. 

  

كيفاح مەحمود لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسى "سپۆتنيك"ى ڕوسى كە "ناس كورد" بەدواداچونی بۆ كردووە باس لەوە دەكات، وەزيرى بەرگرى توركيا لەكاتى سەردانەكەيدا بۆ عێراق لە وتەيەكدا جەختيلەوەكردەوە كە هاريكارى لەنێوان هەرێمى كوردستان و توركيا بوونى هەيە.  

  

ڕونيشيكردوەتەوە، هاريكارى نێوان بەغدا و هەرێمى كوردستان لە دۆسیەى پارتى كرێكارانى كوردستان جەختلەوە دەكاتەوە كە هەردولا جدين تايبەت بە ڕێكەوتنى شنگال، هەردولا هەوڵى ئەوە دەدەن پەكەكە ڕازى بكەن پرۆسەى سەربازى لەناو خاكى عێراقەوە دژى توركيا ئەنجام نەدەن و ئەو ناوچانە تێيدان چۆڵى بكەن.  

 

رۆژنامەی ئەلعەرەب كە لەشاری لەندەن دەردەچێت لەراپۆرتێکدا (19ی کانوونی دووەمی 2021) کە"ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە، ئاماژە بەوە کراوە "تورکیا دەیەوێت لەڕێگەی دۆسیەی ئاوەوە ئەجنداکانی خۆی بەسەر عێراقدا بسەپێنێت، کەدواتر دەبێتە دەرگایەک بۆ دەستێوەردانی سەربازیی و ئەمنی ڕاستەوخۆ لەناو خاکەکەیدا".  

  

ئاماژە بەوەشکراوە، مەرامەکانی تورکیا لەو بارەیەوە خۆی دەگرێتەوە لەدانانی بنکەی هەمیشەیی لە ناوچە سنورییەکانی لەناو خاکى عێراق کە بتوانێت لە ڕێگەیەوە شوێنپێیەک لەو وڵاتەدا بۆ خۆی زامن بکات لەپاڵ ئێراندا و ببێت بەلایەنێکی سەرەکی و بەربەرەکانی بکات لەسەر هەژموون لەعێراقدا کە ڕووبەرێکی فراوانە بۆ دەستێوەردانی دەرەکی .  

  

بەگوێرەی سەرچاوە عێراقییەکان، هێڵی سنوریی ئەمنیی تورکیا بە  قوڵایی خاکی عێراق وەک خۆی بمێنێتەوە، پێشبینی ئەوەش دەکەن تورکیا پاشەکشە لەو ناوچانە نەکات کە لە ئەنجامی ئۆپراسیۆنی " چڕنووگی پڵنگ " پێی گەیشتبوو، چونکە حکومەتەکەی ئەردۆغان پێشینەی لەو جۆرە هەیە لەسوریا و تەنانەت لەعێراقیشدا.