گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

نەوەی نوێ‌: بۆ ئازادكردنی سەرۆكی جوڵانەوەكەمان هەموو فشارێكی مەدەنی لەبەردەمماندا كراوەیە

2019.05.25 - 18:13
App store icon Play store icon Play store icon
نەوەی نوێ‌: بۆ ئازادكردنی سەرۆكی جوڵانەوەكەمان هەموو فشارێكی مەدەنی لەبەردەمماندا كراوەیە

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس كورد- جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌ راگەیەندراوێكی لەبارەی دەستگیركردنی سەرۆكی جوڵانەوەكە و ژمارەیەك لە ئەندامەكانیان لە زیندانی ئاسایشی سلێمانی بڵاوكردەوە و بۆ ئازادكردنیان هەموو فشارێكی مەدەنی بەڕەوا دەبینێت كە بیگرنەبەر. . لەراگەیەندراوەكەی جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌ كە وێنەیەكی دەست (ناس كورد) كەوتووە ئاماژە بەوە كراوە، ماوەی 10 رۆژە شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌ لەلایەن ئاسایشی یەكێتیەوە لە سلێمانی بە"ناڕەوا" لە زیندانی تاكەكەسیدایەو بەهۆی مانگرتنیەوە لەخواردن باری تەندروستی ناجێگرە‌. ئەمە وێڕای ئەوەی ماوەی 30 رۆژە 11 خۆبەخشی تری جوڵانەوەكەیان بەبێ پارێزەر لەزیندانی تاكەكەسیدان. . جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌ لە راگەیەندراوەكەیدا، سەرەڕای ئەوەی سەلامەتی گیانی شاسوار عەبدولواحید و خۆبەخشە دەستبەسەركراوەكانی دەخاتە ئەستۆی ئاسایش و بەرپرسانی گروپێكی ناو یەكێتی. . هۆشداری ئەوەش دەدات "چیدی ئەو هێرشە ناڕەوایەی یەكێتی بۆ سەر‌ سەرۆك و خۆبەخشەكانمان و بەكارهێنانی دەزگا ئەمنی و یاساییەكان بۆ ململانێی و ئینتیقامی سیاسی قبوڵ ناكەین و هەموو رێكارە مەدەنیەكان دەگرینە بەر بۆ رێگرتن و شەرمەزاركردنی پیلان و گەمە ناشرینەكانیان لەزۆنی سلێمانیدا بەمەرامی كپكردنی دەنگە ناڕازیەكان و لاوازكردنی جوڵانەوەی نەوەی نوێ". . لەراگەیەندراوەكەدا جەخت لەسەر ئەوە كراوەتەوە، كاتژمێر 3ی پاشنیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە (28/5/2019) لەبەردەم ئۆفیسی سەرەكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە سلێمانی گردبونەوەیەكی جەماوەری فراوان رێكدەخەن و هەموو فشارە مەدەنیەكانی دیكەش لەبەردەم جوڵانەوەكەیاندا كراوە دەبێت لەپێناو ئازادكردنی سەرۆكی جوڵانەوەكەیان و تەواوی خۆبەخشەكانیان. . راگەیەندراوەكە دەرەنجام و هەر رووداوێكی نەخوازراویش دەخاتە‌ ئەستۆی یەكێتی و هێزە ئەمنیەكان و تۆمەتباریان دەكات بەوەی كە "هیچ ‌مانا و بەهایەكیان نەهێشتۆتەوە بۆ ئازادیی كاری سیاسی و رێزگرتن لەمافەكانی مرۆڤ و دامەزراوە یاساییەكان". . جوڵانەوەكە لەراگەیەندراوەكەیدا داوا لە ئازادیخوازان، یاساناس و مافپەروەران، داكۆكیكاران لە مافەكانی مرۆڤ، رێكخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەكان، پارتە سیاسیەكانی دەرەوەی دەسەڵات، رۆژنامەنووسان و كەسایەتیە دڵسۆزەكان دەكات، ‌لەبەرانبەر ئەو هێرشانەی سەر سەرۆكی هێزێكی گەورەی ئۆپۆزسیۆن و خۆبەخشەكانی بێدەنگ نەبن و بەشداری ئەو چالاكیە جەماوەرییە بن و هەڵوێستی خۆیان دەرببڕن. .