گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاری زیاتر

ئاماندا گۆرمان، ئەو کچە ڕەشپێستەى لە ئاهەنگى دەستبەکاربوونى بایدن سەرنجى هەمووانى ڕاکێشا

2021.01.21 - 22:19
App store icon Play store icon Play store icon
ئاماندا گۆرمان، ئەو کچە ڕەشپێستەى لە ئاهەنگى دەستبەکاربوونى بایدن سەرنجى هەمووانى ڕاکێشا

ناس کورد-

ڕۆژى چوارشەممە 20/1/2021 چاوى جیهان لە واشنتۆن بوو کە تێیدا جۆ بایدن، سەرۆکى نوێى ولایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا سوێندى یاسایى خوارد و بەفەرمى بوو بە 46ەمین سەرۆکى ئەو وڵاتە، بەڵام کەسێکى تر بە هێندەى بایدن سەرنجى هەمووانى بەلاى خۆیدا ڕاکێشا.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

کچێکى ئێسک سووک و دەم بەخەندە بە جلە زەردەکانى و قژى بەستراو و تاجێکى سورەوە هاتە سەر سەکۆ و دواى چەند وتەیەک دەستى کرد بە هۆنراوە خوێندنەوە، کە هۆنراوەکانیشى لە نوسینى خۆى بوون، بە وتەکانى و هۆنراوەکەى دڵى ئامادەبوانى لە بەردەم بارەگاى "کاپیتۆڵ" و پشتى شاشەکانەوە ڕاکێشا.

 

ئاماندا گۆرمان تەمەنى تەنها 22 ساڵە و لەسەر سەکۆ هۆنراوەیەکى بەناوى "The Hill We Climb" واتا "ئەو گردەى ئێمە پێیدا سەردەکەوین" خوێندەوە، کە مەبەستى لە گرد تەلارى کاپیتۆڵە کە پێش چەند ڕۆژێک و لە 2021/1/6دا لایەنگرانى ترامپ هێرشیان کردە سەرى، هۆنراوەکەشى هۆنراوەیەکى نیشتمانى بوو و تێیدا هانى یەکگرتوویى دەدا.

 

ئاماندا پێشتر زمانى دەیگرت لەکاتى قسەکردندا و کێشەى هەبوو، بەڵام توانى بەسەریدا زاڵ ببێت و لەو گرێ دەرونیە ڕزگارى ببێت و بە ڕەوانى قسە بکات، لە هۆنراوەکەشیدا خۆى بە "كچێکى ڕەشى باریک" پێناسە دەکات، کە لە بنەچەى کۆیلەکانە و دایکێکى تەنها پەروەردەى کردووە، بەڵام ئێستا دەتوانێت خەون بەوەوە ببینێت کە ببێت بە سەرۆک، هەروەها خۆى لەبەردەم سەرۆکدا دەبینێتەوە و هۆنراوە دەخوێنێتەوە.

 

ئاماندا كاتێک تەمەنى 16 ساڵ بووە یەکەم خەڵاتى تایبەت بە هۆنراوەى بردوەتەوە، دواى سێ ساڵیش توانى خەڵاتى باشترین شاعیرى گەنج لە ئەمریکا بباتەوە، لەو کاتەشدا خوێندکارى زانکۆى هارڤاردى بەناوبانگ بووە لە بەشى زانستى کۆمەڵایەتى.

 

بەپێى زانیاریەکانى دەزگا ڕاگەیاندنەکانى ئەمریکا، "جیل بایدن"ى هاوسەرى "جۆ بایدن" پێشنیارى "ئاماندا"ى کردوە بۆ ڕێکخەرانى ئاهەنگەکە بۆ ئەوەى ئامادە بێت، ئەوەش دواى ئەوەى پێشتر جیل لە یەکێک لە کۆڕى خوێندنەوەى هۆنراوەکانى ئاماندا ئامادە بووە، ڕێکخەرانى ئاهەنگى دەستبەکاربونى بایدنیش داوایان لێکردوە کە هۆنراوەیەکى تایبەت بە یەکگرتوویى ئەمریکا بنوسێت و بخوێنێتەوە، ئەوەش بە گونجاندن لەگەڵ وتارەکەى بایدندا.

 

لاى خۆیەوە ماڵپەڕى "ئیندیپێندێت"ى بەریتانى بڵاویکردوەتەوە، دواى بەشداریکردنى لە ئاهەنگى دەستبەکاربونى بایدن، کتێبەکانى ئاماندا لە پێگەى ئەمازۆن بوون بە پڕفرۆشراوترین کتێب و خۆشى لەتۆڕى کۆمەڵایەتى تویتەر نوسیویەتى، "کتێبەکانم پلەى یەکەم و دووەمیان گرتووە لە ئەمازۆن ئەوەش دواى یەک ڕۆژ، سوپاسى بێ پایان بۆ هەموان بۆ پشتگیریکرد لە خۆم و لە وشەکانم"

 

سەرەڕاى ئەوەش لە تۆڕى کۆمەڵایەتى تویتەر، دواى چەند کاتژمێرێک لە وتارەکەى فۆڵۆوەرانى ئاماندا سەدان هەزار زیادیان کردوە و لە 189 هەزار فۆڵۆوەرەوە گەیشتوەتە نیو ملیۆن، هەروەها تۆڕەکە Verify ئەکاونتەکەى کردوە، سەرەڕاى ئەوەش ئاماندا بووەتە جێى ستایشى کەسە دیار و سیاسی و هۆمەڵایەتى و هونەریەکانى ئەمریکا و لاى خۆیەوە هیلارى کلینتن لە تویتەر بڵاویکردوەتەوە، "هۆنراوەکەى ئاماندا گۆرمان نایاب نەبوو؟، بەڵێنى داوە 2036 خۆى بۆ پۆستى سەرۆکایەتى بپاڵێوێت، من لاى خۆمەوە ناتوانم چاوەڕوان بکەم".

 

ئاماندا زۆرترین جێى باس و خواس بووە لە تۆڕى کۆمەڵایەتى تویتەر و ستایشێکى زۆرى هۆنراوەکەى کراوە و باراک ئۆبا سەرۆکى پێشوترى ئەمریکا نوسیویەتى، لە ڕۆژێکدا کە مێژوو تۆمارى دەکات ئاماندا گۆرمان هۆنراوەیەکى خوێندەوە، گەنجى وەک ئەو بەڵگەیە لەسەر ئەوەى هەمیشە ڕوناکى بوونى هەیە، تەنها کاتێک ئەگەر ئەوەندە بوێر بین بیبینین و ببین بە کەسێکى وەک ئەو.

 

هەروەها لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان هاشتاگى BlackGirlMagic# لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوبوەتەوە کە تێیدا ستایشى ئەو ژنە ڕەشپێستانە دەکرێت لە ئاهەنگەکەدا بەشداربوون، وەک ئاماندا و میشێل ئۆباما و کامالا هاریس.