گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

باج و قه‌ده‌غه‌ى هاوردەکردن نه‌یتوانى پارێزگاری لە بەرهەمی ناوخۆیی بکات، تەنێک خەیار بە 90 هەزارە

2019.05.25 - 16:16
باج و قه‌ده‌غه‌ى هاوردەکردن نه‌یتوانى پارێزگاری لە بەرهەمی ناوخۆیی بکات، تەنێک خەیار بە 90 هەزارە
ناس كورد _ وریا حسین   به‌ووته‌ى جوتیاران "دانانى باج له‌سه‌ر هاورده‌كردنى به‌رهه‌مى بیانى، كاریگه‌رى گه‌وره‌ى نه‌كردووه‌ته‌ سه‌ر هاوسه‌نگى نرخى به‌رهه‌مى خۆماڵى له‌بازاڕدا، له‌ئێستادا كه‌ وه‌زرى پێگه‌شتنى خه‌یاره‌ كیلۆیه‌ك خه‌بار بۆ 80 دینار دابه‌زیووه‌". به‌گوێره‌ى خشته‌یه‌كى وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ و ئاودێرى هه‌رێمى كوردستان له‌ ڕۆژى 15ى ئایارى ئه‌مساڵه‌وه‌ بڕیارى قه‌ده‌غه‌ و دانانى باجى له‌سه‌ر چه‌ند به‌رهه‌مێكى كشتوكاڵى داناوه‌ له‌وانه‌ش (خه‌یار و ته‌ماته‌، گۆشت و مریشك، قۆخ و ترێ)، ئه‌وه‌ش له‌پێناو ساغكردنه‌وه‌ى به‌رهه‌مى خۆماڵى له‌بازاڕه‌كانى كوردستان.     شاڵاو جه‌مال به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى كشتوكاڵى سلێمانى بۆ ناس كورد ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌كرد له‌ 15ى ئه‌مانگه‌وه‌ به‌گوێره‌ى ئه‌و لیسته‌ى بۆمان نێردراوه‌ ئه‌و به‌ربومانه‌ قه‌ده‌غه‌كراوه‌ یان باجیان له‌سه‌ر دانراوه‌، ووتى "هه‌رشتێك قه‌ده‌غه‌ى بكه‌ى كاریگه‌رى خۆى ده‌بێت، به‌گوێره‌ى وه‌رزه‌كان به‌روبومه‌كان پێویستى ناوخۆ به‌روبومه‌كان قه‌ده‌غه‌ ده‌كرێن". ووتیشى "هه‌ندێك به‌رهه‌ممان له‌سه‌ر خواستى عێراق قه‌ده‌غه‌كردووه‌، بۆ نمونه‌ ترێ و خورما و هیڵكه‌ و مریشك". . به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى كشتوكاڵى سلێمانى نه‌یشارده‌وه‌ هاتنى به‌رهه‌مى خۆماڵى له‌خوار و ناوه‌ڕاستى عێراقه‌وه‌ زیانى به‌ به‌رهه‌مى خۆماڵى هه‌رێم گه‌یاندووه‌، ووتى "هه‌ستده‌كرێت عێراق سیاسه‌تى "نغرۆكردن" به‌رامبه‌ر بازاڕى كوردستان به‌كارده‌هێنێت" وه‌كو ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ى كه‌ به‌رهه‌مى جوتیارانى خوارو ناوڕاستى عێراق له‌ بازاڕه‌كانى هه‌رێم ساغ ده‌كاته‌وه‌. به‌گوێره‌ى دواهه‌مین نرخ كه‌ ناس كورد له‌ بازاڕى سه‌وزه‌ و میوه‌ى سلێمانى وه‌ریگرتووه‌ نرخى كیلۆیه‌ك خه‌یار بۆ (80) دینار دابه‌زیووه‌، به‌ڵام نرخى خورما به‌رزترین ئاستى تۆماركردووه‌ به‌هۆى مانگى ڕه‌مه‌زانى پیرۆز و قه‌ده‌غه‌كردنى هاورده‌ى له‌لایه‌ن عێراقه‌وه‌. . سامان فایه‌ق به‌ڕێوه‌به‌رى عه‌لوه‌ى سلێمانى له‌باره‌ى دۆخى بازاڕى خه‌یارى خۆماڵیه‌وه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ده‌كات، ئێستا له‌عه‌لوه‌كاندا ئه‌و به‌رهه‌مه‌ى هه‌رزان بوبێت خه‌یاره‌ به‌وپێیه‌ى ئه‌مساڵ به‌رهه‌مێكى زۆرى ناوخۆییمان هه‌یه‌ جوتیاران به‌زۆرى خه‌یاریان چاندووه‌ و خوار و ناوه‌ڕاستى عێراقیش به‌رهه‌مى زۆره‌، ووتى  "په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵ جوتیار و فه‌رمانگه‌ كشتوكاڵیه‌كانى خوارو ناوه‌ڕاستى عێراق هه‌یه‌، مه‌وسیمى ئه‌وان به‌ره‌و كۆتایى ده‌ڕوات ئه‌گه‌رى هه‌یه‌ نرخى خه‌یارى خۆمانه‌ نرخى زیاتر به‌رزبێته‌وه‌ تا سه‌ره‌تاى مانگى 8ى ئه‌مساڵ". به‌ڕێوه‌به‌رى عه‌لوه‌ى سلێمانى جه‌ختیشى له‌وه‌ كرده‌وه‌ ئه‌وه‌ى گران بوبێت خورمابووه‌ ئێستا ئه‌ویش هه‌رزان بووه‌، ووتیشى "جوتیاره‌كان گله‌یى به‌رده‌وام ده‌كه‌ن حكومه‌ت پاڵثشتیان ناكات، تائاستێك جاران كرێى ئه‌و باره‌ى بۆ عه‌لوه‌یان ده‌هێنا ده‌یدانه‌وه‌ به‌ڵام ئێستا ئه‌وه‌شیان ناداته‌وه‌". . شێخ جه‌مال كڕبچنه‌ یه‌كێكه‌ له‌و جوتیارانه‌ى ساڵانه‌ به‌رهه‌مێكى باشى كشتوكاڵى هه‌یه‌ و له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى كشتوكاڵه‌وه‌ وه‌كو جوتیارى نمونه‌یى ده‌ستینشانكراوه‌، ئه‌و بڕواى وایه‌ گه‌وره‌ترین كێشه‌ له‌به‌رده‌م كشتوكاڵى هه‌رێم ساغ نه‌بوونه‌وه‌ى به‌رهه‌مى جوتیارانه‌ له‌بازاڕى ناوخۆیى، ووتى "ئێستا مه‌وسیمى پێگه‌شتى به‌رهه‌مى خه‌یاره‌، ته‌نێك خه‌یار به‌ 90 هه‌زار دینار ده‌كڕیت". ئه‌و جوتیاره‌ نمونه‌ییه‌ جه‌ختیشى له‌وه‌كرده‌وه‌ پێویسته‌ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كار بۆ به‌بازاڕكردنى به‌رهه‌مى ناوخۆیى بكات، ووتیشى "كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ به‌رهه‌مى ناوخۆیى له‌پێدوایستى ناوخۆیى زیاتره‌ به‌ڵام ناتوانین بۆ ده‌ره‌وه‌ى وڵات هه‌نارده‌ى بكه‌ین، ته‌نانه‌ت كاتێك هه‌نارده‌ى خوار و ناوه‌ڕاستى عێراق ده‌كه‌ین بازگه‌كانى حه‌شدى شه‌عبى ناهێڵن به‌ئاسانى تێپه‌ڕبن".