ناس کورد-
وەزیرى پلاندانانى حکومەتى هەرێمى کوردستان دوو سیناریۆى ئاشکراکرد بۆ دابینکردنى موچەى فەرمانبەران و پڕکردنەوەى خەرجییەکان، رەتیشیکردەوە بڕیار لەسەر لێبڕینى 35% ى موچە درابێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
دارا رەشید لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنوسان (21ى کانوونى دووەمى 2021) کە "ناس کورد" بینیویەتى رایگەیاند، هەفتەى داهاتوو شاندى هەرێم دەچێتەوە بەغدا، بەمەبەستى هەوڵدان بۆ جێگیرکردنى رێککەوتنەکەیان لەگەڵ بەغدا و تیپەڕاندنى لە پەرلەمان.
وتیشى "ئێستا دوو سیناریۆمان لەبەردەستدایە، یەکەم ئەوەیە ئەگەر لەگەڵ بەغدا بگەنە رێککەوتن، هەرێم سێ سەرچاوەى داهاتى دەبێت وەکو پشکى هەرێم لەبەغدا، داهاتى نەوت و داهاتى نانەوتى".
وەزیرى پلاندانان باسى لەوەشکرد، ئەگەریش لەگەڵ بەغدا نەگەنە ڕێککەوتن، پشت بە داهاتى خۆیان دەبەستن و کاردەکەن بۆ زیادکردنى داهات و کەمکردنەوەى خەرجى.
رونیشیکردەوە، داهاتى نەوتى پێداچونەوەى بۆ دەکرێت و خەرجییەکان کەمدەکرێتەوە، دەروازە سنورییەکانیش رێکدەخرێنەوە بۆ زیادکردنى داهات.
لەبارەى بڕیاردان لەسەر لێبڕینى 35%ى موچە، دارا رەشید وتى "ئەوە راست نییە، ئەگەر نەگەیشتنینە رێککەوتن، زۆرترین داهات بۆ موچە دەبێت و بەهیچ شێوەیەک باسى ئەو رێژەیە نەکراوە".
ئەوەشى خستەڕوو کە بڕواناکات تەمویلى %79 ى موچە کەمتر بکرێتەوە، مەگەر قەیرانێکى گەورەى دارایی بێتە پێش.