ناس کورد-
هاوکات لەگەڵ کۆتایهاتنى ویلایەتى دۆناڵد ترەمپ لە سەرۆکایەتى ئەمەریکا، وڵاتى چین سزاى بەسەر ژمارەیەک بەرپرسى ئەمەریکى سەپاند کە یەکێکیان مایک پۆمپیۆى وەزیرى دەرەوەى ئەو وڵاتە بوو.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە راگەیەندراوێکى حکومەتى چیندا (20ى کانوونى دووەمى 2021) کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە ئاماژە بەوە کراوە کە لە ساڵانى رابردوودا چەند سیاسەتمەدارێکى دژ بە چین لە ئەمەریکا پیلانیان دژى پەکین داڕشتووە.
چین ئەو کەسایەتییانەى ئەمەریکاى بە خۆپەرست و پیشێلکارى سەروەرى وڵاتى چین ناوبردووە.
راگەیەندراوەکەى حکومەتى چین لە کاتێکدایە کە پێشنیوەڕۆى ڕۆژى (چوارشەممە، 20ى کانونى دووەمى 2021) بە کاتى واشنتۆنى پایتەختى ئەمەریکا ڕێوڕەسمى سوێندخواردنى جۆ بایدن سەرۆکى هەڵبژێردراوى ئەمەریکا بەڕێوەچوو و تێیدا سەرۆکانى پێشوو باراک ئۆباما، جۆرج دەبلیو بۆش و بیل کلینتۆن سەرۆکایەتى پێشوو ئامادەبوو.
هەرچەند دۆناڵد ترامپ سەرۆکى پێشوو ئامادە نەبوو، بەڵام مایک پێنسى جێگرى ئامادەبوو، لە مەراسیمەکەدا جۆ بایدن سوێندى یاسایى خوارد و بە فەرمى بووە 46هەمین سەرۆکى ولایەتە یەکگرتوەکانى ئەمەریکا و بەڵێنیدا کە بەرگرى لە دەستورى ئەمەریکا بکات.
بایدن لە مەراسیمەکەدا وتارێکى پێشکەش کرد و وتى، وەک نەتەوەیەک کۆبوینەوە و ڕێککەوتین لەسەر ئەوەى دەسەڵات بەشێوەیەکى ئاشتیانە دەستاو دەست پێبکەین، سوپاسى ئەو کەسانە دەکەم کە لە پێش من لێرە بوون.
وتیشى، بە ئومێدەوە دەڕوانینە ئایندە، چیرۆکى ئەمەریکا تەنها لەسەر شانى یەک کەس نییە و لەسەر شانى هەمومانە، ئێمە بۆ زیاتر لە 200 ساڵە هەوڵمانداوە لەچوارچێوەى ئاشتیدا بەرەوپێش بڕۆین، زۆر ڕێگەمان بڕیوە و زۆریشمان لەبەردەمدا ماوە، نابێت ڕێگە بدەین سپى پێست خۆى بەزیاتر بزانێت، پێویستە دیموکراسى و یەکێتى بوون و بەیەکەوە بوون هەبێت، هەموو ڕۆحم دەخەمە سەر زەوى بۆ ئەوەى ئەمەریکیەکان یەکبخەمەوە و داوا لە هەموان دەکەم لەگەڵمدا بن.
هەر لە مەراسیمەکەدا هەریەکە لە لەیدى گاگا و جێنیفێر لۆپێز گۆرانیبێژى دیارى ئەمەریکى بە چەند گۆرانییەک بەشدارى ڕێوڕەسمەکە بوون.