ناس کورد-
حزبێكی سیاسی لە عێراق ڕاگەیەنرا بەناوی "25 ئۆكتۆبەر" كە بووەتەهۆی توڕەكردنی هێزە سیاسییە ئیسلامییەكان چونكە لەسەر بنەمایەكی عەلمانی كاردەكات و ڕەخنە لە ئێران دەگرێت و داوای ئاسایی كردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل دەكات.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ڕۆژنامەی ئەلعەرەبی چاپی لەندەن ئەمڕۆ (20 كانونی دووەمی 2021) بڵاویكردەوە، راگەیاندنی ئەم حزبانە كە هاوكاتن لەگەڵ ئامادەكاریی هەڵبژاردنە گشتییەكەی عێراق خواستێكی گشتی دەردەخەن بۆ نوێكردنەوەی ژیانی سیاسی و تێپەڕاندنی ئەزموونی پاش 2003.
تەلال حەریرى، ئەمیندارى گشتیی حزبى "25 ئۆكتۆبەر" ڕایگەیاند، حزبەکەى بڕواى بە ڕوانگەى عەلمانى لیبراڵى هەیە و دروشمى یەکەمیان ئابورییە.
کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق (19ى کانونى دووەمى 2021) درێژکردنەوەى ماوەى تۆمارکردنى هاوپەیمانێتییەکانى بۆ هەڵبژاردنى پێشوەختە ڕایگەیاند، بە ئامانجى ئەوەى هەلى زیاتر بدرێتە پارتەکان بۆ تۆمارکردنى هاوپەیمانێتییەکانیان بۆ هەڵبژاردنى پێشوەختە.
پێشتر جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆن بە ئاژانسی فەرمی عێراقى ڕاگەیاند، ژمارەی ئەوهاوپەیمانێتیانەی کە تا 16ی ئەم مانگە تۆمارکراون گەیشتووەتە شەش هاوپەیمانێتی، هەروەها لە ساڵی 2018 دا 25 هاوپەیمانێتی پەسەندکراومان هەیە، کە تەنها دووهاوپەیمانی خواستی خۆیان دەربڕی بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو.
غەلای، ئاماژەی بەوەشکردووە "438 پارت داوای تۆمارکردنیان کردووە، لەناویاندا 45 لایەن کە خواستی خۆیان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمان دەربڕیوە، هەروەها 232 پارت تۆمارکراو و 67 حیزبیش کە لە قۆناغی دروستبووندایە".