ناس کورد-
وەزیری بەرگریی تورکیا لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم ڕایگەیاند، ئامانجیانە پێکەوە کۆتایی بە کێشەی پەکەکە بهێنین و لەگەڵ دراوسێکانیان لە ئاسایشدا بژین.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
دوێنێ خوڵوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا گەیشتە هەولێر و ئەمڕۆ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆبوویەوە، ئاژانسی ئەنادۆڵو لێدوانی ئاکاری گواستووەتەوە و دەڵێت، "هەموو خەباتەکەمان دژ بە ڕێکخراوی تیرۆریستییە، دەبێت هاریکاری نێوانمان زیاد بکەین و پێداگرانە دژ بە ڕێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە بوەستینەوە''.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد کە لە کۆبوونەوەی خوڵوسی ئاکار لەگەڵ مەسرور بارزانی، "جەخت لە گرنگیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال و دەرچوونی میلیشیا و هێزە چەکدارە نایاساییەکان کراوەتەوە."
ڕاگەیەنراوەکەى حکومەتی هەرێم دەشڵێت، "بارودۆخی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا تاووتوێ کرا. جەخت لە گرنگیی هەماهەنگيی و بەردەوامیی پەیوەندی دۆستانە لە نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا کرایەوە".
ئاماژە بەوە دراوە، "لە کۆبوونەوەکە جەخت لە گرنگیی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال و دەرچوونی میلیشیا و هێزە چەکدارە نایاساییەکان کرایەوە لەپێناو ئاساییکردنەوەی دۆخی دەڤەرەکە و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان".