گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریى

وردەکاریی لێکۆڵینەوە لە ئاگرەکەى گرتن و گواستنەوەى گەرمیان

2021.01.19 - 15:46
App store icon Play store icon Play store icon
وردەکاریی لێکۆڵینەوە لە ئاگرەکەى گرتن و گواستنەوەى گەرمیان

ناس کورد-

سەرچاوەیەکى پۆلیسى گەرمیان رایگەیاند، ئاگرەکەى گرتن و گواستنەوە لەلایەن راگیراوێکەوە کراوەتەوە و بەپێی یاسا مامەڵەى لەگەڵدا دەکرێت، لیژنەیەکى لێکۆڵینەوەش لەو بارەیەوە پێکهێنراوە.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ئێوارەی ڕۆژی (17ی کانونی دووەمی 2021) ئاگرێک لە زیندانى گرتن و گواستنەوەى گەرمیان کەوتەوە و هيچ زیانێکى گیانى لێنەکەوتەوە و تەنها زیانى ماددى بە زیندانەکە گەیاند.

 

سەرچاوەیەک لە پۆلیسی گەرمیان کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت (19ی کانونی دووەمی 2021) بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، لەسەر ڕووداوەکە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکهێنراوەو تا ئیستاش بەردەوام لە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەدان لەبارەى هۆکاری ئاگرەکە.

 

سەبارەت بەوەی دەوترا بە هۆی مامەڵەی جیاواز لەگەڵ ڕاگیراوەکان، نیگەرانی دروستبووەو ئاگرەکە کراوەتەوە، سەرچاوەکە وتی "هەشت هۆڵ لە ناو گرتن و گواستنەوە هەیەو سەرجەمیان ڕاگیراوانی تێدا دابەشکراوە، بەڵام ژمارەیەک لە زیندانییەکان نیگەران بوون لەوەی وەکو پێویست ڕێگەیان پێنادرێت بە تەلەفون قسە لەگەڵ کەس و کاریان بکەن بۆ ئەوەش بەدواداچوون دەکەین".

 

رونیشیکردەوە "ئاگرەکە لەلایەن ڕاگیراوێکەوە کراوەتەوە بەهۆی ئەوەی کەیسەکەی یەکلایی نەکراوەتەوە، بۆ هەردوو حاڵەتەکەش لیژنەکە بەدواداچوون دەکەین و هەر کەمو کورتییەک هەبێت چارەسەر دەکرێت".

 

سەبارەت بەوەی دەوترێت لەلایەن بەرپرسانی گرتوخانەکە مامەڵەی جیاواز لەگەڵ ڕاگیراوان کراوەو کەسێکی نزیک لە بەرپرسێک تایبەتمەندی زۆری پێدراوە، ئەو سەرچاوەیە وتی "هیچ جیاوازییەک نەکراوەو بۆ ئەوەش لێکۆڵینەوە دەکەین هەر کیشەیەک هەبێت چارەسەری دەکەین و کەسی تۆمەتباریش بە هەوڵدان بۆ سوتاندنی گرتن و گواستنەوە بەپێی یاسای مامەڵەی لەگەڵ دەکەین".