گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دوایین فەتوا لەبارەی دانانی مەرجی یەك ژنی لە گرێبەستی هاوسەرگیری 

2021.01.19 - 15:06
App store icon Play store icon Play store icon
دوایین فەتوا لەبارەی دانانی مەرجی یەك ژنی لە گرێبەستی هاوسەرگیری 

ناس کورد-

 

خانەی فەتوای میسری بڵاویكردەوە دانانی ئەو مەرجانەی بەرژەوەندی ژن و مێردی تیایە لە گرێبەستی هاوسەرگیری دروست و پابەندكەرە، ئەمەش لەگەڵ بنەماكانی شەریعەت دەگونجێت بەپێچەوانەی مەرجی قەدەغەكردنی جیابوونەوە بۆ ماوەیەكی دیاریكراو.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەپێی راگەیەنراوێك كە خانەی فەتوای میسری ئەمڕۆ (19 كانونی دووەمی 2021) بڵاویكردوەتەوە لەبارەی پوختەی ڕای خانەكە لەبارەی "هاوسەرگیری ئەزمونی"،  و "ناس كورد" خوێندنەوەی بۆ كردووە، جەخت لەوە كراوەتەوە، بەمەرج گرتنی قەدەغەكردنی جیابوونەوە (تەڵاق) بۆ ماوەیەكی دیاریكراو لەپاش هاوسەرگیری (3_5 ساڵ) مەرجێكی بەتاڵ و لەباربردنی مافێكی ڕەسەنی مێردە كە شەریعەت پێی بەخشیوە، هەر مەرجێكی وەهاش بخرێتە گرێبەستەوە بەتاڵە بەڵام گرێبەستە خۆی دروست و بەركار دەبێت.

 

لە خاڵێكیتری ڕوونكردنەوەكەدا هاتووە، ئەو مەرجانەی بەرژەوەندی هەردوولای تێدایە و شەریعەت بێدەنگی لێكردووە و دژی گرێبەستەكە نییە دروست و پابەندكەرە لەسەر ڕای زانایان و ئەمەش لەدەقەكانەوە نزیكترە، لەچەشنی دەرنەكردن لەماڵێكی دیاریكراو، نەگواستنەوەی لە شارەكەی، ژن نەهێنانەوە بەسەریدا بەبێ ئاگاداری خۆی.

 

خانەی فەتوا ئاماژەی بە كۆمەڵێك فەرموودە كردووە، لەبارەی پابەندی موسوڵمان بەمەرج و گرێبەستەكان و رەتكردنەوەی ئەو جۆرە هاوسەرگیرییەشی راگەیاندووە كە ئێستا لە میسر بانگەشەی بۆ دەكرێت بەناوی "هاوسەرگیری ئەزمونی".

 

دامەزراوەی ئەزهەر لە میسر  (18 كانونی دووەمی 2021) ڕوونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە لەبارەی دیاردەی "هاوسەرگیری ئەزمونی" كە دیاریكردنی پێنج ساڵ لەخۆدەگرێت لانیكەم بۆ مانەوەی ژن و مێرد پێكەوە.  

  

ئەزهەر كە باڵاترین ناوەندی ئاینی میسرە لەبەیاننامەیەكدا كە سەنتەری جیهانی فەتوای سەر بەدامەزراوەكە بڵاویكردووەتەوە و "ناس كورد" بەدواداچوونی بۆ كردووە جەخت لەوە دەكاتەوە گرێبەستی هاوسەرگیری "پابەندییەكی قورسە و ناكرێت یاری پێ بكرێت".   

  

هەروەها دەڵێت، بەمەرجگرتنی 3_5 ساڵی سەرەتا بۆ جیا نەبوونەوەی ژن و مێرد "بەندێكی فاسدە و ئیشی پێ ناكرێت"، بەهەمانشێوەش دیاریكردنی ماوەیەكیش بۆ كۆتاییهاتنی هاوسەرگیری هەر رێگەپێدراو نییەو بەتاڵ و حەرامە.  

  

بەیاننامەی ئەزهەر جەخت لەوەش دەكاتەوە "هاوسەرگیری ئەزمونی" پێچەوانەی بنەماكانی ئیسلامە، هەروەها "لەگەڵ ئەحكام و مەبەستەكانی ئیسلامدا دژ دەوەستێتەوە، ئیهانەی تێدایە بۆ كەرامەتی ژن و هۆكارێكیشە بۆ تێكدانی بەهاكان".  

  

بەمدواییانە جۆرێك لە هاوسەرگیری لە وڵاتی میسر سەریهەڵداوە كە لە گرێبەستەكەدا ماوەی 3_5 ساڵ دیاری دەكرێت بۆ مانەوەی ژن و مێرد پێكەوە بۆ ئەوەی دواتر بڕیار بدەن بەردەوام دەبن یان نا، بەڵام ئەزهەر كە گەورەترین دامەزراوەی ئاینیی و شەرعی ئەو وڵاتەیە جەخت لەوە دەكاتەوە بۆ هیچ ماوەیەك نابێت نە تەڵاقی پیاو نە حاشای ژن نە بڕیاری دادوەر، بخرێتە ناو هیچ گرێبەستێكەوە و ناكرێت ئاماژە بەو شتانە بكرێت.