گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بۆچی پارەکەى بردووە بۆ هەولێر؟

لە ئێران و ئەوروپاوە بۆ عەلاگە پارەکە تەلەفۆن بۆ مام عەلى دەکرێت

2021.01.18 - 21:02
App store icon Play store icon Play store icon
لە ئێران و ئەوروپاوە بۆ عەلاگە پارەکە تەلەفۆن بۆ مام عەلى دەکرێت

ناس کورد-
زەنگى تەلەفۆنەکەى عەلى فەتاح بەردەوام لێدەدات و ئەویش خێرا خێرا وەڵام دەداتەوە، هەندێکجار دەبێتە دەنگە دەنگى لەگەڵ ئەوانەى پەیوەندى دەکەن هەندێکجاریش پێکەنین، ئەمە ژیانى ئێستاى مام عەلییە لە سلێمانى کە بەدواى خاوەنى عەلاگەیەک پڕ لە پارەدا دەگەڕێت کە لەشەقامێکى گشتى دۆزیویەتەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ماوەى زیاتر لە هەفتەیەکە دۆزینەوەى ئەو پارەیە مام عەلى خستووەتە دۆخێکى نائاساییەوە و ئەرکى سەرەکى بووەتە وەڵامدانەوەى پەیوەندى ئەو کەسانەى خۆیان بە خاوەنى دەزانن.

 

مام عەلى کە پیشەى کرێکارە و دانیشتوى گەڕەکى کارێزە وشکى شاری سلێمانییە، بەرەبەیانێکى زوو لەکاتێکدا بەڕێوەبوو بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمى بەخاک سپاردنى کەسێکى نزیکى، لەسەر شەقامێکى گشتى عەلاگەیەکى بینى، سەرەتا وایزانى خۆڵ و خاشاکە و ویستى فڕێی بدات، بەڵام کاتێک دەستى لێدا بۆیدەرکەوت پڕە لە پارەى بیانى.

 

سەرەتا مام عەلى گومانى کردووە پارەکە ساختەبێت، بۆیە پارەکەى بردووەتە هەولێر و لەوێ پشکنینى بۆ کردووە و دەرکەوتووە کە ساختە نییە، بۆیە لاى کەسێکى متمانەپێکراوى خۆى دایناوە و ئێستا خەمى سەرەکى پێدانەوەى پارەکەیە بە خاوەنى راستەقینەى.

 

مام عەلى تا ئێستا بڕە پارەکەى ئاشکرانەکردووە، تەنها دەڵێت بڕێکى زۆرە و پارەى بیانى جۆراوجۆرە و هەرکەسێک بەتەواوى ناونیشانەکەى پێ بدات پێی دەداتەوە.

 

مام عەلى لە لێدوانێکیدا بۆ "ناس کورد" وردەکاریی ئەو پەیوەندییە زۆرانەى ئاشکراکرد کە بۆی کراون و سەرجەمیان خۆیان بە خاوەنى پارەکە زانیوە، بەڵام هیچیان ناونیشانى تەواوەتیان پێنەداوە تا پێیان بداتەوە.

 

لەو رۆژەوە کە پارەکەى دۆزیوەتەوە تا ئێستا 182 پەیوەندى تەلەفۆنى لەناوخۆى هەرێم، ئێران و ناوچە جیاجیاکانى عێراقەوە بۆ مام عەلى کراوە، بەڵام وەک خۆى دەڵێت هیچیان خاوەنى راستەقینەى نین.

 

 

 

وتیشى، "ئەوانەى تەلەفۆنیان کردووە هیچیان نزیکنەبوونەوە لە دیاریکردنى نیشانە راستەقینەکان، هەر کەسێک بەتەواوى ناونیشانەکەیم پێبڵێت پێی دەدەمەوە".

 

لەناو ئەو پەیوەندییە زۆرانە کە بۆیکراوە، یەکێکیان لە هەولێرەوە بووە و هەڕەشەى لێکردووە، ئەویش دەزگا ئەمنییەکانى ئاگادارکردووەتەوە.

 

"نیوەڕۆ بوو کەسێک تەلەفۆنى کرد وتى ئەو پارەیە هى منە، 16 دەفتەرە و هەمووى دۆلارە، منیش وتم وتم وا نییە، ئەویش وتى هى منە و لەبەریتانیا گەڕاومەتەوە و لێم کەوتووە، وتى ئێستا دێم بۆ کارێزە وشک، منیش وتم وەرە".

 

عەلى ژمارەى تەلەفۆنى هەڕەشەکەرەکەى رادەستى ئاسایش کردووە، بەوتەى خۆى دواى ئەوەى ئاسایش قسەیان لەگەڵ کردووە وتویەتى کە کەسێکى تر بووە بەو ژمارە پەیوەندى کردووە و ئەو هەڕەشەى نەکردووە.

 

"من پێمخۆشە ئێستا کەسێک بێت پارەکەى بدەمەوە و بچمەوە ماڵەوە ئیسراحەت بکەم، پارەکەم لەسنورى هەولێر لە لای کەسێکى متمانە پێکراو داناوە، پێم وتووە تا ساڵێک لاى تۆ بێت ئەگەر خاوەنەکەى نەدۆزرایەوە".

 

ئەوانەى تەلەفۆنیان بۆ مام عەلى کردووە لە ئێران و ئەوروپا و ناوچەکانى دیکەى عێراقەوە بووە، جگە لە هەرێمى کوردستان، بەڵام وەک خۆى دەڵێت هیچیان خاوەنى پارەکە نین.

 

لەناو سەرجەم ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنیانەدا کە بۆیکراوە، دووانیان سەیرترین بوون بەلاى مام عەلییەوە، کە یەکێکیان وتویەتى پارەکە هیچ سلێمان هەڵشۆییە، ئەو پیاوەى زیاتر لە مانگێکە لە دەڤەرى پشدەر خراوەتە زیندانەوە لەسەر بردنى پارەیەکى زۆرى خەڵک.

 

"یەکێک لە رانییەوە تەلەفۆنى کرد و ئیحتیمالە هی سلێمان هەڵشۆیی بێت و لەوێ فڕێدرابێت، منیش وتم بڕۆن سلێمان بدۆزنەوە و بابێت بڕەکەى بڵێت کە فڕێم داوە، یەکێکیان وتى من شەو هاتونەتە سەرم لە هەولێر رامکردووە و پارەکەم لەسنورى هەولێر فڕێداوە، منیش وتم تۆ باسى چی دەکەى کاکە من لە سلێمانى دۆزیومەتەوە"، مام عەلى بە پێکەنینەوە وایوت.