گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی لەزارى قوربانییەکانەوە

چیرۆکەکانى ’’گێچەڵی سێکسی’’ لە زانکۆکان

2021.01.18 - 20:06
App store icon Play store icon Play store icon
چیرۆکەکانى ’’گێچەڵی سێکسی’’ لە زانکۆکان

ناس کورد-

 

راپۆرتێکى رۆژنامەوانى پەردە لەسەر کەیسەکانى "گێچەڵی سێکسی" لە زانکۆکان هەڵدەماڵێت و بەشێک لە کچانى قوربانیش چیرۆکەکانیان لەو بارەیەوە ئاشکرادەکەن.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

رۆژنامەى "نەوژین" کە رۆژنامەیەکى تایبەت بە ژنانە و لە گەرمیان دەردەچێت لە راپۆرتێکدا کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە ئاماژەى بەوەکردووە، لە بەر نەزڕاندنی ناوی زانکۆ کەیسەکانی گێچەڵی سێکسی پەردەپۆش دەکرێن.

 

توندوتیژی سێکسی خۆی دەبینێتەوە لە دەستدرێژی و گێچەڵ و هەراسانی سێكسی. شیرین ناوی خوازراوی کچێکی قوربانی ئەم جۆرە توندوتیژیەیە دانیشتوی قەزای کەلارەو کاتێک فێرخوازی زانکۆ بووە لە زانکۆی گەرمیان وتی "کاتێک کە رۆشتمە زانکۆ خەونم ئەوەبوو لە ریزبەندی یەکەمەکانی بەشەکەم بم،  درێژە بە خوێندنی ئاستی بەرزبدەم، بەڵام لەلایەن هەندێ لە مامۆستاکانمەوە گێچەڵی سێکسیم پێکرا، بەوەش هەمو شتێک بۆمن گۆڕا".

 

شیرین نایەوێت ئەو رۆژانەی بیربێتەوە دەڵێت "هەوڵدەدەم هیچ شتێکی ئەو رۆژانەم بیرنەمێنیت تەنانەت مامۆستاکانم لە رێگەی پەیوەندی تەلەفۆنی و تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانەوە گێچەڵیان پێدەگرتم توشی شۆک بوبوم، دوای ئەو روداوانە باردۆخم زۆرخراپ بو دەستم بەوەرگرتنی چارەسەری دەرونی کرد، تەمەنا دەکەم باجی هەمو ئەو کردەوانە وەربگرنەوە".

 

مامۆستایەکی زانکۆ ئەوە پشت راست دەکاتەوە کە لە نێو زانکۆی گەرمیان گێچەڵ پێکردن بە فێرخوازان بونی هەیە.

 

عەلی کەریم، مامۆستا لە زانکۆی گەرمیان، بۆ نەوژین وتی "گێچەڵ کردن بە کچان لە ناو زانکۆی گەرمیان لەلایەن مامۆستایانەوە بونی هەیە بە جۆرێک خودی خۆم چەندین نمونەم لایە کە پەنایان بۆ هێناوم".

 

وتیشی "ئەم بابەتەم بەبەش و راگری زانکۆش گەیاندوە، تەنانەت یەکێک لەو کچانەی کە گێچەڵی پێکراوە دەیوت دێمە بەردەم راگر و دەی سەلمێنم کە گێچەڵم پێکراوە، بەڵام هیچ نەکراوە بە پاساوی ئەوەی کە ناوی زانکۆ دەزڕێت".

 

لەیلا ئەحمەد، چالاکوانی بواری ژنان پێیوایە، نەبونی هۆشیاری لە بارەی یاساکان و تۆمارنەکردنی سکاڵا بە بیانوی جۆراوجۆر وای کردوە تاوانباران سزا نەدرین و حاڵەتەکان رولە هەڵکشان بکەن.

 

”بۆ ناوەندەکانی زانکۆ، بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەر مامۆستایەک گێچەڵی سێکسی بە فێرخوازەکەی بکات سزادەدرێت، بە جۆرێک لە سزای ئاگادارکردنەوە و سەرنج راکێشانەوە دەست پێدەکات تاوەکو سزای فەسڵ کردن.

 

عەلى کەریم دەڵێت سزای قورس نیە، ئەگەر هەبوایەوە بەو شێوەیە نەدەبوو ئەوەی هەیە تەنها گواستنەوەی مامۆستایانە ئەویش بە تەنسیب.

 

لە بەرامبەردا فەرهاد قادر، سەرۆکی زانکۆی گەرمیان سەبارەت بە گێچەڵی سێکسی بە فێرخوازان لە نێو زانکۆی گەرمیان ئامادە نەبو لە بارەی ئەم پرسەوە لێدوان بدات وتی "بۆ ماوەی چەند مانگێکە دەست بەکار بوم لە ماوەکانی رابردو دوربوم لە زانکۆ و ئاگاداری ئەم بابەتە نیم".

 

هەندێک لە کچان روبەڕوی ئەو کەسانە دەبنەوە کە گێچەڵیان پێدەکەن و بەر بەو توندوتیژیە دەگرن کە بەرامبەریان دەکرێت، یەکێک لەو نمونانە سروەیە.

 

سروە، ناوی خوازراوی کچێکە کە لە نێو زانکۆی گەرمیان خوێندنی تەواو کردوە، وەک خۆی باسی دەکات لە لایەن یەکێک لە مامۆستاکانیەوە گێچەڵی سێکسی پێکراوە، بۆ(نەوژین) وتی "لە لایەن مامۆستایەکمەوە گێچەڵی سێکسیم پێکرا بە جۆرێک بە ناوی راپۆرت و وانەکانمەوە بانگی دەکردم بۆ بەش، بێ ئاگا بوم بە مەبەست بانگم دەکات و دەیەوێ لێم نزیک بێتەوە".

 

وتیشی "بەتێپەڕبونی کات و رەفتارەکانی بەرامبەرم تێگەشتم لەوەی کە گێچەڵم پێدەکات، بەڵام من خۆمم دورخستەوە و بێدەنگ بوم، بەوەشەوە نەوەستا لە رێگەی پەیوەندی تەلەفۆنیەوە بێزاری دەکردم، منیش پێم وت کە چیتر پەیوەندی بە منەوە نەکات ئەگەر نا بە خێزانەکەم دەڵێم دوای ئەوە وازی هێنا".

 

توێژەرێکی کۆمەڵایەتی جەخت لەوە دەکاتەوە گێچەڵ پێکردن بە کچان لە ناوکایەکانی پەروەردە کاریگەری دەرونی قورسیان لەسەر بەجێدەهێڵێت.

 

هێرۆ حەسەن، توێژەری کۆمەڵایەتی وتی "ئەم جۆرە توندوتیژیە کە بەرامبەر بە ئافرەت دەکرێت کاریگەری دەرونی قورس لەسەر دەرونی قوربانیەکە جێدەهێڵێت، بە جۆرێک دەبێتە هۆی ترس و باوەڕبەخۆنەبون و شەرم و دڵەڕاوکێ و گرێی دەرونی، وە هەندێک جار قوربانیەکە وای لێدێت توشی نەخۆشی دەرونی دەبێت و پێویستی بە چارەسەری پزیشکی دەبێت".